شوبات 28, 2021

زانكۆی جیهان پێشانگایەكی هونەری كردەوە

 (جیهان ئارت) دامەزراوە یەكی هونەریە لە لەناو زانكۆی جیهان، بۆتە یەكێك لەو شوێنانەی كە بەردەوام نوسەران و هونەرمەندان و رۆشنبیران لە دەوری كارو چالاكیەكانیان كۆدەبنەوەو كەش و هەوایەكی هونەری جوانیان بۆ قوتابیان و میوانان لە شاری هەولێر دروستكردوە، كە نمونەی كەمە، گرنگیدان بە هونەرو بزاڤی رۆشنبیری لە ناو زانكۆی جیهاندا بەرزی ئاستی هۆشیاری بەڕێوەبەران و بەرپرسانی زانكۆیەكەمان پێشان دەدات، بۆیە شایانی ئەوەیە ئەو هەوڵە كەلتوری و هونەریانەی زانكۆی جیهان بەهەند وەربگرین .

 

زانكۆی جیهان – جیهان ئارت، رۆژی پێنج شەممە 14-1-2021 كاتژمێر (11) بەیانی، پێشانگایەكی شێوەكاری بۆ سێ هونەرمەندی شێوەكاری (سارا تەڵایی، مارینا ئەلخەتیب، یاسمین ئەلخەتیب ) كردەوە، لەو پێشانگایە ژمارەیەكی بەرچاو هونەرمەندان و هونەردۆستانی هەولێر ئامادە بوون .

تەواوی بەرهەمەكانی پێشانگایەكە چالاكی سەردەمی پەتای كرۆنا بوو .

لەناو هۆڵی پێشانگایەكە هونەرمەند (سارا تەڵایی) بە ئامێری دەف سەرنجی میوانانی ڕاكێشاو، كەش و هەوایەكی بە ڕادەی چونە خەڵوەت خوڵقاندبوو،ئاوێزان بوونی ترپەكانی دەف و ڕەنگە كوردیەكانی ناو تابلۆیەكان، خۆی لە خۆیدا گەڕانەوە بوو بۆ پاشماوەی كەولتوریمان، ئەو كەلتورەی كە هێشتا بە گرنگی و هەند وەرناگیرێت لەناو زۆرێك لە ئەهلی هونەرو قەڵەم ...

سارا تەڵایی یەكێكە لەو ژنە هونەرمەندە چالاكانەی كە لە بواری هونەری شێوەكاری و دەف ژەنین و شیعر نوسیندا ڕۆڵیكی بەرچاوی لەناوەندەكە دا هەیەو، لە هەرێم و ووڵاتانی دەرەوە چەندین چالاكی جۆراو جۆری ئەنجامداوە و، خاوەنی سەدان چالاكی و چەندان بڕوانامەی بەرزی هونەرییە، تەجریدی جادوویی لەناو تابلۆكانیدا یەكێكە لەو ڕێچكە هونەریانەی كە سارا بە یەكەمین هونەرمەندی كورد دادەنێت كە لەسەر ئەو شێوازە كاری كردووە .

 

سەركەوت بوڕهان

 

© 2017 Hawler