تشرینی یەکەم 27, 2020

لە ڕێگەی چەند کارێکی هونەری (هەڵمەتی هۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا) ئەنجامدرا

کاتژمێر (4)ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، بەرواری 2020/9/9، لە گۆڕەپانی باغی شاری هەولێر، سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی جیهان لە درێژەی کارو چاڵاکیەکانیدا، بە پاڵپشتی زانکۆی جیهان، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و پاراستنی تاکەکانی کۆمەڵگا، (هەڵمەتی هۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا)ی، لە ژێر دروشمی (خۆت و ئازیزانتان بپارێزن) ئەنجامدا.

 

شایەنی ئاماژە پێدانە: هەڵمەتە هۆشیاریەکە، بە ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەستی پێکرد، و تێیدا داتای (6) مانگی شەهیدان بە ڤایڕۆسی کۆڕۆنا خرایەڕوو، دواتر (مەرکانە گوڵ)ی تایبەت بە قەد ئاماری شەهیدانی پەتای کۆڕۆنا وەک ماتەمینیەک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، کە مەرکانی گوڵەکان لە لایەن بەشی سیرامیکی سەنتەرەکە ئامادە کرابوون، هاوکات پێشانگایەکی پۆستەری هونەری لەسەر کۆڕۆنا کرایەوە کە ژمارەیان (16) تابلۆی مانا بەخش بوون بە سایزی (70 بە 50) چاپکرابوون، کارەکان بووە جێگەی سەرەنجی ئامادەبووان، جگە لەمە ژمارەیەکی زۆر بڕۆشۆری هۆشیاری و کەمامە لە ڕێگای ستافی سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان بەسەر هاونیشتمانیان دابەش کرا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ (برهان سابر) به‌رپرسی سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری زانكۆی جیهان بە (هه‌ولێر)ی ڕاگەیاند: زانکۆی جیهان وەک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و زانستی، هەمیشە ڕۆڵێکی کارای هەبووە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا، بۆ ئەوەی تاکی پڕ بەرهەم و ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگاکەمان بنیاد بنێت.

گوتیشی: ئێمە وەکو سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان، وەک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بە ئەرکی خۆمانمان زانی، ئەم پڕۆژە هۆشیاری و هونەریەمان پێشکەش کرد، کە پێک هاتبوو لە دانانی (مەرکانە گوڵ)ی تایبەت بە قەد ئاماری شەهیدانی پەتای کۆڕۆنا وەک ماتەمینیەک، هەروەها لەم چاڵاکییەدا داتای (6) مانگی شەهیدبوون بەو نەخۆشیه خرایەڕوو بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە ئاگا بێن لەوەی ئەو داتایانە ڕۆژ بەڕۆژ لە بەرز بوونەوە دایە.

ئاماژەی بەوەشدا: بەشێکی تر لە چاڵاکیەکە پیشاندانی چەند تابلۆیەکی هونەری بوو، کە پەیامی هۆشیاریان بە بینەرانی دەدا، ئەنجامدانی ئەم چاڵاکییەش بەو ئامانجەبوو کە هاونیشتیمانیان هۆشیار ببنەوە، بۆ ئەوەی چیتر مەرگی ئازیزان نەبینن، تاک پارێزی بکەنە فریاد ڕەس بەسەر ئەو پەتایە کوشندەیەی کە کاری خستۆتە سەر هەموو جومگەکانی ژیان.

له ‌كۆتاییدا گوتی: هۆشیاری چەکێکی سەرەکییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێمەش بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لە بڵاوکردنەوەی ئەم هۆشیاریە ڕۆڵێکی کارامان هەبێت و ئه‌نجامه‌كه‌ی ببێته‌ هۆی پاراستنی گیانی تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان.

سەرهەنگ غەریب - هەولێر

© 2017 Hawler