ئەیلول 18, 2020

ئایا هیچمان نییە بیشارینەوە؟

جێگەیەکدا یۆڤال نوح هەراری لە کتێبی "هۆمۆدیۆس"دا باس لەوە دەکات، کە لەم سەردەمەی ئێستادا، زۆرجار ئەوەی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی وەکو فەیسبووک، لە تویتەر و ئەنستا و هتد لەبارەمانەوە دەیزانێت، تەنانەت هاوسەر و هاوڕێ نزیکەکانیشمان سەبارەت بە ئێمە نایزانن! یۆڤال ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات دەڵێت ئەگەر هەر بەشدارێکی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە تەنها 300 چالاکی هەبێت، وەکو لایک و کۆمێنت، ئەوا ئەو تۆڕە زۆر باش کەسایەتی و چۆنێتی حەز و خولیاکانی ئەو بەکارهێنەرە دەزانێت و دەتوانێت هەڵیبسەنگێنێت.

 

ئەم نموونەیە پێمان دەڵێت ئێمە لەبەردەم شاشەی مۆبایل و لاپتۆپەکانماندا ئامادەین هەموو شت باس بکەین و ڕووت ببینەوە، بەڵام ئەستەمە ئاستی ڕووتبوونەوەمان بۆ هاوڕێ و هاوسەرەکانمان بگاتە ئەو ئاستە کە هەموو شتێکی ژیانمانی لا باس بکەین وەکو ئەوەی لەو تۆڕانەدا ڕەنگدانەوەی هەیە. کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم تۆڕانە بەر هەموو تاکێک کەوتووە ئەگەر تەنها تەمەنی تەنها یەک ساڵیش بێت. بۆیە ناکرێت وێنای ئێستامان بکەین بەبێ ئەم تۆڕانە. بۆیە هێدی هێدی خەریکە هەموو جومگەکانی ژیانمان داگیر دەکات. هەر لێرەشەوەیە نوێترین کاری "کۆری شانۆیی با" کارێکە تەرخانە بۆ قسەکردن لەسەر لێکەوتەکانی ئەم تۆڕانە و پەیوەستبوونی مرۆڤ بەو ئامێرەی ناوی "مۆبایل"ـە.

شانۆیی "هیچم نییە بیشارمەوە" نوێترین کاری "کۆری شانۆی با"یە، کە لە ڕۆژی شەشی ئەم مانگەوە دەست بە نمایش کراوە و تا 20 مانگ بەردەوام دەبێت. شانۆگەرییەکە تێکستی "پاولۆ جینۆڤێسی"ـە و ئامادەکردن و وەرگێڕان و دەرهێنانی "ڕێژەن جەمال"ە. لە نواندنی "کاردۆ عەزیز، نوا غەفار، ئاکۆ ئیسماعیل، سۆزان بابا عەلی، ئاکام تاهیر، زمناکۆ کەریم، ڕاژان ڕزگار"ن. شانۆگەرییەکە بە یارییەک دەستی پێ کرد، یارییەک کە سادە و ئاسایی دەهاتە بەرچاو، بەڵام خاڵی نەبوو لە لێکەوتنی سەیروسەمەرە و کاریگەر، کە ئاراستەی ژیانی تەواوی کاراکتەرەکانی ئاوەژوو کردەوە. یاریەکە دانانی مۆبایلەکانی هەر یەکێک لە کاراکتەرەکانی نێو شانۆگەرییەکە بوو لەسەر مێزێک کە لە هەموو کاراکتەرەکانی هاوڕێی یەکتری بوون و لە ماڵی یەکێک لە هاوڕێکان بۆ خوانێک کۆببونەوە. بەڵام یاریەکە مەرجێکی هەبوو ئەویش ئەوە بوو کە هەر نامە و پەیوەندییەک هات دەبێت لەنێوان هەمواندا ئاشکرا بێت و بە ئاشکرا وەڵامبدرێتەوە.

هەر لە چەند خولەکی سەرەتای یاریەکەوە دەردەکەوێت کە هەموان بە یارییەکە سەغڵەتن، بەڵام ناچارانە ملی بۆ دەدەن و بەوەش دەردەکەوێت، کە کەسیان نییە شتێکی نەبێت بیشارێتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی یەکێک لە کاراکتەرەکان کە خۆی زۆر بێمنەت پیشان دەدات بۆگەمەکە، بەڵام ئەویش دواجار بە جۆرێک لە جۆرەکان چەند شتێکی شاراوەی هەیە.  ڕەنگە لێرەدا خۆش نەبێت تەواوی شانۆییەکە بگێڕمەوە، بەڵام ئەم کوتەیەم بۆیە باس کرد تا ڕێگە خۆش بکەم بۆ چەند ڕستەیەک، کە لەسەرەوە بەهۆی یۆڤال نوحەوە هەندێک ئامادەمان پێ دا و لێرەدا و بە کۆمەکی ئەم شانۆییە، دەتوانین بڵێین، ئەوە ئێمە نین مۆبایل و ئامێرە زیرەک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردێنین، بەڵکو ئەوە ئەوانن بوونەتە بەشێکی گەورە لە ژیانی ئێمە و بەکارمان دێنن.

ڕەنگە لەم دۆخەی ئێستادا کە هێشتا بەشێک لە بەکارهێنەرانی ئەم ئامێرە زیرەک و تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بە وشیارییەوە بەکاری دەهێنن مەترسی ئەم تۆڕانە زۆر دیار نەبێت. بەڵام ئەگەر سنوورێک بۆ کات و پەیوەندییەکانمان لەنێو ئەم تۆڕانەدا دیاری نەکرێت دەشێ کاریگەریی تەواو خراپ و ماڵوێرانکەری لێ بکەوێتەوە. ئەم شانۆییە دیوێکی ئەم کاریگەرییە خراپ و ماڵوێرانکەرەی بۆ گواستینەوە. بەڵام پێویستمان بە چەندین کاری دیکەی جیدی لەم بابەتە هەیە تا وشیاریی زیاتر بڵاوبکرێتەوە و مەترسییەکانی خۆ تەسلیمکردن بەم تۆڕ و ئامێرانە بۆ هەموان ڕوون بێتەوە.

دەستخۆشی بۆ ستافی شانۆییەکە و هەموو ئەوانەی لە پشت ئەم کارەوە بوون، چەشنی ئاوی حەیات بوون بۆ ئەو هەموو تینووبوونەی بینەرانی شانۆ، کە بەهۆ

 

ئارام کۆشکی

© 2017 Hawler