ئەیلول 18, 2020

فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" لە قۆناغی پۆست پڕۆدێكشنە

"بێنیشتمان" ناونیشانی سێیەمین فیلمی سینەماكار"تورەج ئەسڵانی"یە، بە ڕۆڵ بینینی كۆمەڵێك لە ئەكتەرەكانی (توركیا، سووریا، عێراق و هەرێمی كوردستان) بەرهەم هاتووە، فیلمەكە لە ماوەی ڕابردوو كاری وێنەگرتنی تەواو كرا، لە ئێستادا لە قۆناغی پۆست پڕۆدێكشنە.

لە ڕاگەیاندراوێكی ستافی ڕاگەیاندنی فیلمەكە، كە وێنەیەكی بۆ ڕۆژنامەی (هەولێر) هاتووە: ئاماژە بەوە كراوە بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا سەرجەم كارە هونەریەكانی فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" تەواو بكرێت و ڕەوانەی فێستیڤاڵە جیهانیەكان بكرێت.
لە ڕاگەیاندراوەكە ئاماژە لەوەشكراوە: فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" سێیەمین فیلمی درێژی سینەمایی "توورج ئەسڵانی"، تیایدا كۆمەڵێك لە ئەكتەرەكانی وڵاتانی توركیا، سووریا، عێراق و هەرێمی كوردستان بە چوار زمانی (كوردی، توركی، عەڕەبی و فارسی) ڕۆڵیان بینیووە.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێن: فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی سینەماكاری كورد "توورەج ئەسڵانی"یە، كە بەرهەمی وڵاتی عێراقە، كاری وێنەگرتنەكەشی بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ لە شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ كراوە.
جێگەی ئاماژە پێدانە: "توورج ئەسڵانی" وەكو بەڕێوەبەریی وێنەگرتن ساڵانێكە لە فێستیڤاڵە جۆراو جۆرە نێودەوڵەتییەكاندا بەشدارییەكی سەركەووتوانەی هەبووە و كۆمەڵێك خەڵاتی گرینگی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێناوە، "بێ نیشتمان" سێیەمین فیلمی درێژی سینەمایی ئەم دەرهێنەرە نوێخوازە كوردەیە، كە دوای فیلمی سینەمایی "بارهەڵگریی زێڕ" و فیلمی سینەمایی "جینگۆ" بەرهەم هاتووە.
لە بەشێكیتری ڕاگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەسەركەوتنەكانی دووەم فیلمی كراوە و تێیدا هاتووە: فیلمی سینەمایی "بارهەڵگریی زێڕ" لە یەكەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی "ڕەوتە نوێیەكان" لە بیست و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بووسان" لە شاری بووسان لە وڵاتی كۆریای باشوور نمایشكرا و كاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەكەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە سینەماییە بوو و لە درێژەدا لە بەشی پێشبڕكێی "سینەمای جیهان" لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆك" لە هەرێمی كوردستان نمایشكرا و "توورەج ئەسڵانی" بۆ دەرهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی "بەهرەمەندی نوێی" بەدەستهێناو لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە، خەڵاتی "گەڵای مێو" و لەوحەی فەخری پێبەخشرا.
ئەم بەرهەمە سینەمایی لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەكانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "چاتراپاتی شیواجی" لە وڵاتی هیندستان چووە سەر پەردەی سینەماكان و خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە "توورج ئەسڵانی" و "هادی نادی" بەخشرا.

 

سەرهەنگ غەریب - هەولێر

© 2017 Hawler