کانونی دووەم 24, 2021

هونەرمەندێکی کورد لە وڵاتی فینلاند خەڵات کرا

ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەری بەڵگە فیلم "ڕەسووڵ خوڕەم"، لەپای هەوڵ و کۆششە بەرچاوەکانی بواری هونەر و ڕاگەیاندن لە ماوەی ڕابردوو، لە لایەن فینلاندیەکانی سەر بە ئەنجوومەنی (ڤیکی) ڕێزی لێ گیرا و خەڵاتی ھونەری ساڵی 2020 ڤیکی (سێورای) پێبەخشرا.

لەمبارەیەوە هونەرمەند "رەسووڵ خوڕەم" بە ڕۆژنامەی (هەولێر)ی ڕاگەیاند: مەراسیمی پێشکەش کردنی خەڵاتی ھونەری ساڵ کە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە بەشداری فینلاندیەکانی ھونەر دۆست لە ناوەندی کەلتوری شاری ھێلسینکی بەڕێوەچوو،

 

ئاماژەی بەوەدا: لە ئاکامی کار و چالاکیەکانی ساڵانی ڕابردووم وەک کردنەوەی پێشانگای وێنە، بەرێوە بردنی دیداری فیلمی کوردی، بەرھەم ھێنانی فیلم و بە تایبەت ڕێکخستنی پێشانگای کاتەکانی یاسکا لە ناو دارستان لە وڵاتی فینلاند ڕێزم لێ گیرا و ئەم خەڵاتەم پێشکەش کرا.

 

لەکۆتایدا گوتی: (گوڵە فینلاندیەکانی دایکم) دوایین پێشانگای وێنەی فۆتۆگرافیمە، لە ساڵی 2020 کە لە ڕێکەوتی 10 ی ئەم مانگە لە ھێلسینکی بەرێوە دەچێت.

جێگەی باسە: رەسوڵ خوڕەم ھاوێنی ڕابردوو بە ڕێکخستن و کردنەوەی پێشانگای وێنە لە ناو دارستان لە ژێر ناوی "کاتەکانی یاکسا" بۆ وێنەگری فینلاندی Jaakko Penttinen کە بەهۆی نەخۆشی مێشک و لە بیر چوونەوە بۆ خۆی توانای ئەم کارە و گەیشتن بەم ئاواتەی نەبوو، ئەمەش بووە جێگای سەرنجی فینلاندیەکان.

 

ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: هونەرمەند (رەسووڵ خوڕەم) خەڵکی شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ماوەی دە ساڵی ژیانی لە فینلاند بەردەوام لە ڕێگای زمانی وێنە و فیلم ھەوڵی داوە بۆ زیاتر ناساندنی داب و نەریتی کوردەواری بە فینلاندیەکان.

 

سەرهەنگ غەریب - هەولێر

 

© 2017 Hawler