ئازار 04, 2021

ئەردەڵان بەکر، تەمەنێکی کورت و داهێنانی بەرچاو

بارگەی ئەمجارەمان لە هەواری کەنارییەکی دەنگ کاریگەر دەخەین، پشوێکی مەبەستدار دەکەین، ئەو گۆرانی بێژە خانە خوێیە.ناوی(ئەردەڵان بەکر(ئەردۆ) یە.
بە قسە خۆشەکانی و دڵە گەورەکەی پێشوازیی لێکردین و ماستاوێکی سەربەکەفی هەولێرێی بۆ هێناین و ئێمەش سوپاسی خۆمان بۆ دەربڕی، پێم گوت: نازانم بەخۆت باسی خۆت دەکەی، یان پرسیارت لێبکەم، تۆش وەڵام دەدەیتەوە، یان من بە شێوازی خۆم دەست پێبکەم، نەخۆشیە لەعنەتیەکە شپرزەی کردبوو، وای بە باش زانی من لەسەری بنوسم، هێزی پەیڤینی نەبوو
دەنگ:
ئەردەڵان بەکر، خاوەن دەنگێکی یەکجار هەست بزوێن وسۆزداربوو، هەست بە حوزنێکی شاراوە لە ناواخنی دەنگی دەکرا، بە تایبەتی لە گۆرانیە ڕۆمانسیەکانی، گەر لە گۆرانی (کێ وەفای عیشقی بینیوە) ڕابمێنین، ئەو سۆزە هەست پێدەکرێ لە ژێیەکانی دەنگی، چینی دەنگی دەکرێ لە باریتۆن هەژمار بکرێ، لە جەوابی جەوابەکان خۆی لە تینۆری مام ناوەندی دەدا، کە گۆتنی ئەوها ئاسان نیە، لەهەولێر حەیدەر بەقاڵ وچەلال حەردان، لەکوردستانی رۆژهەڵات مامۆستا عەزیز شاهرۆخ، لە سلێمانی رەشۆل خاوەنی ئەو دەنگە تیژە بوون، بەڵام ئەردەڵان دەنگی سەد دەرسەد لەدەنگە تینۆرەکان هەژمار ناکرێ، ئەو حەزی دەکرد لە تەبەقەی بەرز گۆرانیەکانی بچڕێ، هەتا زۆر لە گوێگرانی کە چێژ لە تەبەقەی بەرز ناکەن ڕەخنەیان لێدەگرت کە هەر هاوار هاواریەتی؟، هەندێ لە هاوڕێیە هونەرمەندەکانی کە ئێرەییان لە درەوشاوەیی کەسایەتیە هونەریەکەی دەکرد دەیانگوت : زیدەڕۆیی دەکا لە یاریکردن بە ژێیەکانی دەنگی، زەخرەفە و ئیستاتیکای دەنگی کەم دەکاتەوە. گۆرانیەکانی ئەردەڵانی هەموو موئەدیەک ناتوانێ بیڵێتەوەو ئەدای بکات، لە جەوابی جەواب لێزان و کارامە بوو ئەگەر بە دیقەت گوێی لێبگرین بە ئاشکرا هەست پێدەکرێ، لە بەرنامەیەکی پێشبڕکێی کوردسات بۆ کلیپ و دەنگ کە مەزهەری خالقی دادوەر بوو، سەرسامیی خۆی بە توانایەکانی ئەردەڵانی جوانەمەرگ دەربڕی.
*ئەردەڵان لەخۆوە پێنەگەیشت و بێتە سەر سفرەی حازری هونەر، هەولی دا، تێکۆشا، زۆر دڕکی هونەرمەندە دەنگ زیقنەکانی لە پێی ڕاچوو، ویستیان ساردی کەنەوە، بەڵام چونکە شێتانە عەشقی گۆرانی گوتن ببوو، بوە ئەو ئەستێرە درەوشاوەی کە هەر بە نەمری لە یادەوەریمان دەمینێتەوە.
لە زۆر لە بۆنەکان گۆرانیەکانی عەزیز شاهرۆخی دەگوتەوە بۆ ئەوەی بە شارەزایانی هونەر بڵێ، بەڵێ من هەم، خودان دەنگێکی کەم وێنەم، حەزی لە بەرەو پێش چوون بوو، ئەوە بوو هاتە تاراوگە درێژەی بە کاروانە هونەریەکەی دا، چەند ئەلبومێکی بەرهەم هێنا کە ئەردەڵانی لە قۆناغەک بۆ قۆناغێکی تر گواستەوە، بۆتۆمارکردنی بەرهەمەکانی بە باشترین جۆر، لە تورکیا بۆیان تۆمار دەکرد، ئەو داهاتەی کە لە ئاهەنگەکانی تاراوگە دەستی دەکەوت، هەمووی لە بەرهەمهێنانی پڕۆژە هونەریەکانی خەرج دەکردن، هەتا دڵی گوێگرانی ڕازی بکا.

*ئەردەڵان گۆرانیەکانی وەکو پارچەیەک لە ئەندامی جەستەی خۆشدەویست بۆیە بە باشترین شێوازوتەکنیک تۆماری دەکردن، هەربەوەش نەدەوەستا باشترین کلێپی بۆ دەکردن، بێ گوێدانە تێچووی بەرهەمەکان، هەر لەبەر ئەم هۆیەیە هەرچەند جارێ گوێبیست دەبین ودەیانبینین وادەزانین یەکەمجارە.
*تێکستی گۆرانی وبابەت دەورێکی کاریگەریان هەبوە لە بەرهەمەکانی، بابەتەکان گوزارشتیان لە خۆی دەکرد، زۆر جاران بە زمانی کەسانی دیکە، بۆ موعاناتی ئەوان گۆرانی دەگۆت، نمونە(بێزاریە. بێزاریە) کە لەوانەیە کەسانێک بەوە سەرزەنشتیان کردبێ کە ئەو گۆرانیە لوتکەی بێهودەیی وڕەشبینیە، لەڕووی تێکستەوە، یەکێتی بابەتی لێبەدی ناکرێ، لە کۆپلەی سەرەتا باسی لێکدابڕان دەکا، لە کۆپلەکانی تر باسی دەردی ئاوارەیی دەکا، گوێگر لم لەمەبەستی ناگات، وزەیەکی نەرێنی بە گوێگر دەبەخشێ، بەڵام کام لە عاشقەکان لەکاتی نەگەیشتن بە مراز لەشکری بێزاری خاکی دڵی داگیر ناکات، ئەردەڵانیش تاکەک بوە لەو کۆیە، (کچی گاور) یەکێکە لە گۆرانیە هەستەوەرەکانی کە کەس نیە لەئێمە لەناو مۆخمان بیرمان لە ناوەرۆکی گۆرانیەکە نەکردبێتەوە، کێ دەڵێ ئەو گۆرانیەی بۆ خۆی نەگوتوە؟ گۆرانیی (وەفای عیشق) سەرەڕای گۆرانیەکە، شەیدایانی دەنگی وتەی پێش گۆرانیەکەشیان لەئەزبەرکردوە، کە دەڵێ( وەرە تەلەفۆنە) نیشانەی گەیاندنی پەیامەکەیەتی، لە هەمووی سەرنج ڕاکێشتر گۆرانیی (زۆر دەترسم) کە دەڵێی هەستی کردوە زوو بارگەی خۆی دەپێچێتەوە، بە جێمان دێڵێ، ئەو قەلەقیە بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێ،
ئەردەڵان هەر لە گۆرانی رۆمانسی باڵا دەست نەبوە، کێ هەیە لەئێمە لە هەموو تەمەنەکان گۆرانیی (بەینۆ بەینۆ) لە گوێچکەی نەزرنگێتەوە، ؟ ئەدی گۆرانیی( هەورەمان هەورەمان پڕ لە کیژۆڵەی جوان) بەبێ گوێدانی جوغزی تەسکی ناوچەگەری. زۆر جوان وبوێرانە حەیرانی دەگوت بە تەبەقەی بەرز بێ ئەوەی لە قالبی باوی حەیران لابدا.
*شیعری زۆرەک لە شاعیرەکانی کردبوە گۆرانی، عەبدوڵا پەشێو(زستانی پار لە گەڵما بووی) لە ئەلبوومی کۆتایی کارێکی زۆرباشی کرد کە زۆربەی تێکستەکانی هی شاعیری هەولێری هەست ناسک (جەبار حەبیب) بوو، (بۆ نایەی بتبینم.... هتد)
چونکە هەندێ لە تێکستەکانی بەخۆی دەینوسین، جاری وا هەبوو نەختێ کەم و کوڕی هەبوو، قافیەکان هاوجوت نەبون، وێنەی شیعری کەمی لێبەدی دەکرا، جاری وا هەموو پیتی قوت دەکرد لەبەر کێشی تێکستەکە، نمونە:
گۆرانیی بۆنایەی بتبینم مەلێکی کورماوم... راستیەکەی(مەلێکی هەڵکورماوم)، گۆرانیی بخوێنە بولبول بخوێنە، لەگەڵ ئەوەی فۆنەتیك لەو گۆرانیە وەکو پێویست نیە، لە کۆپڵەیەک دەڵێ (کوژاندت شەمعی عومری من) راستیەکە (کوژاندتەوە) لەبەر کێشەکە وشەکەی قوت کردەە.، لە گۆرانیی کچی گاور دەڵێ (کەس وەک من خۆشتی ناوێ) راستیەکەی، (خۆشی ناوێی)، ئەو سەرنجانەم بە خودی خۆی گوتبوو کە زوو زوو بە تەلەفۆنی قسەمان دەکرد، زۆر بەسینگێکی فراوان قەبولی سەرنجەکانمی دە کرد، ئەو سەرنجانەم بەهیچ شێوەک لە گەورەیی هونەرمەند، کەمناکاتەوە.
ئەردەڵان ئەوەی لەو تەمەنە کورتە ئەنجامی دا لە داهێنانی هونەری، کەسانێک بە هەموو عومری خۆیان نیوەیان، پێ نەکرا.
*هەر بە قسە کوردایەتی نەدەکرد، بەڵکو خۆی پێشمەرگەی دێرین بوو، زۆر قسەلەڕوو حەقگۆ بوو، ئەگەر بیزانیبایە ئەو حەقگۆییە زیانی خودی خۆشی تێدایە، لە زۆربەی چاوپێکەتنەکانی هەستی پێدەکرا.
*ئەردەڵان کەسێکی یەك ڕووبوو، موجامەلەونیفاق وماستاوچیاتی نەدەزانی، هەتا مردیش بێ ماسکەودەمامک ژیا، لە چاوپێکەتنەکانی هەستیان پێدەکرێ، لە بیرمە بەرنامەیێ بوو لە یەکێ لە تەلەفزیۆنەکان، کە ئەو بەرنامە بەوەی بەناوبانگ بوو، مێوانەکانی بەس هی شارێکی دیاری کرای بوو، تەلەفۆنی بۆ پێشکەشکاری بەرنامەکە کرد، گلەیی لێکرد، گوتی باشە ئێوە بۆ هونەرمەندی شارەکانی تر بانگهێشت ناکەن، ئەوانیش هونەرمەندن، کە مەبەستی خودی خۆی نەبوو. زۆر نمونەی زیندوی تر، خۆشەویستیەکی کەم وێنەی بۆ کوردستان بە گشتی وهەولێر، لەهەولێرێش گەڕەکی خانەقا بە تایبەت هەبوو.
*کەسایەتیەکی بەرچاوی هەبوو لە ناو خزم ودۆست وبرادەران، سەخی تەبیعەت بو، ئەوەی ئێرەیی بوو لە فەرهەنگی ئەو بوونی نەبوو، یارمەتی زۆر کەسی دەدا ئەگەر پێویستیان پێی هەبوایە.
*گۆرانیی گۆرانیبێژانی تری دوبارە چڕیوە بە شێوازی ئەدای خۆی، چێژێکی تایبەتی داوەتێ، لەوانە گۆرانیی(هەردەمێک لەسەر چڵێکدا مەنیشە)کە هی جەلال سەعیدی خوالێخۆشبوو بوو، تێکستی جەبار حەبیبە،
*لە ناسین و گۆتنی جۆری مەقامەکان شارەزا بووە، بەیات و سێگای بێبەش نەکردوە لە چڕینی، لە هەڵبژاردنی ڕیتمی گۆرانیەکانی مەبەستەکەی پێکاوە، زانیویەتی فلان گۆرانی پێویستە بەکامە ڕیتم ئەدا بکرێ، فیسار گۆرانی بە کامە، ؟ .
*لە کۆتایی دا ئەردەڵان زۆر لەوە زیاترهەڵدەگرێ کە لەسەری بنوسرێ، بەس لەبەر درێژدادڕی، زۆر ناچمە کون و کەلەبەرو بنج و بناوانی بەرهەمەکانی، لەکیسەلیان پرسی بۆ ئەوها لەسەرەخۆ دەرۆی، گوتی، سوڕدەزانم زۆر دەژیم بۆیە لەسەرە خۆ دەڕۆم، لە کەروێشکیان پرسی ئەو غاردان غاردانەت لەچیە، ؟ کوتی :، چونکە دەزانم زوو دەمرم، ئەردەڵانی ڕەحمەتیش دەتگوت هەستی پێکردوە وەکو کەروێشکەکە و پەپوولە و گوڵە نێرگزی تەمەن کورت دەبێ، بۆیە ئەو بەرهەمە ناوازانەی بۆ جێهێشتین وتەمبەڵی ورەزیلیی نەدەکرد لە بەرهەمهێنانی ئەو گۆرانیە خۆشانەی کە هەموو کات لە گوێچکەمان دەزرنگێنەوە، هەی قەبرەکەت پڕ لە نوور بێ جوانەمەرگی لەبیرنەکراو،، قەبرەکەت نوقمی رەحمەت بێت ئەردەڵان بەکر بولبولی خۆشئاواز.

© 2017 Hawler