کانونی دووەم 25, 2021

ئاوێزان عوسمان: هەر کەسێک کە کارێک ئەنجام دەدات پێش ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە پێویستە خۆی بناسێت

 

خانمە هونەرمەندی شێوەکار ئاوێزان عوسمان خەڵکی شاری سلێمانییە. لە تەمەنێکی بچووکەوە خولیای هونەری شێوەکاری بووە. وەک خۆی بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ، ئەزموونی خوێندنەوەی زیاترە لە کاری هونەری  و پێی وایە، هەر کەسێک کە کارێک ئەنجام دەدات پێش ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە پێویستە خۆی بناسێت.

 

 شێوەکار ئاوێزان عوسمان گوتی، لە ژیانمدا هەمیشە پرسیارێکم هەبووە ئەویش بەهۆی زۆر خوێندنەوەم بووە، بەڵام چانسی ئەوەم نەبووە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەربگیرێم، بۆیە بڕیارمدا بە ڕێگەی نا ئەکادیمی لە هونەری شێوەکاریدا بەردەوام بم، سەرەتا بە سکێچ و کێشانی وێنەی سروشت دەستم پێ کرد و لە هەندێک ڕێبازی هونەری کارم کرد وەک ئەبستراکت و کاری کیوبیستی و ڕیالیزم و ڕۆمانتیک و سوریالی، ئارەزووم لە نیگارکێشی واتاداربوو، شێوازی سوریالی بە ئازادی زیاتر لە توانای گوزارشتکردندا سەرسامی کردم و سەرنجی بەلای خۆیدا ڕاکێشام و هەستم بە تەبابوون و نزیکبوونەوە دەکرد، ئەم جۆرە ئیشکردنە بۆ من ساناتر بوو لە بەرفراوانی لە تواناکانی دەربڕیندا، شێوازی سوریالیزم جۆرە دەربڕینێکم پێ دەبەخشێت کە ئازادییەکی تەواو لە توانای دەربڕین و مامەڵە لەگەڵ فۆڕم و ڕەنگ و توانا تەکنیکییەکانی دیکەدا تێدایە.

 زیاتر گوتی، من لە تابلۆی حەقیقەتدا هاتووم، حەقیقەتێکی شێوێنراوی پڕ لە ئەلغازم لەسەر لاشەی کونکونی واقعدا ڕواندووە وەک چۆن لە شیعردا دەڵێن واتای شعر لە دڵی شاعیر دایە، بە هەمان شێوە شیکردنەوەی ئەم تابلۆیانە بۆ بینەر بەجێ دەهێڵم چونکە یەکەم نهێنی جوانی سوریالیەت لە تەموومژەکەیدایە، تابلۆی سوریالی بێ سنوور واتا هەڵدەگرێ ئەگەر زیاتر بچمە ناو قوڵاییەکەی ئەو کات لوغزی جوانییەکەی وون دەکات.

ئەم خانمە شێوەکارە بە تابلۆکانی باس لە ژن و کێشەکانی ژن دەکات و دەڵێ، چەند کارێکم بۆ ژن کردووە چونکە پێش هەر ژنێک دایکم ژنە کە هەرگیز وەک ژنێک سەیرم نەکردووە بگرە وەک فریشتەیەک دەیبینم، ئیتر چۆن بەشێک لە هونەرەکەم نابێتە ژن و کێشە و گرفتەکانی ژن، ئەوەی هونەری شێوەکاری لای من جوانتر کردووە هەندێک شت هەیە کە من ناتوانم وەک تاکێکی کۆمەڵگاکەم دەری ببڕم بەڵام بە کارەکانم دەتوانم ئەوەی بمەوێت بیڵێم، هونەر شتێکە لەگەڵ کەسەکان گەشە دەکات و بەشێکە لە خولیای مرۆڤەکان، مەرج نییە ئەگەر  کەسێک ناوەندێکی هونەری تەواو نەکات نەتوانێت کاری ناوازە بکات.

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

© 2017 Hawler