تشرینی یەکەم 29, 2020

باکۆ سۆرانی: دووری لە زێدو نیشتیمان تاڵیەكی زۆر گەورەیە كە بە وشە باس ناكرێت، ئەم دووریەشم وەك خۆشەوێستی تەوزیف كردووە بۆ وڵاتەكەم

زۆرێك لەوانەی روو لە هەندەران دەكەن بە هەر هۆكارێك بێت لەو وڵاتەی بە نیشتمانی دووەمی خۆیانس هەڵدەبژێرن دەستبەرداری ئارەزوو و هیوای خۆیان نابن و لەو وڵاتەشدا بەشێوەیەكی باشتر و بە تەرزێكی ئەكادیمیتر بەردەوامی بە هیوایەتەكانی خۆیان دەدەن. باكۆ سۆرانی یەكێكە لەو ناوانەی كە ماوەی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە لە وڵاتی هۆڵەندا دەژی. لە كوردستان شانۆكار بووە و لەم وڵاتەشدا پەرستاریی سپێشیالستی دڵی وەك پیشە بۆ خۆی هەڵبژاردووە، بەڵام دەستبەرداری هیچیان نەبووەو بەردەوامی بە هەردووكیان داوەو خۆی تێدا بەهرەمەند كردووە، كارەكانم بەشێوەیەكی پسپۆڕانە ئەكەم لەبەرئەوەی من ساڵێك لە بواری شانۆ لە هۆڵەندا خوێندوومە تاوەكو ئەم بروانامەی لەكوردستان هەمبوو لەگەڵ بڕوانامەی هۆڵەندی یەكسان بكەمەوە، جگە لەوەش لە بواری راگەیاندنی هونەری دووساڵ خوێندوومە، و هەروەها حەوت ساڵ لەبواری پزیشكی خوێندوومە و ئێستا وەكو مزەمیدێكی پسپۆڕ و پاسیارێكی پسپۆڕ لەبواری دڵ كار دەكەم لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی هۆڵەندا.

 

ناوم (باكۆ سۆرانی) زیاتر لە 25 ساڵ لە وڵاتی هۆڵەندا دەژیم، دوو پیشەم هەیە شانۆكار و پەرستاری سپێشیالستی دڵ، لە بووژاندنەوەی دڵ. لە شانۆدا وەكو دەرهێنەر و ئەكتەر و چیرۆكگێڕەوە و مامۆستای شانۆ بەردەوامم لەسەر كار، سەدان چالاكیی هەمەڕەنگم نەخشاندوە، هاوكات بۆ بژێوی ژیان و قبووڵنەكردنی پارەی سۆشیال، ١٧ ساڵ لەمەو پێش دەستم كرد بە خۆێندنی بەشی زانستی پزیشكی و ٧ ساڵ بە چەند قۆناغی جیا جیا تا بوومە پەرستاری سپێشیالستی ئۆرگانی دڵ، كە بە شانازییەوە ئەم كارە و شانۆكاری تێكەڵ ئەكەم و شانازیش بەم تێكەڵییە ئەكەم. جار جاریش دەوری پزیشكی دەروونی ئەبینم و هەست بە خۆشی ئەكەم لە سەر سەكۆی شانۆ.

دەرچووی پەیمانگای هونەرە جواناكان بەشی دەرهێنانم. من دەرهێنەرم باشترە بڵێم شانۆكارم، جارجار كاری نواندن و چیرۆك بێژی ئەكەم. لەهۆڵەندا مامۆستا شانۆم و دەرهێنەرم. لێرە مۆڵەتی مێدیام خوێندووە.

چۆن لە دووریس نیشتمان و زێدی باب و باپیران هەڵدەكەن ؟

دووریی نیشتمان ناخۆشیەك و تاڵیەكی زۆر گەورەیە كە بە وشە باس ناكرێت. ئەم دووریەش وا لێی فێربووم چۆن خۆشەوێستی وڵاتم و شارەكەم و كەسوكارم كلتوورم زیاتر بێت، لەبەر ئەوەی لێیانەوە دوورم، بەڵام دەتوانم هەستیان پێ بكەم، لەڕێگای خوێندنەوەی رۆژنامە و كتێبەكان.

ئاگادریەكی باشی كلتووری كوردیم هاوسەنگی هاوچەرخانە بكەم بۆ ئەوەی بتوانم هەست بەوە نەكەم كە دوورم، بە جەستە لە تاراوگەم، بەڵام بە روح لە كوردستان ئەژیم.

لەم وڵاتەدا سروشتی پەیوەندیتان لەگەڵ كوردەكانی تارواگە چۆنە؟

پەیوەندیم لەگەڵ كوردەكانی تاراوگە زۆر باشە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەوكەسانەی پسپۆڕن لەبواری هونەری و ئەدەبیدا، زۆربەی كارەكانم لەگەڵ كوردەكانە و هەروەها لەگەڵ هۆڵەندیەكان چەندەها شانۆمان لەسەر ئەنفال و منداڵان پێشكەش كردووە، هەروەها هەركوردێك بێتە نەخۆشخانە باری تەندروستیی ناجێگیر بێت بەهۆی كاركردنم لە نەخۆشخانە یارمەتیی كوردەكان دەدەم. بۆیە پەیوەندیەكی باشم لەگەڵ كوردەكانی تاراوگە هەیە.

تاكی كورد چ میكانزمێك بگرێتە بەر و چ كارێك بكەن تاكو خزمەت بە وڵاتەكەیان بكەن ؟

من پێم باشە هەموو كوردێك خزمەتی وڵاتەكەی خۆی كلتووری خۆی بكات، هیچ كات ڕەچەڵەكی خۆی نابێت لەبیر بكات. وەكو پێشینیان گوتیانە ( بەرد لە جێگەی خۆی سەنگینە) كەوابوو هەوڵی سەنگی خۆت ئەدەیت دەبێت كوردستان و كلتووری خۆت بدەی، من دوورم لە كوردستان بەڵام لەبەر ئەوەی لێرە خزمەتی كلتووری كوردی ئەكەم هەست بە بوونی خۆم ئەكەم و چەندەها جار هۆڵەندیەكان وسیاسەت مەدارانی هۆڵەندی دێنە سەرخەت دەست خۆشیمان لێ دەكەن لەكارەكانماندا.

ئەو كارەی لێرە ئەنجامی دەدەن لە چوارچێوەی پسپۆڕیی خۆتانە یان شارەزایتان لێی هەیە یانیش بە ناچاری هەڵتانبژاردووە ؟

من كارەكانم بەشێوەیەكی پسپۆڕی ئەكەم لەبەرئەوەی من ساڵێك لە بواری شانۆ لە هۆڵەندا خوێندوومە تاوەكو ئەم بڕوانامەی لەكوردستان هەمبوو لەگەڵ بڕوانامەی هۆڵەندی بگونجێنم، جگە لەوەش لەبواری راگەیاندنی هونەری دووساڵ خوێندوومە، و هەروەها حەوت ساڵ لەبواری پزیشكی خوێندوومە ئێستا وەكو مزەمیدێكی پسپۆڕ، پاسیارێكی پسپۆڕ لەبواری دڵ  لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی هۆڵەندا كار دەكەم.

 حەز دەكەین پێناسەتان بۆ پرۆسەی خزمەتكردن بە نیشتمان بزانین ؟

پێناسەی خزمەتكردنی نیشتمان لە تاراوگەوە پێناسەكردنێكی بێسنوورە، من لە كاتی پێشكەش كردنی شانۆوە بە دەنگێكی بەرز دەڵێم من كوردم زۆر جاریش بە جلی كوردی پێشوازی لەمیوانان دەكەم دواتر بەزمانی هۆڵەندی پێشكەش دەكەم كوردەكانی هۆڵەندا و هۆڵەندیەكانیش دەزانن كە شانۆی بێسنوور كوردایەتیەكی زۆری تێدایە لە ناخەوە. جگە لەوەی نامانەوێت خۆمان فەڕز بكەین بەس دەمانەوێت بزانن كەوا كوردیش هاوشانە لە پێشكەشكردنی زانست و هونەر لە جیهاندا.

 داواكاریتان لە جەماوەری كوردستان چییە كە ئێستا لە ململانێ پەتای كۆرۆنادان ؟

ئامۆژگاریم ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان رێنمایی تەندروستی جێبەجێ بكەن، سروشتی پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكانی خۆیان بپارێزن و زیاتر ئەو پەیوەندیانە بە مۆبایل رایی بكەن و لەكاتی كاری دەرەكیدا دەمامك ببەستن، لە رێنمایەكانی هۆڵەندا وایان پێباشە هەموو كەسێك مەترێك و نیو نیوانیان هەبێت تا لەیەكتر دوور بن، وا باشترە خەلكی كوردستانیش وا بكەن تاوكو ئەم نەخۆشیە لەناو دەچێت و كوردستان پارێزراو دەبێت، هیوادارم هەركەسێ نەخۆش كەوت نیشانەكانی ئەم ڤایرۆسەی هەبوو ل ەماڵەوە دانیشێت و خۆی كەرنتینە بكات تا چاك دەبێتەوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان چ پەیوەندیەك دروست بكات لەگەڵ دیاسپۆرای كوردی و ئەوانەی شارەزاییان هەیە ؟

هیوادام حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندی دروست بكات لەگەڵ پسپۆڕان و هەموو ئەو كەسانەی شارەزاییان هەیە لەبواری تەندروستی و هەموو بورەكانی تردا، حكوومەتی هۆڵەندا هیچ بریارەكی پزیشكی نادات بۆ شارەزایانی پزیشكی یان بڕیاریان لەسەربدات بڕیارەكات دەداتە بەردەست ئەوكەسانەی كە شارەزایان هەیە دەتوانن بڕیاری ڕاست دروست بدەن لەسەر ئەم كارەی كەدەوێتە سەرشانیان. بۆیە پێم باشە حكوومەتی كوردستان پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزاكان هەبێت تاكو بتوانن سوودیان لێ وەربگرن هەوڵ بدەن نەخشەیەكی باش دروست بكەن بۆ ئەوەی كوردستان رزگار بكەن لەم پەتایە، هەروەها بۆ هەموو كارەكان

 

عبدولغفار هەولێری

© 2017 Hawler