کانونی دووەم 24, 2021

لە هەولێر كورتە فیلمی "سەرەو خوار" بەرهەم هات

 

دەرهێنەری گەنج "هەردی حەسەن" كورتە فیلمی "سەرەو خوار"ی بەرهەم هێنا، ئەم كورتە فیلمە لە سیناریۆی خۆیەتی، ئەمە سێیەم بەرهەمی ئەو دەرهێنەرە گەنجەیە، كە لە ماوەی ڕابردوو بە كارەكانی سەرەنجی سینەماخوازانی بۆ لای خۆی ڕاكێشا.

 

ئەم كورتە فیلمە ناوەرۆكەكەی باس لە كێشە كۆمەڵایەتیەكانی ناو خێزان دەكات، كە كێشەیەكی فرە باوە، ئەویش خیانەتی هاوسەریەتی و هۆكارەكانی سەرهەڵدانیەتی، لە سینۆپسی كورتە فیلمی "سەرەو خوار" دا هاتووە: (ڕزگار) پیاوێكە كە خیانەتی هاوسەری لە ژنەكەی خۆی كردووە، بەهۆی مەست بوونی عەزابی ویژدانی گرتووە، بڕیاری خۆكوشتنی داوە، بە ئۆتۆمبیلەكەی خۆی دەیەوێ، خۆی لەسەر گردێك هەڵبداتە خوارەوە، ئاشنا دەبێت بە (نالیا) كە ژنێكە لە ژێر دەستی مێردەكەی ڕای كردووە تا نەیكوژێت، (نالیا) هەوڵی پەشیمان بونەوەی (ڕزگار) دەدات كە خۆی نەكوژێت و (ڕزگار) دەیەوێ (نالیا) ڕزگار بكات و پێداگری دەكا لەوەی خۆی بكوژێ...

لەمبارەیەوە دەرهێنەر "هەردی حەسەن": بە ڕۆژنامەی "هەولێر"ی ڕاگەیاند: سەرەو خوار، سێیەمین ئەزموونی كاری دەرهێنانی منە، ئەزموونی ئەم كارەم لەگەڵ كارەكانی ڕابردووم جیایە لە ڕووی ژانری فیلم كە هەوڵمداوە هەم سینەما ئێكس پێرمێنتاڵ هەم دراما كاری لەسەر بكەم لەو كورتە فیلمەدا،

گوتیشی: كاركردن لەسەر ژانری ئێكس پێرمێنتاڵ ئاسان نیە نەك بۆ من تەنانەت بۆ گەورە دەرهێنەرەكانی دونیاش، وە من لەم كورتە فیلمەدا هەوڵمداوە بەناو ئەزموونێكی تر دابڕۆم بۆ ئەوەی بتوانم خۆم لەم جۆرە ژانرانەدا بدۆزمەوە وەكو دەرهێنەرێكی گەنج، وە بەردەوامی بدەم و بۆ ئەوەی بە تەكنیكی خۆم ستایلێك بۆ خۆم دروست بكەم.

لە كۆتایدا: كاركردن لەسەر ئەو جۆرە بابەتە كۆمەڵایەتیانە سەختە، چونكە خیانەتی هاوسەریەتی كێشەیەكی گەورەی ناو كۆمەڵگایە، وە من كاتێك فیلمێك بەرهەم دێنم بۆ حالەتە بێچارەسەرەكانی ناو كۆمەڵگا دەگەرێم تا چیرۆكێكی لێ دروست بكەم، ئەم جارەیان هەوڵمدا كورتە فیلمی (سەرەو خوار) بەرهەم بێنم، ئێستا فیلمەكەم سەرجەم كارە هونەریەكانی تەواوبووە، لە قۆناغی بڵاوكردنەوەیە و ڕەوانەی فێستیڤاڵە جیهانیەكانی ئاسیاو ئەمەریكاو ئەوروپای دەكەین.

ستافی بەرهەم هێنانی ئەم كورتە فیلمە پێك هاتوون لە: سیناریۆ و دەرهێنان و پرۆدیسەر "هەردی حەسەن"، بەڕێوەبەری وێنەگرتن "هاوكار فەرهاد"، لە نواندنی " سۆران ئیبراهیم و دیمەن زەندی و جەمال جەباری"، جێبەجێكاری دەنگ "سەیوان سەمەدی"، لایت "عبدالقادر ناجی"، بەڕێوەبەری دیزاین "سەنگەر عارەب"، جێبەجێكاری دیزاین "شاهۆ جەبار و هێور حەسەن"، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری "هیوا علی"، یاریدەدەری كامێرا "ئامانج ناسری"، یاریدەدەرانی دەرهێنەر "جوبرائیل ئەبوبەكر و سیروان گلی"، دۆڵی "سەرباز عبدالرحمن"، گریپ "دیاری شەوكەت"، "میوزیك "فرێنچ گیتاڤی و جەمال سەڵاواتی"، مێكئاپ "علی ڕەزا جەوادپوور"، دیزاینی دەنگ "بیهرۆز معاونیان"، دروست كردنی ڕەنگ و مۆنتاژ "عومەر كەریم"، پۆستەر"ئەحمەد نەبەز"، بەڕێوەبەری بەرهەم "شاخەوان مستەفا"، بەرهەمی ساڵی 2020 ی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێرە، لە لایەن كۆمپانیای "كینگ هاوس" كاری پرۆدیكشنی بۆ كراوە.

 

سەرهەنگ غەریب-شیڤان شێرزاد- هەولێر

 

© 2017 Hawler