ئەیلول 18, 2020

زانکۆی جیهان، پێشبڕکێی پۆستەری (کۆڕۆنا) ساز ده‌كات

سەرهەنگ غەریب - هەولێر

 

سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی جیهان لە درێژەی کارو چاڵاکیەکانیدا، بە پاڵپشتی زانکۆی جیهان، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و پاراستنی تاکەکانی کۆمەڵگا، پێشبڕکێی پۆستەری (کۆرۆنا) ساز دەکات.

له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ (هه‌ولێر) نێردراوه‌ خراوه‌ته‌ڕوو: كه‌ لەم پێشبرکێیەدا دوای هەڵبژاردنی لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆرەوە، بەرهەمە وەرگیراوەکان دەست نیشان دەکرێن، بۆ بەشداری کردن لە پێشانگایەک، سێ لە باشترینەکانی پێشانگاکەش خەڵات دەکرێن و بەرهەمەکانیان دەبنە پۆستەری هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری .
له‌مباره‌یه‌وه‌ (برهان سابر) به‌رپرسی سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری زانكۆی جیهان بۆ‌ (هه‌ولێر) گوتی: ئێمه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵمان داوه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌مان له‌ ڕووی پێشكه‌شكردنی چاڵاكی جۆراو جۆری ڕۆشنبیری و هونه‌ری پێشه‌نگ بێت، كه‌ له‌ دوو تا سێ ساڵی ڕابردوو چه‌ندین پرۆژه‌ی ناوازه‌مان پێشكه‌ش كردووه‌ و كه‌ سه‌رجه‌میان بوونه‌ته‌ مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندی بینه‌ران و به‌شداربووانی كاره‌كان.
گوتیشی: سازدانی پێشبڕکێی پۆستەری (کۆڕۆنا) یه‌كێكی تره‌ له‌ پڕۆژه‌كانمان به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كه‌مان بپێكێت و ئه‌نجامه‌كه‌ی ببێته‌ هۆی بڵاوكرنه‌وه‌ی هۆشیاری له‌ نێوتاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان.
له ‌كۆتاییدا گوتی: له‌م پێشبڕکێیه‌دا ده‌رفه‌تی به‌شداریكردن بۆ هه‌موو به‌هره‌مه‌ندێك ڕه‌خساوه‌ كه‌ توانای دروستكردنی پۆسته‌رێكی هونه‌ری هه‌بێت كه‌ گوزارشت له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری بدات، بۆ ئه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ڕێگه‌ی ئه‌م كارانه‌وه‌ له‌ مه‌ترسیی نه‌خۆشیی (كۆرۆنا) بگه‌ن.
شایه‌نی ئاماژه‌ پێدانه‌: مەرجەکانی بەشداریکردن پێک هاتووە: پۆستەرەکە پێویستە سایزەکەی 50 بە 70 بێت .کوالیتیەکەی dpi لە 300 مێگابایت کەمتر نەبێت. پێویستە پیشاندانی کارەکە بەشێوەی ستوونی بێت. نابێت بەهیچ شێوەیەک پۆستەرەکان بیرۆکەی کۆپیکراو بێت. هەر بەشداربووێک دەتوانێت بەیەک بەرهەم بەشداری بکات. پێویستە بەشداربووەکە زانیاری باری کەسێتی لەگەڵ کارەکەی ڕەوانە بکات..

 

 

© 2017 Hawler