ئەیلول 19, 2020

ئۆسکار ئیسماعیل: ‌مۆدێلیست ده‌بێت ڕێكلام بۆ جلوبه‌رگ و ماكیاج و بۆن بكات

ئەکتەر و ڕاگەیاندکار ئۆسكار ئیسماعیل تەمەنی ٢٢ ساڵە و خه‌ڵكی سلێمانییه‌، له‌ خێزانێكی هه‌ژاردا لەدایك بووە و وه‌ك خۆی له‌م دیمانه‌یه‌ی بۆ ڕۆژنامەی"هەولێر" دەڵێ: " مۆدێلیست حه‌قی به‌ برنج و خه‌نه‌ و شه‌كر و تایتەوە نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ڕێكلام بۆ جلوبه‌رگ و ماكیاج و بۆن بكات.

ئۆسكار گوتی،"ڕاگه‌یاندنم زۆر خۆش ده‌وێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چوونه‌ ناو دنیای ڕاگه‌یاندن زۆر ناخۆشه‌، چونكه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ نه‌بوو كه‌ له‌ خه‌یاڵی خۆمدا كێشابووم و نه‌متوانی په‌یامێكی جوان به‌ خه‌ڵكی ئازاد و بوێر بگه‌یه‌نم".
زیاتر گوتی،"راگه‌یاندكار ده‌بێت ئازادانه‌ بدوێت و قسه‌ بكات، چونكه‌ چه‌كی نییه‌ و نووسین و قسه‌كردن چه‌كی ئه‌وه‌، به‌ڵام لێره‌ ڕێگریی له‌ خاوه‌نی بیری ئازاد ده‌كه‌ن و ناهێڵن به‌ دڵی خۆی قسه‌ بكات، هه‌ندێ خه‌ڵكیش هه‌ن تێناگه‌ن و گاڵته‌ به‌ هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن و ناشیرینی ده‌كه‌ن."
ئۆسکار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ هیچ فیلمێك به‌شداریی نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ڕێكلام بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا ده‌ستبه‌رداری راگه‌یاندن و نواندن نه‌بووه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێ،"من مۆدێلیست نیم و خۆشم به‌ مۆدێلیست نازانم، ته‌نیا ئه‌م كاره‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ ده‌كه‌م، چونكه‌ مرۆڤ پێویسته‌ هه‌موو جۆره‌ كارێك له‌ ژیانی تاقی بكاته‌وه‌".
ئۆسکار ئاماژەی پێدا کە ئه‌وانه‌ی له‌ سۆشیال میدیا به‌ناوبانگن هه‌موو كات تووشی كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی سۆشیال میدیا به‌كار دێنن، به‌شێكیان ئامانجیان شكاندنی كه‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌كانه‌. به‌ڵام من هه‌ر كێشه‌یه‌ك بێته‌ ڕێم گوێی پێ ناده‌م، چونكه‌ هیچ شتێك ناتوانێ له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانم رامگرێ."
ئۆسکار پێشی وایه‌، ده‌بێ ئه‌و كه‌سانه‌ تێبگه‌ن ئه‌مه‌ ناشیرینی نییه‌ ژنێك ئازادانه‌ ئه‌كاونتێكی هه‌بێت و به‌كاری بێنێت بۆ بازرگانیی ڕێكلام، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌خۆی.
وه‌كو خۆی دووپاتی دەکاتەوە کە مۆدێل له‌ كوردستان بووه‌ته‌ ڕێیه‌ك بۆ خۆده‌رخستن. بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانێ ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ مۆدێلیست، مه‌رجه‌كانی بزانن وه‌كو خواردنی ته‌ندروست و وه‌رزش و پزیشكی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت، مۆدێلیست نابێ ڕێكلام بۆ هه‌موو جۆره‌ براندێك بكات بێ ئه‌وه‌ی له‌ جۆر و كوالێتی برانده‌كه‌ بزانێت".
پێم خۆشه‌ ڕێكلام بۆ یه‌ك جۆر براند بكه‌م نه‌ك هه‌ر ڕۆژه‌ و بۆ جۆرێك، ته‌نیا ئامانجیشم به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ بێت، هه‌روه‌ها مۆدێلیست حه‌قی به‌ برنج و خه‌نه‌ و شه‌كر و تایت نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ڕێكلام بۆ جلوبه‌رگ و ماكیاج و بۆن بكات.

© 2017 Hawler