تشرینی یەکەم 29, 2020

کـۆڕۆنا تەنگی بە گەورە هونەرمەندانی جیهان هەڵچنیووە!

لەگەڵ ئەو شەپۆلە بەھێزە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کە ھەموو جیھانی گرتەوە و گشت چالاکیی و جموجۆڵە ھونەریی و ئابوورییەکان لە دنیا وەستێندرا و جوانیەکان لە وڵاتان کاڵبوونەوە، ھونەریش کە بەشێکی گرنگی کلتووری وڵاتانە، بەو ھۆیەوە لە چالاکیەکانی دا سستی بەخۆیەوە بینی، تەنانەت ھونەرمەندان لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامن و ھۆڵەکانی گۆرانی و موزیک و سینەما بە تەواوەتی بەڕوویاندا داخرا.

 

لەو نێوەندەشدا بەپێویستمان زانی ڕا و سەرنجی چەند ھونەرمەندێکی عەرەبی و جیھانی وەرگرین و لێیان بپرسین کۆڕۆنا چ ئاستەنگێکی لەبەردەم کارە ھونەرییەکانیان دروست کردووە، یاخوود ئەوان بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە نەگریسە چ ڕێکارێکیان گرتووەتە بەر، ئایا دەتوانن جارێکی تر ھۆڵە سینەمایی و شانۆیی و موزیکیەکان بکەنەوە، یان بپرسین کۆڕۆنا لە ڕووی ئابوورییەوە تا چەند کاریگەریی کردووەتە سەر بژێوی ژیانی ھونەرمەندان، چونکە ھونەرمەندانی جیھان، جگە لە ھونەرەکەیان ھیچ داھاتێکی ئەوتۆیان نیە بۆ شوێنگرەوەی کارەکانیان.

سینەمای میسری لەبەردەم قەیرانێکی سەختی ئابوورییە!

لە دەستپێکی ئەم ڕێپۆرتاژەدا، یەکێک لە ھونەرمەندە ھەرە بەرچاوەکانی شانۆ و سینەمای میسری دواند، کە ئەویش خانمە ھونەرمەند (عایدە ڕیاز)ـە و بە کچە ڕۆمانسیەکەی نێو سینەمای ئەو وڵاتە دەناسرێت، ئەگەرچی ئەو تەمەنی ئێستا گەیشتووەتە 66 ساڵی تەواو، بەڵام لە ڕووخساردا ھەر گەنجە و ھۆکاری ئەو گەنجیەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە تەمەنی خۆی لەسەر تەختی شانۆ و سینەما بەسەر بردووە و لە ڕێگەی ھونەرەکەشیدا بە گەنجیەتی ماوەتەوە.

ھاوکات لەگەڵ ھاوژینە ھونەرمەندەکەی کە (ئەحمەد بودێر)ـە، ھەمیشە لە خۆئامادەکردن دابوونە بۆ گەڵاڵە کردنی پڕۆژەی ھونەریی، ئێستایش کەوتوونەتە ژێرباری شەڕێکی سەخت لەگەڵ کۆڕۆنا و قەیرانی سەختی ئابووریی بەھۆی ئەو ڤایرۆسە ترسناکەی کە جیھانی لە ھەموو چالاکیەکدا وەستاندووە، لە ئاخاوتنە تایبەتەکەشیدا دەڵێت: فرمێسکی گەرم بۆ سینەمای وڵاتەکەم دەڕێژم، چونکە میسر بە ھونەری جوانی خۆیان لە دنیادا خۆیان ناساند، کەچی ئەمڕۆ کەوتووینەتە بەردەم ھەڕەشەیەکی گەورەی ئابووریی و تەندروستی.

ئەو ڤایرۆسە نەگریسە ئێمەی لە گشت چالاکییە ھونەرییەکاندا بێبەش کردووە، کاتێک بەرەو ھۆڵە سینەماییەکان ھەنگاودەنێین، لە ترسی مەرگدا پاشەکشێ بە کارە ھونەرییەکانمان دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێ ئومێدنین لەوەی جارێکی تر دەست لە ملانێی ھونەرەکەمان بکەینەوە و ڕۆژێکی نوێ لە ئاسمانی میسردا ھەڵدێت و بە دەیان بەرھەمی ھونەریی جوانەوە دەگەڕێینەوە ئامێزی جەماوەری ھونەردۆستی وڵاتەکەمان، کە ئێستا لە چاوەڕوانیدان بۆ دووبارە پێشکەشکردنەوەی بەرھەمە ھونەرییەکانی ئێمە.

ڕووناکی ھۆڵە موزیکیەکان خامۆشن!

وەنەبێت تەنیا سینەما و شانۆ لە جموجۆڵەکانیان وەستابن، بەڵکو موزیک و گۆرانی لە سەردەمی کۆڕۆنادا بە تەواوەتی لە جووڵەدا وەستاوە، وەک ئەوەی ھونەرمەندی ناسراوی تورک (ئیبڕۆ یەشار) ئاماژەی بۆ دەکات، گۆرانی و موزیک کە ڕۆژانێک ببوون بە بەشێک لە ژیانی خەڵکی ئەمڕۆ بە تەواوەتی لە خەڵک دابڕێندراون، چونکە خەڵکی ئەو وڵاتە وا ڕاھاتوون، کە جگە لە بڵاوکردنەوەی کلیپ و بەرھەمی نوێ، شەوانە لە یانە موزیکیەکاندا ئامادەی شەوە ئاھەنگەکان بن و ڕاستەوخۆ گوێ بۆ ھونەری ئێمە بگرن، بەڵام داخی گرانم، کە ئێستا ھۆڵە موزیکیەکان بێدەنگیان ھەڵبژاردووە و ڕووناکیان لەسەر خۆیاندا خامۆش کردووە، کە ئەمەش دڵتەنگیەکی زۆری لای جەماوەرەکەمان دروست کردووە، ھاوکات زیانێکی زۆری بەر ئێمەی ھونەرمەند کەوتووە، چونکە لە ڕێگەی شەوە ئاھەنگەکانمان داھاتێکمان دەست دەکەوت و لەو ڕێیەشەوە دەمانتوانی بەرھەمی نوێ و ئەلبوومی تازە بخەینە بازاڕەکانەوە، کە ھۆڵی ئاھەنگەکانیش ڕووناکیان تێدا نەما، ئێمەش بێدەنگیمان لە بەرھەمی نوێوە ھەڵبژارد، ئەمانە جگە لەو دڵەڕاوکێیەی کە ڕووبەڕوومان بووەتەوە، کە ئاخۆ ئەو دوژمنە نادیارە تا چەند ئازارمان دەدات بە لێسەندنەوەی ئازیزانمان، چونکە ژیان لە ھەموو دنیا لە ترس و دڵەڕاوکێدایە، وەک خۆشم تا ھەنووکە بەشێوەیەکی تۆکمە ڕێنوێنە تەندروستیەکان جێبەجێ دەکەم و دەشمەوێ لەو ڕێگایەدا ئازیزانم لە مەرگ بپارێزم.

کامێرا سینەماییەکان ناتوانن تراژیدیاکان وەک خۆی تۆمار بکەن!

لە چوارچێوەی ئەو ڕێپۆرتاژە ھونەریی دا، کچە ھونەرمەندێکی بواری موزیکی و نواندن، کە بە ڕۆڵەکانی لە نێو دراما و موزیکدا بووەتە ناوێکی دیار و بەرچاوی میسر لە خانەوادەیەکی ھونەریی دا پەروەردە بووە و لەسەر دەستی (سەمیر غانم)ـی گەورە ھونەرمەندی ئەو وڵاتە خۆی خزاندووەتە نێو سینەما و کاری درامیی دا، کە ھەم باوکە و ھەمیش مامۆستایەتی و (دنیا سەمیر غانم) بە ڕوونی باسی لەوەکرد، کە وڵاتەکەی ڕووبەڕووی چ ئاستەنگێک بووەتەوە و گوتی: مخابن، کە ئێستا ژیان لە جوانیەکانی خۆی دا وەستاوە، تەنانەت ھیچ قەسیدەیەک و گۆرانی و موزیکێک و بەرھەمێکی سینەمایی ناتوانێت بەرگەی ئەو ھەموو تراژیدیانە بگرێت، کە بەھۆی ئەو ڤایرۆسەوە ڕووبەڕووی خەڵکی جیھان بووەتەوە، ئێمەش لە موزیک و لە سینەمادا دابڕاوین، تەنانەت لە کاتی لەدەستدانی ئازیزانمان کامێراکانی سینەما ناتوانن بەرگەی ئەو ھەموو تراژیدیایانە بگرن و بتوانن فرمێسکی گەرمی منداڵان بسڕنەوە، کە بەھۆی ئەو ڤایرۆسەوە کەسە نزیکەکانیان لەدەست دەدەن، ئەمە سەرەڕای ئەو قەیرانە سەختە ئابوورییەی کە دەرگای ھەموو شوێنە گشتی و ھۆڵە ھونەرییەکانی داخستووە، بەھۆی ڕێنوێنەکانی تەندروستی و بڵاوکردنەوەی وشیاری لە مەترسیەکانی ئەو ڤایرۆسە، کە پشکی ھەرە گەورە بەر وڵاتە زلھێزەکانی جیھان کەوت و زۆرترین کەس بوونە قوربانیی، بۆیە ئێمەش لە دڵەوە خەمبارین، کە ناتوانین بە بەرھەمی شانۆیی و سینەمایی بێینەوە باوەشی ھونەرەکەی خۆمان و لەگەڵ جەماوەرە ھونەردۆستەکەماندا ئاشت ببینەوە.

ھێندە لە کۆڕۆنا ناترسین، ئەوەندەی لە کەوتنی ھونەری ئەو وڵاتە دەترسن!.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا (دنیا سەمیر غانم) گوتی: ئێمە ھێندە لە کۆڕۆنا ناترسن، ئەوەندەی لە کەوتنی ھونەری ئەو وڵاتە دەترسین!.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من لەوە دڵنیام ھونەری وڵاتەکەم دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی و بە دەیان بەرھەمی نەمریشەوە دەست دەکەینەوە بە چالاکیەکانمان.

 

© 2017 Hawler