تشرینی دووەم 30, 2021

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی درێژمەودای بەرنامە جیهانییەکەی خۆراکە

کورین فلایشر، بەڕێوەبەری هەرێمیی بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، لە سەردانی ئەمجارەی بۆ شاری هەولێر دیمانەیەکی لەگەڵ ڕۆژنامەی هەولێردا کردووە؛ لە بەشێکی دیمانەکەدا دەڵێت: هەرێمی کوردستان ئەو شوێنەیە کە میوانداری زۆربەی ئاوارە ناوخۆییەکانی کردووە، سەرباری پەنابەرە سوورییەکانیش، بەرنامە جیهانییەکەی خۆراکیش، بەشێکی بەرچاوی هاوکارییەکانی عێراق لەوێ تەرخان کردوە و جێبەجێی دەکات.

هەولێر: چۆن پێناسەی بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک دەکەیت؟
کورین فلایشر: بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک نەتەوە یەکگرتووەکان، براوەی خەڵاتی ٢٠٢٠ـی نۆبڵی ئاشتیە. ئێمە گەورەترین رێکخراوی مرۆیی جیهانین، ژیان رزگار دەکەین لە دۆخی نەخوازراو و یارمەتییە خۆراکییەکان بەکار دەهێنین بۆ بنیاتنانی ڕێگایەک بۆ ئاشتی، ئارامی و بەختەوەری و بووژانەوەی خەڵکی لە پاش ململانێ، قەیرانەکان و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا.
لە 1968ـەوە بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک لە عێراقدا کار دەکات، لە رێگەی زنجیرە پرۆگرامێکی بەردەوامی مرۆیی و گەشەپێدەرەوە. لە 2020دا، دەبلیو ئێف پی، 898000 کەسی هاوکاری کردووە لە عێراق. (دەبلیۆ ئێف پی) لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا کار دەکات بۆ بنیاتنانی توانای بەرگەگرتن و نەچەمانەوەی خەڵکی و ئاسایشی خۆراکی لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خۆراک بۆ خەڵکی هەژار، شارەزایی و لێهاتوویی بۆ بنیاتنانی داهاتوو و هەروەها باشترکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی.

هەولێر: هەماهەنگیتان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا چۆنە؟
کورین فلایشر: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی درێژمەودای بەرنامە جیهانییەکەی خۆراکیە، لەوانە لە ڕێگەی ئۆفیسی هاوبەشی هەماهەنگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان (JCC)، کە یارمەتی ڕێکخستنی چوونە کامپەکانی دا، بۆ گەشتن بە خێزانە ئاوارە و پەنابەرەکان. ئێستاش لەگەڵ فراوانکردنی کارەکانمان لە پاراستنی کۆمەڵایەتیدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هاوبەشێتی بەهێز و ئێمە چاوەڕوانی باشترکردنی هاوکارییەکانمان دەکەین بۆ زیادکردنی تواناکانیان، بۆ پێشکەشکردنی باشترین پاڵپشتی بۆ خێزانە زۆر هەژارەکانی ئاوارە و پەنابەران.
بە شێوەیەکی رێکوپێک، بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک ڕاهێنان و هەروەها پاڵپشتیی پێشکەش بە ستاف و نوێنەرەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ نموونە بە هەڵسەنگاندن و راپرسی، بۆ ئەوەی کە داتا کۆکراوەکان خاوەن جۆرایەتییەکی بەهێز و پوخت بن، لەسەر بنەمای ئابووریی کۆمەڵایەتی و هەروەها بارودۆخی ئاسایشی خۆراکیی خێزانەکان. لەم رێگەیەشەوە حکوومەت و هاوبەشەکان دەتوانن، بڕیارەکان لەسەر بنەمای بەڵگەییبوون بدەن بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەرانە بە مەبەستی خزمەتی باشتری پێداویستییەکان لەسەر ئاستی خێزاندا.

هەولێر: ئایا هیچ ئامارێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەستدا هەیە دەربارەی برسێتی سەخت و دژوار؟
کورین فلایشر: زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاستێکی بەرزی ناسەقامگیری خۆراکییان هەبوو تەنانەت لە پێش پەتای کورۆناش. شۆک و ڕاتەکانە ئابوورییەکانی پەیوەست بە ڕێکارەکانی داخستنە هەرێمایەتی و جیهانییەکان و هەروەها بەهۆی ململانێکان لە هەندی ناوچەدا، ناسەقامگیرییەکی خۆراکیی زیاتری دروست کرد. واش چاوەڕوان دەکرێت کە بارودۆخی ئاسایشی خۆراکی هەرێمایەتی بە ناسەقامگیری بمێنێتەوە لە ماوەی چاوەڕوانکراو لە داهاتوودا. تەنانەت لە پێش زنجیرە شۆک و ڕاتەکانەکانی 2020شەوە، ناوچەکە ئاستێکی بەرزی ناسەقامگیری خۆراکیی ئەزموون کرد و پێیدا تێپەڕی. ئاراستەکە بە تایبەتی لە یەمەن و سووریا تیژتر و قورستر بوو، کانێک کە ململانێکان بزوێنەر و هۆکاری سەرەکیی بوون لە کەمیی خۆراکدا بۆ ماوەی چەندین ساڵ. ملیۆنەها لە خەڵکانی ئاوارەی ناوچە جێناکۆکەکانیش، بوونە هۆی ئاڵۆزکردنی ئاسایشی خۆراکی دەوڵەتەکانی تریش لە ناوچەکەدا.
هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەش بەتایبەتی خۆراک ناسەقامگیربوون، بە هۆی ململانێکان یان ناجێگیری ئابوورییەوە. لە لوبنان قەیرانێکی گەورەی ئابووری سەری هەڵدا لە کۆتایی 2019دا. ئابووری لوبنان لەو کاتەوە بەردەوام لە لاوازبوون و تێکشکاندایە. لە یەمەن ئەو ململانێیەیکە لە ساڵی 2015 دەستی پێکرد، ئابوورییەکەی لەناو برد و نرخی خۆراک زۆر بەرز بوویەوە، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە یەمەن وەرگری، فراوانترین وەڵامدانەوەی لەناکاوی هاوکارییە مرۆییەکانی بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک بێت لەسەر ئاستی جیهان. تەنانەت لە پێش پەتاکەشەوە نزیکەی 20ملیۆن کەس خۆراک ناسەقامگیر بوون، بە هۆی بەرزیی نرخی خۆراک و دابەزینی بەهای ڕیاڵی یەمەنییەوە.
هەروەها سووریاش ململانێیەکی بەخۆوە بینی کە ئاسایشیی خۆراکیی داڕزاند. لە پێش 2011 بە شێوەیەکی گشتی ئاسایشیی خۆراکی لە ئاستێکی بەرزدا بوو هەروەها کشتوکاڵ بەشێکی سەرەکیی ئابووری پێک دەهێنا. لە نێوان 2010 هەروەها 2014، ئاستەکانی ئاسایشی خۆراکی بە رێژەی لە 34% دابەزی و بەردەوام بوو لە دابەزین ( بەڵام بەو ڕادە زۆرە نا) لە نێوان ساڵەکانی 2014 و 2018. زۆر گرنگ و ژیانییە کە بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک هاوکارییە خۆراکییەکانی بەردەوام بێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقادا بۆ زیاتر لە24 ملیۆن کەس، لە کاتێکدا کە پەتاکە خەڵکانی زیاتر ڕاپێچی هەژاری دەکات. زۆر لە سوودمەندانی هاوکارییە خۆراکییەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی پشت بەو هاوکارییانە دەبەستن بۆ بەردەوامبوون لە ژیان و ڕزگاربوونیان لە مردن.
زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو 24 ملیۆن کەسەی کە هاوکارییەکان وەردەگرن لە سووریا و یەمەندان. هێشتا ئەو ململانێ و تووندوتیژییەبەردەوامەی کە زۆرجار سوتەمەنییەکەی، ستەمە ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان یان ئاڕاستە جوگرافییە سسیاسییەکانە، هێشتاوەگەڕخەری سەرەکیی ناسەقامگیریی خۆراکییە لە سەرانسەری ناوچەکەدا. زیادبوونی نرخی خۆراکیش سەرچاوەیەکی دوودڵی و دڵەڕاوکێیەلە هەموو ناوچەکەدا و هەروەها ریژەیەکی زۆری هەڵاوسان تێبینی کرا لەو وڵاتانەی کە ئابوورییەکانیان لە دۆخی لاوازیدا بوو لە پێش قەیرانیکۆڤید – 19

هەولێر: ئێوە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتین، ئەوە چی دەگەیەنێت بۆ ئیوە؟
کورین فلایشر: ئەوە زۆر پڕ بایەخ و بە مانایە بۆ من و هەرکەسێک لە بەرنامە جیهانییەکەی خۆراکدا کار دەکات. خەڵاتەکە زۆر تایبەتە و پەیامێکی گرنگ دەنێرێت، پەیامەکەش ئەوەیە کە خۆراک واتە ئاشتی. برسێتیی، تووڕەیی و پەستییەکە لە جیهانی زۆر و زەوەندیدا. گەدەیەکی برسی و خاڵی لە خۆراک، کون و کەلەبەرێکە لە دڵی کۆمەڵگادا. بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک هاوبەشیی خەڵاتی نۆبڵ دەکات لەگەڵ ئەوانی تریشدا، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕیکخراوە ناحکوومییەکان و هەروەها هاوبەشە حکومییەکانیش، کە پێکەوە هەموومان لە هەوڵی باشترکردنی ژیانی ملیۆنان کەسداین، کە لە لێواری ژیاندا، ژین بەسەر دەبەن، بە تایبەتی لە ناوچەی ململانێدا و هەروەها گەشتن بە جیهانێک کە برسێتیی تێدا نەبێت. هەر یەکێک لەو 690ملیۆن کەسە برسییەی لە جیهانی ئەمڕۆدا هەیە، شایانی ئەوەیە و مافی هەیە کە ژیانێکی ئارام بژیێت دوور لە برسێتیی.

هەولێر: بە بەراوردی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخی عێراق، ئاسایشیی خۆراک چۆن جیاوازە؟
کورین فلایشر: ساڵانێکی دوورودرێژی ململانێ و ناجێگیریی ئابووری، عێراقی لاوازتر کردووە لە بەرامبەر شۆک و شڵەژاندا،تەنانەت پاش کۆتایی هاتنی ململانێکانیش بە ڕادەیەکی زۆر. لەگەڵ ئەوەش دا، کە نرخی نرخی نەوت بووژاندنەویەکی بەخۆوە بینیوە، ئەمڕۆ حکوومەت ڕێبەرایەتیی گرتووەتە دەست بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆراکی هاووڵاتیەکانی. بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک بەشدارە لە پلانی حکوومەت بۆ باشترکردنی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە هاوکاری یونیسێف و رێکخراوە جیهانییەکەی کار بە پاڵپشتی دارایی یەکێتیی ئەوروپا. بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەستە حکومییەکاندا کار دەکات وەک فاکتەرێکی یارمەتیدەری تواناپێدەر، بۆ پاڵپشتیی خەڵکانی هەژار لە عێراقدا.

هەولێر: بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک چی پێشکەش بەو خێزانە هەژارانە دەکات کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین؟
کورین فلایشر: بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک (دەبلیۆ ئێف پی) لە هەر18 پارێزگاکەی عێراقدا کار دەکات بۆ پاڵپشتیی خێزانە هەژارەکان و هەروەها یارمەتیدانیان بە شێوەیەکی دڵنیا، کە کەس جێ نەهێڵدرێت. هەرێمی کوردستان ئەو شوێنەیە کە میوانداری زۆربەی ئاوارە ناوخۆییەکانی کردووە، سەرباری پەنابەرە سوورییەکانیش، بەرنامە جیهانییەکەی خۆراکیش، بەشێکی بەرچاوی هاوکارییەکانی عێراقی لەوێ تەرخان کردووە و جێبەجێی دەکات. لە هەرێمی کوردستان بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک و هاوبەشەکانی، پرۆگرامی EMPACT (دەسەڵاتپێدان لە کاردا) بەڕێوە دەبەن کە لێهاتوویی و پەرەپێدان دەداتە گەنجان لە بواری زانیاریی تەکنەلۆژی و زمانی ئینگلیزیدا، بۆ یارمەتیدانیان لە مسۆگەرکردنی هەلی کار و هەروەها لە بنیاتنانی داهاتوویاندا. (دەبلیۆ ئێف پی) هاوبەشی زانکۆی سلێمانییە لەم دەسپێشخەرییەدا، کە یارمەتی هەزاران گەنجی دا، لە باشترکردنی تواناکانیان و دۆزینەوەی کاردا.
هەروەها لە هەرێمی کوردستاندا، بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک پاڵپشتیی خێزانە هەژارەکانی ئاوارە ناوخۆیی و پەنابەرەکان دەکات لە رێگەی هاوکاری پارەی نەختی مانگانەوە، بۆ ئەوەی بتوانن خۆراک بخەنە سەر مێزی خواردنەکانیان و خواردنە دڵخوازەکانی خۆیانی پێ بکڕن.(دەبلیۆ ئێف پی) لە نزیکەوە کار دەکات لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەراندا (MoMD، بۆ ڕێکخستن و هاوئاوازبوونی ئەوپەڕی پشتگیریی خێزانەکان و باشترکردنی سەرچاوەکان.
لە سەرتاپای وڵاتدا بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیدا کار دەکات، بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی دابەشکردنی گشتی بەشەخۆراک (PDS)، باشترکردنی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی خەڵکانی شایستە، خۆراکی شایستە وەربگرن لە کاتی دروست و گونجاودا. ئەم گۆڕانە دیجیتاڵییەی (PDS) بە کارێکی زۆر گرنگ و پڕ بایەخ دادەنرێت لە دروستکردنی سیستەمێکی کارا و کاریگەری چاودێری کۆمەڵایەتیدا، کە لە پێشترییەتی بداتە ئەو خێزانانەی کە خاوەن زۆرترین هەژارین، وەک ئەو خێزانانەی کە لە لایەنژنانەوە سەرۆکایەتییان دەکرێت.
کارەکانی بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک لە هەرێمی کوردستاندا، پڕبایەختر و گرنگتر بوون لە میانی پەتاکەدا، کاتێک هەلی کارکردن بۆ کرێکاری رۆژمز (کاتی) و کۆمەڵگە زۆر هەژارەکان کەوتە بەر مەترسیی لە کاتی کەرەنتینەکەی کۆڤید – 19 و هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی شتومەکە سەرەکییەکان، لە ئەنجامی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی.
بەرنامە جیهانییەکەی خۆراک بەردەوامە لە دەستپێشخەرییەکان بۆ بەهێزکردن و باشترکردنی توانا هەمەلایەنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ دۆخی لەناکاو و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای وەک سیستەمی زانیارییە جوگرافییەکان (GIS)، نەخشەی ئینتەرنێتی و هەروەها شیکردنەوەی داتا سەتەلایتییەکان.

 

ئاریان  دەرگەڵەیی - هەولێر

 

© 2017 Hawler