کانونی دووەم 24, 2021

میلۆدی گۆرانی شه ش په پوله كه و بورهانی مفتی زاده...!

شه‌ش په‌پوله‌كه‌ی گۆشه‌ی باخه‌كه‌م

هه‌ربۆ ئێوه‌یه‌ ئاخ و داخه‌كه‌م

هه‌ربۆ ئێوه‌ لێو به‌باری خه‌مم

بولبولی به‌سته‌و گریه‌و ماته‌مم  ( كاكه‌ فه‌لاح)

هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئاواز دانه‌ر، ناوێكه‌ كه‌له‌لای زۆربه‌مان له‌ڕێی كاره‌ هونه‌رییه‌كانییه‌وه‌ به‌ڕووحی هه‌موومان ئاشنایه‌، ماوه‌یه‌ك بوو پێم خۆشبوو كه‌ هه‌ندێك زانیاری لێوه‌رگرم سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی دانانی ئاوازی گۆرانی (شه‌ش په‌پوله‌كه‌) به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌رده‌رفه‌تم بۆ نه‌ڕه‌خسا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ماوه‌یه‌ك بوو باری ته‌ندروستی جێگیر نه‌بوو، هه‌روه‌ها به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، تا هه‌لم بۆڕه‌خسا له‌ ڕێكه‌وتی 30/10/2020 له‌خزمه‌ت برای شاعیر (شێخ یه‌حیا به‌رزنجی) و ( بورهانی مفتی زاده ) دا بووم، به‌هه‌لم زانی له‌ كورته‌ دیداره‌دا بیدوێنم و هه‌ندێك زانیاری لێوه‌رگرم .

هونه‌رمه‌ند بورهان مفتی زاده‌ له‌ ڕێكه‌وتی ( 23/4/1957) له‌شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی (سنه‌) ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی، ئه‌ده‌بی و هونه‌ری به‌دنیا هاتووه‌، ماوه‌ی (8) ساڵ له‌ته‌له‌فزیۆنی تاران له‌ هه‌ردوو به‌شی ( كوردی و فارسی ) له‌به‌شی په‌خش كاری كردووه‌، هونه‌رمه‌ند ژه‌نیاری ئامێری ( فلووته‌)، ماوه‌ی چه‌ند سالێك له‌هه‌نده‌ران ژیاوه‌ و ئێستا بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باشووری كوردستان، له‌شاری سلێمانی نیشته‌جێ یه‌و درێژه‌ی به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی داوه‌ .

له‌وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌مدا : هونه‌رمه‌ند به‌وشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دامه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی دانانی ئاوازی ( شه‌شه‌ په‌پوله‌كه‌) ..

ساڵی 1996 یان 1997 بوو ئه‌و كاته‌ له‌وڵاتی سویسرا له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانم و هاوسه‌رم ده‌ژیاین، هه‌ركات ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسایه‌ چاوێكم له‌دیوانی شاعیران ده‌كرد، ماوه‌یه‌ك بوو ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی (كاكه‌ی فه‌لاح) ی شاعیر ( 1928_ 9/10/1990) له‌به‌ر ده‌ستمدا بوو چه‌ند جارێك خوێندبوومه‌وه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌رم دانابوو .له‌وكاتانه‌دا منداڵه‌كانم (گۆران وئالان و گۆنا و هاوسه‌رم ) بریاریان دا كه‌ گه‌شتێك بۆ به‌ریتانیا بكه‌ن به‌ڵام پێیان خۆشبوو به‌ڕێی ده‌ریاوه‌ به‌ (پاپۆڕ) گه‌شته‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بڕیاردراو به‌ڕێكه‌وتن كه‌ش و هه‌وا له‌بار نه‌بوو، به‌ڵام پێوه‌ندیم به‌رده‌وام بوو له‌گه‌ڵیاندا، له‌یه‌كێك له‌په‌یوه‌ندییه‌كان گۆرانی كوڕم پێی ڕاگه‌یاندم كه‌ پاپۆڕه‌كه‌ وه‌ستاوه‌ و زه‌ریا له‌هه‌ڵچوون و داكشانێكی زۆر به‌هێزدایه‌، كه‌شه‌كه‌ ناله‌باره‌وه‌ چاوه‌ڕێی مه‌ترسیی لێده‌كرێت، منیش كه‌ئه‌و وتانه‌ی گۆرانم بیست له‌باری ده‌روونیه‌وه‌ زۆر شڵه‌ژام نه‌مده‌زانی چی بكه‌م و په‌یتا په‌یتا پێوه‌ندیم پێوه‌ ده‌كردن به‌ڵام هیچ تروسكاییه‌ك نه‌بوو، له‌و باروو دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ به‌ده‌یان خه‌یاڵ ده‌هاته‌ به‌رچاوم و بیرم ده‌كرده‌وه‌ كه‌ئیتر نایانبینمه‌وه‌، نیگه‌رانییه‌كه‌م به‌ره‌و لوتكه‌ی نائارامیی هه‌ڵده‌كشا، له‌و دۆخه‌ ناڕۆشنه‌دا هۆنراوه‌كه‌ی كاكه‌ی فه‌لاحی شاعیرم كه‌وته‌وه‌ یاد و یادی ئه‌وچیرۆكه ‌تراژیدیایه‌ی پشتی ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ ده‌هاته‌ پێش چاو، به‌نائومێدییه‌وه‌ دیوانه‌كه‌م گرته‌ ده‌ست و لاپه‌ڕه‌ی هۆنراوه‌كه‌م پێشتر ده‌ستنیشانكردبوو، ڕاسته‌وخۆچوومه‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی هۆنراوه‌كه‌ و یه‌ك دووجار له‌سه‌ریه‌ك خوێندمه‌وه‌، به‌ڵام ئازاری دووری منداڵه‌كان و ئه‌و دۆخه‌ی تێی كه‌وتبوون، له‌ناخمدا هه‌ستێكی ناخۆش و لێوڕیژ له‌ دڵه‌ڕاوكێ بوونی هه‌بوو، به‌ڵام هۆنراوه‌كه‌ په‌لكێشی ده‌كردم تا له‌گه‌ڵیدا ئاوێزان بووم، له‌لایه‌ك سیمای هاوسه‌ر و منداڵه‌كانم وه‌ك فیلمێك ده‌هاته‌ به‌رچاوم كه‌ به‌چ خۆشییه‌كه‌وه‌ به‌ڕێم كردن و ئێستا ململانێ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌ ترسناكه‌كانی زه‌ریادا.

له‌و داڕمانی هه‌سته‌دا ووزه‌و تینم دایه‌ به‌رخۆم و ئامێره‌كه‌م گرته‌ ده‌ست و چاویشم له‌سه‌ر دێڕ به‌دێڕی هۆنراوه‌كه‌بوو، ووشه‌كان زیاتر په‌لكێشم ده‌كه‌ن و كه‌وتمه‌ ژه‌نین و له‌هه‌مان كات به‌ده‌نگم سه‌رقاڵی خوێندنی میلۆدییه‌كه‌ بووم، ماوه‌یه‌كی پێچوو به‌رده‌وامم له‌گه‌ڵ هۆنراوه‌كه‌و دانانی میلۆدییه‌كه‌ تا به‌كۆتام گه‌یاند، میلۆدییه‌كه‌ جارێكی دیكه‌ گوێم بۆگرته‌وه و هه‌ستم كرد ئاوازێكی هه‌ست بزوێن و خۆشه‌و كاریگه‌ر له‌سه‌ر گوێگر داده‌نێت، له‌ناكاو زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ لێدرا به‌چ هه‌ڵه‌داونێك پڕم دایه‌ (گوشییه‌كه‌) گوێم له‌ده‌نگی گۆران بوو پێی ڕاگه‌یاندم كه‌ سه‌لامه‌تین و زه‌ریا ئارام بۆته‌وه‌ و درێژه‌ به‌گه‌شه‌ته‌كه‌مان ده‌ده‌ین، ئای له‌وكاته‌دا هه‌ستم ده‌كرد ئاوی زه‌ریا به‌یه‌كجاری هه‌مووی ڕژایه‌ سه‌ر هه‌ستی گڕگرتوومه‌وه‌ ئه‌و ئاگره‌ نائارامییه‌ی هه‌ناومی دامركانده‌وه‌، خۆشیی و ئارامیی به‌هه‌موو جه‌سته‌م به‌خشرا.

به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ خانه‌واده‌ییه‌ی هه‌مبوو له‌گه‌ڵ كاك ناسری ڕه‌زازی و خاتوو مه‌رزییه‌ی فه‌ریقی ( 22/5/1958 _ 18/9/2005) دوای ئه‌و ڕووداوه‌و دانانی ئه‌و میلۆدییه‌، ڕۆژێك مه‌رزیه‌ خانم زه‌نگی دا و دوای هه‌واڵپرسین و هه‌واڵی كاری هونه‌ری چونكه‌ سه‌رقاڵی ئه‌لبومێكی هونه‌ری بوو، داوای میلۆدییه‌كی لێكردم منیش مژده‌ی ئه‌وه‌م پێدا كه‌ ئاوازێكم هه‌یه‌ له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی زۆر جوان، وه‌ زۆرگونجاوه‌ بۆ گه‌روو و ده‌نگی تۆ، به‌ڕه‌حمه‌ت بێ زۆری پێخۆشبوو وه‌ به‌ڵینم پێدا بۆی بنێرم،

ئه‌وه‌بوو مه‌رزیه‌ خانم له‌ساڵی 1998 له‌ئه‌لبوومی ( به‌ڵین بده‌ ) دا بڵاوی كرده‌وه‌، له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان زۆر ده‌نگی دایه‌وه‌ و بووه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵك، گۆرانی شه‌ش په‌پوله‌كه‌ بووه‌ ناسنامه‌ی مه‌رزیه‌ خانم، هه‌رچه‌نده‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی تری مه‌رزییه‌ هه‌موویان به‌رزن و جێی ستایش و به‌رزنرخاندنه‌ .

هونه‌رمه‌ند بورهانی مفتی زاده‌، له‌و كاته‌ی له‌هه‌نده‌ران ژیاوه‌، جگه‌ له‌كاركردن و دابینكردنی بژێوی ژیان، به‌ڵام له‌هونه‌ری ئاواز دانان دانه‌بڕاوه‌ و به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانی، ئه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان و ده‌یان ئاوازی نوێی خستۆته‌ سه‌رخه‌رمانی هونه‌ریی و له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ خوێندراوون، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵیم تێكست چه‌ند به‌رزو پڕ هه‌ست بێت، هه‌روه‌ها میلۆدییه‌كه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ڵام توانا و ژه‌نینی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار وده‌نگی خۆشی خۆشخوان میلۆدییه‌كه‌ به‌رزتر و جوانتر و پڕ هه‌سترده‌كات و له‌لای بیسه‌ر جێگه‌ ده‌گرێت

هه‌زاران چه‌پكه‌ گوڵ بۆسه‌ر گڵكۆی ( كاكه‌ فه‌لاح ) ی شاعیر و خاتوونی هونه‌رمه‌ند ( مه‌رزییه‌ی فه‌ریقی ) و یادیان هه‌موو كات به‌رزو به‌ڕێز بێت، سوپاس و ستایش بۆ هونه‌رمه‌ند كاكه‌ بورهانی مفتی زاده‌ بۆهه‌موو ئه‌و كاره‌ جوانانه‌ی به‌خشیوه‌یه‌تی به‌ هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی، هیوای ته‌ندروستی باش و به‌رده‌وامیی له‌وكاره‌ پیرۆزه‌ی بۆده‌خوازم.

جه‌مالی ده‌لاك

 

© 2017 Hawler