تشرینی یەکەم 21, 2020

كورتە فیلمێكی كوردی لە بەریتانیا بەرهەم هات

كورتە فیلمی (زەینەب) نوێترین كاری هونەرمەند (دەروێش عومەر)ە،   ئێستا  لە قۆناغی پۆست پرۆدێكشنە، وا بڕیارە بەم زووانە سەرجەم كارە هونەریەكانی تەواو بكرێت و ڕەوانەی فێستیڤاڵەكان بكرێت.

 

لەم بارەیەوە هونەرمەند (دەروێش عومەر) بە ڕۆژنامەی "هەولێر"ی ڕاگەیاند: كورتە فیلمی (زەینەب) لە وڵاتی بەریتانیا و لە شاری مانچستەر وێنەی گیراوە، ستافێكی خۆبەخشی بە ئەزموونی كورد و ئەورووپی و ئاسیایی تێيدا بەشدارن.

گوتیشی: هیوادارین لە دوای تەواوبوونی مۆنتاژ و دەنگ و ڕەنگ بەشداریی زۆربەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەكانی جیهان بكات.

سەبارەت بە چیرۆكی فیلمەكەش گوتی: باس لە ژنێكی كورد دەكات، كە دەكەوێتە دەستی داعش و لە لایەن سەركردەیەكی داعشەوە دەستدرێژیی دەكرێتەسەر، دواتر ڕزگار دەبێت و دەگاتە وڵاتی بەریتانیا، لەوێش بەردەوام لەگەڵ خەونە ترسناكەكانی سەردەمی داعشدا دەژی، تا دواجار هیوا بۆ بەردەوامبوون دەدۆزێتەوە.

ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: كورتە فیلمی (زەینەب) لە نووسین و پرۆدیسەری (ئاوات عوسمان)ـە و (سۆران سۆرانی) بەڕێوەبەری وێنەگرتنەكەیەتی، (شكۆ جوانڕۆ) یاریدەدەری كامێرامانە و (نەوزاد محەمەد) دەنگهەڵگری كورتە فیلمەكەیە، هاوكات هەریەك لە هونەرمەندان (ژیان مۆبێرگ، ڕزگار كەریم، نەوال سەعید، جوان ئیبراهیم) و چەندین ئەكتەری دیكەی كورد و ئەورووپی و ئاسیایی ڕۆڵی تێدا دەگێرن.

سەرهەنگ غەریب - هەولێر

© 2017 Hawler