کانونی دووەم 24, 2021

تارا خەلیل: بۆ هیچ تابلۆیەکم نەگریاوم، بەڵام کاتێک نەمتوانیوە کارێک بەدڵی خۆم ئەنجام بدەم گریاوم

 

نیگارکێش تارا خەلیل

لەدایک بووی شاری کەرکوکە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی ھەر لە کەرکوک تەواو کردووە دواتر قۆناغی زانکۆی لە شاری بەغدا تەواو 3کردووە بە بروانامەی بەکالۆریوس لە پەروەردەی ھونەری، یەکەم دامەزراندی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی ھەولێر  بەشی شێوەکاری بووە،  تا سالی 2003 گەراوەتەوە بۆ کەرکوک و لەگەل کۆمەلێ ھونەرمەندی تری شارەکە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی کەرکوکیان دامەزراندوە، وە بۆتە مامۆستا لەبەشی شێوەکاری پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی کەرکوک، وە تا ئێستایش ھەر مامۆستایە لەوێ. وەک خۆی بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ،" بۆ هیچ تابلۆیەکم نەگریاوم، بەڵام کاتێک نەمتوانیوە کارێک بەدڵی خۆم ئەنجام بدەم گریاوم.

 

کورتەیەک لە چالاکیە ھونەریەکانت باس بکە?

چالاکی ھونەریم، ھەر لە قۆناغه کانی خوێندنەوە دەستی پێ کردووە، بەردەوام بەشداریم ھەبووە  لە چالاکیەکانی خوێندنگاکان، دواتر لە قۆناغى زانکۆش لە بەغدا  ھەر بەردەوام بووم، وە پێشانگای تایبەتیم کردۆتەوە،  ھەروەھا لە پێشانگاو فێستڤاڵەکان بەشدار دەبووم، دوای تەوابوونی قۆناغى خوێندنیش کە بە مامۆستا لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی ھەولێر دامەزرام، دیسان  چەند بەشدارییەکم  ھەبووە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک، وە لە چەند شارێکی دیکە وەکو بەغدا و بەسڕەو و کەربەلا، ھەروەھا پێشانگای تایبەتیشم لە ھەولێر و کەرکوک ھەبووە، وە بەشداریم لە چەند فێستیڤاڵ و پێشانگای دەرەوەی وڵات کردووە وەکو میسر و تورکیا.

 

لە کەیەوە دەستت بەنیگارکێشان کردووە؟

ھەر لە منداڵییەوە بەخۆرسک  ھۆگری رەنگ و ھێڵ بووم، بەردەوام زۆربەی کاتمی داگیر کردبوو، بۆیە لاپەرەیەک، کتێبێک، گۆڤارێک، رۆژنامەیەک، نەئەما ھێڵێک یان رەنگێک نەکرابێ بەدەسی من، زۆر جار ئەم رفتارە کێشەی بۆم دروست دەکردم لەماڵەوە، ھەمیشە دەفتەری وێنەم لە ھاورێکانم زوتر تەواو دەبوو، چاوەرێی بابەتی مامۆستا نەبووم، بۆ خۆم وێنەم دەکێشا، لە پەراوگەکان زیاتر چاوم بۆ لای رەنگەکان و دەفتەری وێنە دەچوو، ماڵەوەش ھەستیان بەوە کردبوو، بەتایبەت باوکی رەحمەتیم، خۆش بەختانە ئەو مرۆڤێکی جوان و ھونەر دۆست بوو، ئەو ھانی دەدام، ھەروەھا ھاورێیەکی باوکم روحی شاد بێ کە شێوەکار بوو، ئەو بەتایبەت زۆر ھانی دەدام و بە کەرەستەکانی نیگارکێشان ناساندمی و رێنمایی دەکردم بەردەوام، پێی دەگوتم تۆ دەبی بەھونەرمەند، وە تێیگەیاندم کە ھونەری نیگارکێشان چیە، دواتریش لە خوێندنگا ھاو پۆلەکانم ھەمیشە بۆ ھەموویان نیگارم دەکێشا، لە دیوارەکانی قوتابخانەکەم سالانە دیوارەکانم دەنخشاندو و بەشداری فێستیڤالەکانیشم دەکرد، ئیتر ئەو عیشقە لەگەڵم گەورە بوو، تا ئەمرۆش کە بۆتە بەشێکی زۆر گرینگی ژیانم و پیشەکەشم ھەر نیگارکێشیە، وەکو مامۆستایێک لە له پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بەشی شێوەکاری.

 

 نەخشاندن لای تۆ چ مانایەک دەبەخشێ؟

لە کاتی نەخشاندن یان نیگارکێشان و تێکەڵ بوونم بە کەرەستە ھونەریەکانم و ئاوێتە بوونم لەگەڵ رەنگەکان، ئیتر لێرەوە ھەستەکان بەرەو جیھانی ئێستاتیکا دەچن، بەدوای توخمەکانی جوانیدا دەگەرێن تا ببن بە ئامرازی خوڵقاندنی تابلۆیەک، ھەندێ جار بچوکترین گۆشە سەرقاڵم دەکا کە چۆن دایرێژم و چۆن پری بکەمەوە، وە بە چ رەنگێ و چۆن دابەشی بکەم و جێی خۆی بگرێ لە نێو تابلۆکەدا، بۆیە بچوکترین تابلۆم پرۆژەیەکی گەورەیە لە ناخ و ھەستم،  وە ھەوڵی کەمالکردنی  دەدەم، چونکە ئەنجامەکەی دەبێتە حاڵەتێکی دەروونی جێگیر بۆ من، کە تا چەند بتوانم بەزمانی ڕەنگ و ھێڵ بیرۆکەی ھەستەکانم بێتە گۆ لە کارێکی ھونەریدا  و ھەست و چاوی بینەر بدوێنێ.

 

 چۆن بوو دونیای ھونەرت ھەلبژارد؟

ھونەر ھەر بەھەرەیەکی خۆڕسکە،  لە منداڵییەوە ھەستی پێ دەکرێ، کەمنداڵ بووم وێنەیەکم دەکێشا نەمدەزانی ئەمە ھونەری پێ دەلێن یان بلێم من نیگار دەکێشم تا ببم بە ھونەرمەند، زۆرجار کۆمەڵێک منداڵ کە خەریکن وێنەیەک دەکێشن تێبینی دەکرێ منداڵێک لەوانەی کە جوانتر کێشاوێتی دروستتر ھەست بە شێوەکە دەکا و بەجورئەتەوە ھێڵەکان دەکێشێ، ئیتر پەروەردەکردنی ئەو بەھرەیەش  دەوەستێتە سەر ژینگە و ناوەندی خێزانی ئەو کەسە کە تا چەند دەرفەتی بۆ بگونجێ وەکو پاڵنەرێک بۆ پێگەیاندی بەھرەکەی بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی. من یەکێک بووم لەو خۆشبەختانەی کە لە ژینگەیەکی دروست پەروەردە بووم و خوالێخۆشبووی باوکم مرۆڤێکی ڕووناکبیرو ھونەر دۆست بوو، ئەو ھەمیشە ھاندەرم بوو، کەرەستەکانی وێنەی بۆم دابین دەکرد، ھانی دەدام لە چالاکیەکان بەشدار بم، ھەمیشە تێبینی دەدا لەسەر کارەکانم، ئیتر ئەو حەز و خۆشەویستیە لەگەڵم گەورە بوو تا ئەمڕۆ.

 

 چ تابلۆیەکت تۆی گریاندووە؟

لەسەر سامیە نەگریاوم بۆ تابلۆیکم، چونکە ھیچ کات خۆم بە شێوەکارێکی  بەتواناو لێھاتوو نەزانیوە، تا رادەی سەرسام بوون بەخۆم، رەنگە جار جار کەمێ رازیبوون ھەبووبێ،  بەڵام نەک بەرادەی سەرسام بوون، بۆیە ھیچ کارێکم نەمیگریاندووە، بەڵام لە حاڵەتێکدا کە نەمتوانیبێ کارێک ئەنجام بدەم یان ئەنجامی تابلۆکە وەکو ئەوە نەبووە کە ویستومە، یان شاکاری ھونەرمەندێکی زۆر بەتوانام بینیبێ، بەراستی ئەوەندە غەمبار بوومە تا رادەی گریان، زۆر ھەستم بە سەرەتایی و لاوەکی ئاستی خۆم کردووە لەو ساتەدا، پێم وابێ پێویستە ئەوەی کاری ھونەر دەکا  بەراوردی تواناکانی خۆی بە ھونەرمەندێکی بەرزتر بکاتەوە تا لە خۆبایی بوون و رازیبوون، لە تواناکانیدا دوور بێ، پێویستە  ھەمیشە لەگەران بێ بەدوای کاری ھونەرمەندە گەورەکان تا بزانێ ئاستی خۆی لە کوێی ھونەردایە، وە تێبگات لەوەی کە جیھانی ھونەر زۆر لەوە فراوانتر و قوڵترە لەوەی ناوی ھونەرمەند لە خۆی بنێ، چونکە جاری وا ھەیە توشی ھەرەس دێی کە داھێنانی ھونەرمەدێک دەبینی لە چ ئاستێکدایە شەرم داتدەگرێ بڵێی من شتێک لە ھونەر دەزانم.

 

خۆشەویسترین تابلۆ لای تۆ چ تایبەتمەندیەک و جیاوزیەکی ھەیە ؟

 ھونەر بەشی گرنگی ژیانمە،  وە کارەکانیشم ھەموو خۆش دەوێ کات و ماندوبوونی پێوە خەرج دەکەم، رەنگە کارێکم پێ باشتر بێ لە کارێکی تر، بەڵام بەگشتی ھەمویانم خۆش دەوێ و سەروەتێکی مەعنەوین بۆ من.

 

 جوانترین  پەیام کە تابلۆکانت ھەلگری بێ چ پەیامێکە؟

 ھونەر بە ھەموو شێوەکانیەوە پەیامە، ھونەرمەند لە رێی رەنگ و ھێل و شێوەوە پەیامی بیر و ھەست و  ویژدانی دەگەینێتە بینەری، رەنگە بابەتی کارەکانم زۆر قول نەبن و بینەر سەرقاڵی لێکدانەوە و شیکاری و خوێندنەوە بکا،  بەڵام  ھەوڵم داوە بەزمانێکی ئاسان و سادە  پەیامم بگەیەنم، واتە ھەڵسەنگاندن بۆ جۆر و شێوازی کارەکە بکرێ  تا چەند توخمە سەرەکیەکانی ھونەر لە کارەکەمدا تەبا و ھاوسەنگ بن، ئەمەش زیاتر بۆ جۆر و شێوازی ریالیزمی پەیرەو دەکرێ کە ھەست دەکەم بۆ خۆم لەم شێوازەوە زۆر نزیکم، حەزم کردووە کە نەقلی واقع و ژینگەکەم بکەم بەوەی کە خۆم ھەستی پێ دەکەم و ئەیبینم.

 

فەلسفەی ھونەر چیە؟

فەلسفەیەکی تایبەت بە ھونەر نیە کە بکرێتە نێو چوار چێوەیەک و پیناسەی بۆ بکەی،  فەلسفەکە پەیوەستە بەخودی ھونەرمەندەکەوە، ھەڵبەتە فکر و ئایدیای ھەر ھونەرمەندێکیش بۆ ھونەرمەندێکی  تر جیاوازە لە بیرۆکە و ھەلسنگاندن و ھەڵبژاردەی بۆ ھەر بابەتێک.  وەکو چۆن بۆچوونی  بینەرێک بۆ بینەرێکی تر جاوازە لە خوێندنەوەی کارێکی ھونەریدا،  چونکە بۆچوونەکان و ھەست و شعورەکان و سۆزەکان لە نێو کەسەکان جیاوازن و ھاوسەنگ نین، تەنانەت ئەو بەرزو نزمیە و ھاودژییە لە ناساندنی فەلسفەی ھونەری لە نێو خودی فەیلەسوف و بیرمەندە گەورەکانی میژوو، وە ھونەرمەندەکاندا ھەبووە، وە ئێستاش ھەر ھەیە، بۆ نموونە پێناسەی سوقرات بۆ ھونەر ئەوەیە ( کە ھونەر ھەر جۆرێک بێ و دروستکراو بێ دەبێ بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی تەرخان بکرێ، واتە دەبێ فەرمانێکی رەوشتی بێ بۆ خزمەتی مرۆڤەکان ) بەڵام بۆ چوونی ئەفلاتوون جیایە، مامۆستای ئەو دەڵێ( ھونەر تەنیا لاساییەکی بێ گیانی سروشتە، واتە کۆپیەکی سروشتە  و ھیچی تر) چونکە داھێنان لای ئەفلاتون پەیوەستە بە سۆفیگەریەوە، وە سەرچاوەکەی ئیلھامەو دوورە لە بوون و ھەست پێ کراوەکان، ئەرستۆ ھاورای ئەفلاتۆنی مامۆستای نەبووە ئەو پێی وایە( ھونەر کۆپی سروشت نیە، بەڵام ھونەر ئەو داھێنانەیە کە سروشت پێی ناکرێ  )

 ئەم سێ بیرمرندە لەیەک سەردەم ژیانیان کردووە، وە مامۆستا و خوێنکاری یەک بوون،  ئەبینین  بیرو بۆ چونی جیاواز و ھاودژیان  ھەبوە لە پێناسەی تایبەت بۆ ھونەر، ئەمە جگە لە بیرو راو بۆچونی بیرمەندەکانی تر وەک ھیگل دەلێ( ھونەر مەملەکەتێکی نایابە، واتە جوانیەکانی فکر و ھەستی مرۆڤەکان داھێنان دەکەن کە لە ئاستی ونبون و سروشت بەرزترە.  گەر بیرو ھەست و ھوشیاری مرۆڤێک بەکار بوو لە لەدروستکرنی بابەتێک، بۆ نموونە وێنەی درەختێک لە سروشت جوانتر دروستی دەکا، چونکە ھەموو کەرەستەی داھێنانی مرۆیی  تێدا بەکار دەھێنێ  ) نیتچە دەلێ ھونەر (  بریتیە لە چالاکیەکی میتافیزکی بۆ جارەسەر کردن زۆرێ لەکێشە دەرونیەکان و تەفسیر کردنی دیاردە خەیاڵیەکانی دەرەوەی سروشت ) ئیتر ئەم باسە زۆر زۆری دەوێ.. بەڵام لێرە تەنیا ئیشارەتێکە بە ئەو تایبەت مەندەیەی کە لە ھونەردا ھەیە ئەویش ئەو ھەمە بیروچۆن و زۆر تەعریفەیە بۆ ناساندنی، وەکو بەکورتی بڵێین، بۆچونی کۆمەلێک بینەر  لە بەرانبەر کارێکی ھونەریدا.. ئیتر ھەر یەک و بە پێی فەلسفەی خۆی و ئاستی ووشیاری و رادەی چێژی لەو ھونەرەدا ھەڵسەنگاندن بۆ کارەکە دەکات.

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

© 2017 Hawler