ئەم پەڕەیە چاپ بکە

سڵاو بۆ ئەو ئازادییە جوانەی کە لە ناختدا دروستت کردبوو کایا گیان

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنی کورد ئەحمەد کایا، ساڵی ١٩٥٧ لە شاری مەلەدیی باکووری کوردستان لەدایک بووە. لە دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕی، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریکی مۆسیقا بووە. پێش ئەوەی وەکو گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئەستەمبوڵ شۆفێری تەکسی بووە، ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی خۆشەویستی بەناوی "بەشار ئابی" کاری شۆفێری پاسیشی کردووە.

کایا، ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئەلبوومی خۆی بە ناوی "مەگری کۆرپەکەم" بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی شێوازەکەی شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوکاریی بکات. ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆکاری ساردبوونەوەی و بە ھاوکاریی دۆستەکانی یەکەمین ئەلبوومی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام حکوومەت ئەلبوومەکەی قەدەغە کرد.
کایا لە منداڵییەوە ڕوحێکی یاخی ھەبووە و ھەندێک جاران لەگەڵ یاسا تووشی کێشە بووە، ھەر لەو کاتەوەی لە ١٦ ساڵیدا لەسەر چاپکردنی لافیتەی نایاسایی گیرا. لەگەڵ ھاوڕێکانیدا بەردەوام بوو لە مۆسیقا و گۆرانی لە "یانەی زانستەکانی خەڵک" کە وای کرد کایا زیاتر برەو بدا بە گیانە یاخییەکەی. ئەمەش دواتر لە زۆربەی ئەلبووم و گۆرانییەکانی کایادا ڕەنگ دەداتەوە و ڕووداوەکانی تری ژیانی کایاش بەدوای خۆیدا دەھێنێت. لە یەکەم ھەوڵیشی دا بۆ دەرکەوتن، دوای کۆنسێرتێکی سازژەنی بەناوبانگ بە ناوی "ڕووحی سو"، چووە زانکۆی "بۆغاز ئیچی" و داوای لە ڕووحی کرد کە گوێ لە سازژەنینەکەی روو بگرێ. دوای ئەوەی داواکارییەکەی قبووڵ کرد، ڕووحی لە نیوەی ژەنینەکەی کایادا سازەکەی لەدەست وەرگرت و پێی وت «ساز نابێ بە شێوەیەک بژەنرێ وەک ئەوەی سواری ئەسپ بی، بەڵکو دەبێت بە نەرمی بیژەنی.» کایا لەسەر شێوازی ژەنینەکەی خۆی سوور بوو.

 ژیانی کایا:
کایا پێنجەم و دوا منداڵی خێزانەکەی بووە، باوکی کورد و دایکی تورک بوو. منداڵە باوکی بە ئەسڵ خەڵکی سەمسوور بووە و ڕۆیشتۆتە مەلەدی بۆ دۆزینەوەی کار. کاتێک کایا لەدایک بوو، باوکی لە کارگەیەکی دەوڵەتدا کاری دەکرد. دایک و باوکی و ھەر پێنج منداڵەکە لە خانوویەکی بچووکی کارگەکەدا دەژیان. لە نۆ ساڵیدا لە کارگەکەی باوکی دەستی بە گۆرانیبێژی کرد بۆ کرێکارەکانی تر لە شەوی جەژنی کرێکاراندا.
دوای ئەوەی گەورەتر بوو، کایا دەچوو بۆ خوێندنگە و کاتەکانی تریش لە فرۆشگەیەکی فرۆشتنی قەوان و کاسێتدا کاری دەکرد. ئیشکردن لەو فرۆشگایەدا وای لە کایا کرد کە بە شێوەیەکی باشتر شارەزای مۆسیقا و ئاوازدانان بێت.
زەماوەندی کایا لەگەڵ گویلتەن:
گویلتەن کایا، پێش شووکردن بە کایا نازناوی خەیاڵئۆغڵوو بووە، دوای بڵاوکردنەوەی دووەم ئەلبوومی بەناوی "تێکئاڵان بە ئازار" زەماوەند دەکات لەگەڵ کایا. لە ساڵی ١٩٨٥دا گولتەن ھەڵبەستی "ئاوازی شەبەق"ی نەوزاد چەلیک ئەگەیەنێتە کایا کە بۆ دایکی نەوزاد نووسراوە لە سجنەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦یشدا "کاتێک دێ" بڵاو دەکاتەوە. دوای زەماوەند لەگەڵ گویلتەن، کایا دەبێتە ناسراوی یوسف خەیاڵئۆغڵوی برای گویلتەن کە زۆرێک لە گۆرانیەکانی کایا ھۆنراوەی ئەون.

شەوی خەڵاتکردنی کایا:
گۆڕی ئەحمەد کایا لە پاریس، بە تورکی نووسراوە: لەلایەن کچەکەی مەلیس و ژنەکەی گولتەنەوە دروست کراوە بەو وزە و شەرەفەی بۆی بەجێ هێشتن.
ئەحمەد کایا کە بە گۆرانییە کۆمەلایەتییەکانی لایەنگری خەڵکی ھەژار و کوردی تورکیا دەکات، ئەم شێوازەی گۆرانی گوتن و لایەنگری کەمینەکان دەبێتە ھۆی لە بەندیخانە کران و قەدەغەبوونی گۆرانییەکانی کایا و ھەروەھا رێگای گۆرانی گوتنیشی لێ تەنگ دەکرێتەوە.
لە ١٠ی شوباتی ١٩٩٩ ـدا کایا براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی چاپی تابلۆید دەبێت و براوەی خەڵاتەکە دەر ئەچێت. کاتێک خەلاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵ کە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا پەخش دەکرێ وەردەگرێ و رایدەگەیەنێ: "من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبوومە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم. گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبوومە تازەکەم بڵاو بکەنەوە. دوای تەواوبوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێکی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد:(خاین! بڕۆ دەرێ).

دادگایی کایا و دەرکرانی لە تورکیا:
دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی خەیانەت بە نیشتمانی، دایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ رۆژنامەو دەزگای ڕاگەیاندن داوای حوکمی ئیعدامیشیان بۆ کرد. لەوانە ڕۆژنامەی حوڕییەت بوو کە یەکەم بابەتی دوو ڕۆژ دوای پەلامارەکەی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە یەکەم بابەتی دژی کایا بڵاوکردوە بە وێنەیەکی دروستکراو گوایە کایا لە بەرلین کۆنسێرتی کردووە و پارەی بۆ پەکەکە کۆ کردۆتەوە کە ھەڵبەستراو بوو. دواتریش چەن بابەتی دیکەی بە دواتا ھات. بەڵام ئەحمەد کایا، لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە درابوونە پاڵی. لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەورووپا. دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بۆ کایا دا. ئەحمەد کایاش بەشێک لەو داکۆکینامەیەی لەبەردەم دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا پێشکەشی کرد لە ساڵی ١٩٩٩ دەڵێ:"لەساڵی ١٩٨٥ەوە مۆسیقارێکی پیشەییم. ژنم ھێناوە و دوو کیژی حەڤدەو دوازدە ساڵەم ھەیە. سەدان سترانم داناوەو گەلێ ئاوازیشم بۆ کەسانی دیکە داناوە. حەڤدە ئەلبوومم بڵاو کردۆتەوە کە چەندان ملیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە. لەوڵاتانی دنیا کۆنسێرتم کردووە و چەند جارێک وەک گۆرانیبێژی ساڵ لەلایەن دەزگا ھونەرییە جۆراوجۆرەکانەوە ھەڵبژێردراوم و خاوەنی دەیان خەڵاتم. تا تەمەنی چل ودوو ساڵی لەم وڵاتەدا بە تورکی بیرم کردۆتەوە، بە تورکی گۆرانیم نووسیوە و گوتووە. ھاوڵاتییەکی ئەم دنیایەم کە خۆی بەموڵکی ھیچ ناوچەیەک نازانێ و ھەست و سۆزم سنووردار نەکردووە بە ھیچ شێوەیەک تا ئەو ڕادەیە کەسێکی مۆسیقاژەنم. دڵم ئەوەندە گەورەیە جێگای چاکەی گشت زمان و کلتوور و باوەڕ و گۆرانییەکانی دنیای تێدا دەبێتەوە. خەڵاتێکی ترم وەرگرت (مەبەستی شەوی ١٠ی شوباتی ١٩٩٩یە) کەچی دنیام لێگۆڕا. لەلایەن ھەندێ ھێزی دیار و نادیارەوە بە یەک شەو تۆمەتی خەیانەت، دووبەرەکی خواز، ئەڵقە لەگوێ و بێئەدەب و بێئەقڵ و شێت یان دایە پاڵم. روانگەو قسەی مرۆڤێک، کە بنەمای ھەموو ئەم تۆمەتانە، لە ھیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو و یاسا پەروەردا بە تاوان و تۆمەت ناژمێردرێن".

کۆچی دوایی کایا:
لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، کاتێ بۆ سازکردنی کونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس "پیرلاشیز" بەخاک سپێردرا. یڵماز گونەیش ھەر لەوێ بەخاک سپێردراوە کە کایا گۆرانیی "ناوی یڵماز"ەی بۆ گوتووە. گویلتەنی خێزانی گوتویەتی:" تا لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا بە کوردی گۆرانی نەگوترێ، ئەمەوێ مەزاری لە فەڕەنسا بێت".

ئەلبوومەکانی کایا:
مەگری کۆرپەکەم (١٩٨٥)، تێکئاڵان بە ئازار (١٩٨٥)، ئاوازی شەبەق (١٩٨٦)، کاتێ دێ (١٩٨٦)، دیموکراتی ماندوو (١٩٨٧)، سەربەرزدەکەمەوە (١٩٨٨)، خوێندنەوە-١ (١٩٨٩)، گوڵێکی نیازپاك - کۆد ناوی بەختیار (١٩٨٩)، خوێندنەوە-٢ (١٩٩٠)، دیواری خۆشەویستی (١٩٩٠)، تووشی بەڵا بووم (١٩٩١)، بەرم مەکەوە ئەسوتێی (١٩٩٢)، ناجێگیر (١٩٩٣)، گۆرانیەکانم بۆ شاخەکانە (١٩٩٤)، بمدۆزەوە (١٩٩٥)، ئەستێرە و مانگەشەو (١٩٩٦)، بەرامبەر دۆست و دوژمن (١٩٩٨)

پاشمەرگ:
خوات لەگەڵ چاوەکەم (٢٠٠١)، تۆزێکیش تۆ بگری (٢٠٠٣)، با داواکەم بمێنێ (٢٠٠٥)، مانگرتنی فرمێسکەکانم بوونە ھەزارساڵە (٢٠٠٦)، بابا-ئەرۆ تەنھام ئەحمەد کایا (٢٠١٢)
پاش کۆچی دوایی کایا:
دوای خۆی، "گوڵتەن"ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی بەناوی "گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەکەم" بڵاوکردەوە. چەن ئەلبوومێکی تریش دوای خۆی بڵاوکرانەوە و بەھاتنە سەر حوکمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش ناوبانگی کایا زیاتر گەشەی سەند. ھەر لە ماوەی ئەوەی بە "کرانەوەی دیموکراسی" ناوزەندکرا، بۆ یەکەمجار دەزگای پەخشی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا TRT قەدەغەی ھەڵگرت لەسەر بەرھەمەکانی ئەحمەد کایا.

ڕێزلێنانی ئەردۆغان بۆ کایا:
ڕەجەب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە ٢٦-٩-١٩٩٩دا کاتێک لەسەر خوێندنەوەی شیعرێکی سیاسی ١٠ مانگ زیندانی دەکرێ ئەو ڕۆژە بۆ زیندان دەبرێ، کایا بەیادی ئەو گۆرانی "ئاوازی شەبەق" دەڵێت و دەڵێ "ئەمە بۆ ھەموو ئەوانەی لە زیندانن و ئەچنە زیندان" بۆیە ئەردۆغانیش دوای ھاتنە سەر حوکم ئەوەی لە یاد بووە و ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی دواتر بە فەرمی کایا دوای مەرگی ڕێزی لێ بگیرێت. لە کاتی ڕووداوەکانی پارکی گێزی ئەستەمبوڵیشدا، دەستەواژەی "ھەتیو ھەمووتان لەوێ بوون" بڵاو بوەوە کاتێ ئەردۆغان باسی ئەو ھونەرمەندانەی دەکرد کە دەیانگوت ئەو شەوەی کایا لەوێ نەبوون.

خەڵاتی سەرۆکایەتیی تورکیا بۆ کایا:
عەبدوڵا گولی سەرۆکی تورکیا خەڵاتی "گەورە"ی بەخشیە کایا پاش مەرگی لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣دا. یەکێ لەو ھۆیانەی دەکرێ ئەم سەرۆکەی تورکیا ئەو کارەی کردبێ ئەوەیە کە سەرۆک وەزیران ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕێزی تایبەتی لە کایا گرت دوای ھاتنە سەر حوکم.

ناوبانگی کایا:
ڕێزلێنانێک لە ناوبانگی کایا لە ئۆکمەیدانی، ئەستەنبوڵ، گرافیتیەکە نووسراوە: "تەنها دەرمانێک بە گوێ بکێشرێ ئەحمەد کایایە"

کایا لە تورکیا:
پێش دەرچوونی لە تورکیا، جگە لە دەرکەوتنی تر، ١٣ ئەڵقە بەرنامەی کەناڵ Dی تورکی لە ١٩٩٥ بەناوەوە بوە بەناوی "کەشتیەکەی کاک ئەحمەد" (بە تورکی: Ahmet Abinin Vapury). ھەم بەھۆی ئاست و ئاخاوتنی لەگەڵ گوێگر، ھەم بەھۆی ڕووداوەکانی شەوی خەڵاتەکەوە، ناوبانگی کایا گەورەیە. جگە لەوەی ھەم ئەوانەی شەوی خەڵاتەکە ئازاریاندا دوای مەرگی داوای لێبوردنیان لێکرد ھەم لەناو خەڵکیشدا باو ە. ھەروا کتێبیش نووسراوە چ دەربارەی خۆی چ دەربارەی ھونەر و گۆرانیەکانی، بۆ نموونە کتێبی "خوات لەگەڵ چاوەکەم" کە ھەمان ناونیشانی ئەلبوومەکەی ٢٠٠١یەکە. زۆر لە ھونەرمەندە تورکەکانیش گۆرانیەکانی کایایان گوتۆتەوە و بەناوبانگتریان کردوە.
کایا لەناو کورددا:
زۆرێک لە گۆرانیەکان و کلیپەکانی کایا وەگێڕدراون بۆ سەر سۆرانی. زۆرێک لە شوێنەکانی باشووری کوردستان بەناوی ئەحمەد کایاوە ناونراون، لەوانە شەقامی کایا و پارکی ئەحمەد کایا لە سلێمانی. چەندین بەرنامە و دۆکومێنتاری لەسەر ژیانی کایا لەلایەن کەناڵە کوردیەکانیشەوە ئامادە کران و بڵاو کراونەتەوە. لەوانە، "کۆلارەکەم بوو بە تەلەوە" وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی بەناوی "ئەستێرەیەک ناوی ئەحمەد کایا بوو".

کایا لە جیهاندا:
کاتێ گۆرانی بێژی ئینگلیز ئەدێڵ گۆرانی million years ago - میلیۆنێک ساڵ لەمەوپێش -ی بڵاوکردەوە لە میدیاکانی بەریتانیا ھەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەکرێ ئەدێڵ ئاوازی "تێکئاڵان بە ئازار"ی کایای بەکارھێنابێ لەبەر لێکچوونی ئاوازەکان. ڕەخنەگری تورک نەعیم دیلمەنەر بە تەلەگرافی بەریتانی گوتوە: "باوەڕناکەم ئەدێڵ گوێی لە کایا گرتبێت". دەکرێ ھەواڵەکان تەنھا وروژاندن بێ بەڵام دەری دەخات کە کایا دەنگێکی ناسراوە لەدەرەوەی تورکیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

ھەڵبەستەکانی کایا:
زۆرێک لە گۆرانیەکانی کایا ھۆنراوەی شاعیری کورد یوسف خەیاڵۆغڵوو بوون و ئەم کردوونی بە گۆرانی. بە گشتی ئەو ھەڵبەستانەی کردوە بە گۆرانی کە لەگەڵ حەز و کەش و ھەوای ئەو دەمەی تورکیادا دەگونجان. ئەمەش وای کردوە دوای خۆشی خەڵکێک لە تورکیا ھەن کە گوێگرتن لە گۆرانیەکانی ئەو بە گوێگرتن لە کەسێکی "خائین و تیرۆریست" ناو ئەبەن. ناونیشانی ئەلبوومەکانیش زیاتر ئەمە نیشان دەدەن، بۆ نمونە "تێکئاڵان بە ئازار" "بەرم مەکەوە ئەسوتێی" و ھتد. ھەروا دوای دەرچوونی لە تورکیاش ئاشکراتر خۆی وەک دژی سیستمی دەوڵەتی تورکیا و پشتیوانی بۆ پەکەکە و جوڵانەوەی کورد لە تورکیا تۆختر کردەوە بۆ نمونە گۆرانی گوتن بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان بە گۆڕینی وشەکانی گۆرانی "بیری ئاشتی دەکەین" لە فێستیڤاڵی ئازادی و دیموکراسی لە میونیخ.

سەردێڕی ھەندێک لە هەڵبەستەکانی کایا:
یاخی دەبم، فریام کەوە، تۆو، ئیدی بەسە، مەرگیش دەلەرزێ

پارچەیەک هۆنراوە:
"لەو چۆڵە، لە داریان بەستەوە"

بەشێوەیەک چاوی لێک نا
دەتگوت دەچێتە خەوێکی پڕ لە خەون.
باسرمەیەک ھەڵی کرد و
ھەتا مەرگیشی دەلەرزاند.