نیسان 15, 2021

لە مانگی رمەزاندا، درامای (تازە باو)، هونەرمەندانی هەولێر و سلێمانی لە ئامێز دەگرێت!

هونەرمەندی دەرهێنەر "مەریوان ئیبراهیم" لە نوێترین كاری درامیدا، كاری دەرهێنان بۆ زنجیرە درامایەكی تەلەفزیۆنی دەكات بە ناوی "تازە باو"، ئەو زنجیرە درامایە لە نووسین و سیناریۆی هونەرمەند "ئومێد كەمال"ـە، پۆلێك لە هونەرمەندانی هەولێر و سلێمانی بەشدارن، وابڕیارە ئەو درامایە لە مانگی رەمەزانی پیرۆز نیشانی بینەران بدرێت، لە لێدوانێكی دا بۆ خوێنەرانی هەولێر هونەرمەند "مەریوان ئیبراهیم" لەبارەی ئەو كارە تازەیەی بۆ خوێنەران چەند زانیارییەكی خستەروو.

هونەرمەند "مەریوان ئیبراهیم" گوتی: بینەری كورد وا ڕاهاتووە هەموو ساڵێك لە مانگی رەمەزاندا چاوەڕێی بەرهەمێكی خۆماڵی دەكات، خۆشبەختانە ئەم ساڵ بەرهەمی درامیی كوردیمان زۆرە، پیرۆزبای و دەستخۆشییم بۆ سەرجەمیان هەیە هیوادارم ئەم مۆدێلە لە كاركردنە، بۆ بەرهەمهێنانی درامای كوردی درێژەی هەبێت، چونكە لە چەند ساڵی رابردوودا، لەگەڵ هاتنی ئەو تەوژمە خراپە لە درامای بیانی، بەداخەوە درامای كوردی تارادەیەكی زۆر پاشەكشەی كرد لەناو جەماوەردا!، بۆیە ئومێدەوارم كەناڵەكان لە دوای مانگی رەمەزانیش بیر لە وە بكەنەوە درامای كوردی بەرهەم .“بهێنن لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (مەریوان)ـی دەرهێنەر لەبارەی ناوەرۆكی دراماكەی رایگەیاند: زنجیرە درامای (تازە باو) بە شێوەیەكی كۆمیدیا هەر ئەڵقەیەك باس لە بابەتێك و دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی دەكات، بەڵام كۆمیدیایەكی جوان و ئامانجدارە، رێز و حورمەتم بۆ سەرجەم ئەو بەرهەمە درامیانە هەیە پێشتر كراون لە چوار چێوەی كۆمیدیادا، هەوڵێكی زۆر باشمانداوە ئەو درامایە كۆمیدیایەك بێت بە شێوەیەكی ئامانجدار پەیامێكی باش و بەجێ بگەیەنێت بە بینەران، چونكە لە دونیای كۆمیدیادا كۆمەڵێك رەهەندی جیاواز هەیە ناكرێ هەموو كارێكی كۆمیدی وەك یەك بێت، یاخوود كۆمیدیا لە پێناوی پێكەنین بێت و بەس، نەخێر ئێمە هەوڵمان داوە جۆرە .“ كۆمیدیایەك بەرهەم بهێنین، كە پێی دەوترێت كۆمیدیای رەش!
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (مەریوان) ئەوەشی گوت: ئەو زنجیرە درامایە لە (30) ئەڵقە پێك هاتووە، نووسەر و هونەرمەندی لاو (ئومێد كەمال) چیرۆك و سیناریۆی دراماكەی نووسیوە. پۆلێك لە هونەرمەندانی هەولێر و سلێمانی دەست و لەناو دەست توانیویانە رۆڵێكی یەكجار جوان و بەرچاو لە دراماكەدا بەرجەستە بكەن، ئەوەیان جوانییەكی دیكەی بە ناوەرۆكی دراماكە بەخشیووە!، كە پێك هاتوون لە هەریەك لە هونەرمەندان (عومەری كەریم ئاغا، ئیبراهیم حەكیم، بەكر مستەفا، عەبدولرەزاق شەمسەدین، قادر جەلال، هادی مەحمود، رێبوار رەحیم، عەلی ئەحمەد، غەفوور عەبدوڵڵا، شنە حەسەن، نیشتمان حەمە كەریم، فریاد خەلیل، حەمە سەعید مستەفا، عابد هەورامی) و .“كۆمەڵێك هونەرمەندی دیكە بەشدارییەكی كاریان هەیە لەو كارە دراماییەدا لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دەرهێنەر زنجیرە درامای (تازە باو) ئەوەشی گوت: لەو زنجیرە دراماییەدا بە ستافێكی پرۆفیشناڵ لە پشتی كامێرا رۆژانە كاری وێنەگرتن لە شاری سلێمانی و دەوروبەری دەبێت سوپاسی ئەرك و ماندوبوونیان دەكەم، كە پۆلێك لەو گەنجە خوێن گەرمانە توانیویانە كارەكە بەشێوەیەكی باش بەرەو پێشەوە ببەن ئەوانیش (هێمن نەوزاد، دیار ئەسكەندەر، رێكەوت نامیق، سەرمەند ئیسماعیل، رامیار سەڵاح، رێباز حەیدەر، پێشەوا)، هیوام وایە بەو شێوەیە بایەخ بە ستافی خۆماڵی بدرێت، بۆ ئەوەی لەسەر دەستی گەنجەكانی .“خۆمان بتوانین ئاستی بەرهەمهێنانی درامای كوردی بەرەو پێشەوە بەرین لە كۆتاییدا هونەرمەندی دەرهێنەر "مەریوان ئیبراهیم" ئەوەشی گوت: لەئێستادا زیاتر لە (22) ئەڵقەی دراماكە وێنەی گیراوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو چەند ئەڵقەی ماوە وێنەی دەگیرێت، لە مانگی رەمەزاندا لە رێگەی كەناڵی كوردسات نیشانی بینەران دەدرێت، هیوادارم بەشێوەیەكی باش سەرجەم كارەكانی وێنەگرتن و مۆنتاژ تەواو بێت، ببێتە مایەی رەزامەندیی سەرجەم بینەرانمان.

 

  عەبدولغەفار عەبدوللا

 

 

© 2017 Hawler