ئەیلول 19, 2020

تارا محەمەد: بە تابلۆکانم گوزارشت لە ئازادیی ژن دەکەم

گرافیک و شێوەکار تارا محەمەد تەمەنی ٣٤ ساڵە و خەڵکی ئێرانە. ناوبراو لەو دیمانەیەی بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ: " بە تابلۆکانم گوزارشت لە ئازادیی ژن دەکەم.

لە کەیەوە دەستت بە کاری گرافیک و شێوەکاری کردووە؟
دوای زانکۆ کە گرافیک دیزاینم تەواو کرد، دەستم کرد بە کارکردن وەکو گرافیست لە کۆمپانیایەکی ڕێکلام لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا.

تابلۆکانت گوزارشت لە چ دەکات؟
ئەو تابلۆ ڕووتانەم گوزارشت لە ئازادیی ژن دەکات، ئەو ژنانەی دەچەوسێنرێنەوە و ئازار دەدرێن، نەک ئازادی بە مانای جنس و سێکس، بەڵکو تابلۆکانم ناڕەزایەتییە لەبەرامبەر کوشتن و ئازاردانی ژنان و کچانی بێتاوان.

تا ئێستا چەند پێشانگای هاوبەش و تایبەتت کردۆتەوە؟
تا ئێستا چوار پێشانگام کردۆتەوە، دوو دانە تایبەت بەخۆم و دوو دانەکەی تر بە هاوبەشی کردوومەتەوە، هەموو پێشانگاکان لە ٨ مارس بووە و تایبەت بووە بە بابەتی ژنانەوە.

تاتۆکردن چ مانایەک دەبەخشێت لای تۆ؟
تاتۆ دانانی ڕەنگە لەسەر پێست بۆ هەمیشە، لەبەر ئەوەی دەتوانین هەم وەکو شتێکی باش بیری لێ بکەینەوە بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی وەکو نەخۆشی و داپۆسینی شوێنی سووتاو و کەچەڵی و شوێنی شکاو، هەم رقمان لێی بێت وەکو شتێک ئەگەر بیکەی تازە لەسەر پێست لاناچێت.

تابلۆکانت هەڵگری بێت چ پەیامێکن؟
جوانترین تابلۆم چوار دانەن کە گوزارشتی ژیانی خۆمن و خەمۆکی و ئازار لە دەم و چاو و جەستەی تابلۆکە دەتوانن وەری بگرن و سەیری بکەن.

چۆن بوو دونیای هونەرت هەڵبژارد؟
من کەسێکی هونەر دۆستم و ناخێکی هونەریم هەیە هەر لەمنداڵیەوە، زۆر ئارام دەبمەوە بەکاری هونەری.

تاتۆکردن پێویستی بە ئەزموونی زۆر و شارەزایی هەیە؟
تاتۆکردن کارێکی زەحمەت و پڕ بەرپرسیارێتیە، چونکە پەیوەستە بە دەموچاو و جەستەی خەڵک، لەبەر ئەوە ئەو کەسەی کاری تاتۆ دەکات دەبێت خاوەن بڕوانامە بێت کەسێکی شارەزا بێت، دەبێت ئەو کەسە نەخۆشیی نەبێت و لەلایەن تەندرووستیەوە ڕێگەی پێدرابێت، کەلوپەلی تاتۆکەش هەمووی بێ کێشە بێت و بەرواری لەسەر بێت.

تا ئێستا بەشداری فیلمی سینەماییت کردووە؟
زۆر جار پێم دەڵێن بۆ بەشداری فیلم ناکەی، زۆر داوام لێ دەکەن وەکو ئەکتەر ڕۆڵ ببینم، بەڵام پێم وانییە بتوانم بیکەم.

© 2017 Hawler