تشرینی دووەم 30, 2021

سەید ئەحمەد رەواندزی، موزیك بۆ دوو هونەرمەند دادەنێت

سەید ئەحمەد رەواندزی، هونەرمەندی ناوداری كوردستان و شاری هەولێر كاری ئاواز و موزیكی بۆ هونەرمەندان عارەب عوسمان و رزگار رەنجەرۆ كردووە و لەداهاتوویەكی نزیكدا تۆمار دەكرێن، هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی نەبوونی بوودجەی حكوومەتەوە كارە هونەرییەكان تاڕادەیەك سڕكراون.

سەید ئەحمەد رەواندزی، هونەرمەندی ناوداری كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ "هەولێر" رایگەیاند، ئاواز و موزیكی بۆ بەرهەمێكی نوێی هونەرمەند "عارەب عوسمان" ئامادەكردووە كە بڕیارە لە شاری تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران كاری بۆ بكەن، بەرهەمی دووەمیشی دانانی موزیكە بۆ هونەرمەند رزگار رەنجەرۆ كە لە كوردستان كاری بۆ دەكرێت.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاری زۆربەی سێكتەرەكان لە كوردستان وەستێنران ئەوەش بۆ دروست نەبوونی قەرەباڵغی، هەر بۆیەشە تائێستا لەكوردستان رێگە بەئەنجامدانی كۆنسێرت نادرێت.
هونەرمەند سەید ئەحمەد، ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر دۆخی كۆرۆنا كۆتایی پێبێت و بتوانن وەك جاران كارە هونەرییەكانیان بكەن ئیدی لەستۆدیۆ یان دەرەوە بێت بەتایبەتیش سازكردنی كۆنسێرت كارێكی باشە، چونكە ئێستا كۆنسێرت وەستاوە، بەڵام ئیتر گرنگە كۆنسێرتیش بەڕێنماییە تەندروستییەكان دەست پێبكەنەوە.
ناوبراو روونیكردەوە، بۆ كۆنسێرتەكان دەتوانن وەك قۆناغی سەرەتا لە جیاتی 600 كەس 300 كەس لەهۆڵەكان دانیشن كە گوێگری موزیك و گۆرانی بن، چونكە لەزۆربەی سێكتەرەكان ژیان ئاسایی بۆتەوە بۆ نموونە لە یاریگاكان یاریی دەستی پێكردۆتەوە.
ساڵانێكی زۆرە بەهۆی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتییەكانی بۆ كاری هونەریی راگرتووە، سەید ئەحمەد كە بەڕێوەبەری هونەری موزیكیشە لەشاری هەولێر جەختیكردەوە نەبوونی بوودجە و قەیرانی دارایی كاریگەری زۆری لەسەر كارەكانیان دروستكردون بۆ نمونە ئەگەر پڕۆژە هەبێت بوودجەی بۆ سەرف بكرێت بۆ شاكارێكی جوان ئەوا كارێكی باشە.
رەواندزی، گوتی: "بودجەكەی جاران زۆر زەحمەتە دەست پێبكاتەوە، چونكە تائێستا حكومەت بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكان دەرگایان نەكردۆتەوە، هەر بۆ خۆمان تائێستا سێ تا چوار كەشفمان بە وەزارەتی رۆشنبیری داوە و وەڵاممان نەدراوەتەوە، بۆیە تاڕادەیەك كارەكانمان سڕكراون".
سەبارەت بەوەی ئێستا گۆرانیبێژەكان توانای داراییان چۆنە بۆ كاری هونەریی، ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەكرد "هەر بۆ نموونە ئەو ئیشانەی بۆ ئەو دوو هونەرمەندەم كردووە خۆبەخشییە، هونەرمەندانی گۆرانیبێژیش كارێكی زەحمەتە لەگیرفانی خۆیان كاری هونەریی بكەن، مەگەر هونەرمەندێك خۆی دارایی باش بێت، ئەوانەی دەرەوەی وڵات رەنگە بتوانن بە ئیشی خۆیان كاری هونەریی بكەن، بەڵام بۆ كوردستان زەحمەتە، لەوڵاتانی دەرەوە حكوومەت پارە بە هونەرمەندان نادات، بەڵكو هونەرمەندان خۆیان كاری هونەریی دەكەن و لە بەرامبەریشدا داهاتیان بۆ دێتەوە".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

© 2017 Hawler