ئاب 12, 2020

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا

 

گۆرانیی «پێ مەکەنە» 20 ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی 2000 لەلایەن ھونەرمەند«زیاد ئەسعەد» دروست کراوە و لە پرۆگرامێکی ڕاستەوخۆی کەناڵی میدیا تیڤی پێشکەشی کرد، کەچی گۆرانیی ئێستا ماوەی 20 رۆژ خۆی ناگرێت و ئێکسپایەر دەبێ!.
جوانیی ئەم گۆرانییە لە ناوەرۆک تێکست و ئەداکردنیدا پڕە لەو ھەست و ئاستبەرزییەی «زیاد ئەسعەد» ـی ھونەرزان، زیاد لە پێویست و چێژ و جوانیی بەخشی بە ناوەرۆکی گۆرانییەکە و بە ھونەردۆستان و گوێگرانی زیاد لە پێویست عاشقی ئەم گۆرانییە کرد!.
"زیاد ئەسعەد" زۆر دەمێک بوو دەمویست بە تەنیا وشەی ھونەرمەند بوون نەخەمە پێشگری ناوەکەی، چونکە تاوانە و گوناھە بە زیاد بڵێین ھونەرمەند و بە ھەندێک دەنگبێژ و گۆرانیبێژیش بڵێن ھونەرمەند!، ناکرێ و نەشازە و دەرچوونە لە ریتمی رێز و پێزانین!، تا گەیشتمە ئەو باوەڕەی پێ بڵێین «ھونەرزان»، چونکە ھەردوو بڕگەی وشەکە «ھونەر + زان» پێم وابوو پێناسەیەکی جوانتر بێت بۆ ھونەرمەندبوونی زیاد ئەسعەد، چونکە پێم وایە ئەو زانا و دانایەکی کەموێنەیە لەو سەردەمەی ئەو گۆرانی گوت و گۆرانییشی دروست کرد بۆ پۆلێک لە گۆرانییبێژان، کە پێم وایە ئەم بەخششە لە کەم ھونەرمەندا ھەبووبێت!، بۆیە توانیی ریفۆرمێکی گەورە دروست بکات لە نێو گۆرانیی کوردیدا!.
زیاد توانیی زانایانە و لێزانانە رێگا و جێگایەکی دیکە بۆ ھونەری گۆرانیی کوردی دەسنیشان بکات، توانیشی چەندین شاکاری کەم وێنەی وەک «پێ مەکەنە» بێنێتە بوون و گۆرانییەکانی ھاوشێوەی پێ مەکەنە بکاتە ناسنامەی زۆرێک لەو گۆرانیبێژانەی ھاتنە نێو کۆڕی گۆرانیگوتنەوەو ھەر خۆی رێنیشاندەر و پێشەنگیان بوو!.
گۆرانیی «پێ مەکەنە» تابلۆی جوانی وشە و وشەسازی بوو بۆ ناسنامەی گۆرانییەکی زیندوو و پڕ چێژ، کە ئەوەتا دوای 20 ساڵ ھێشتا ئەم گۆرانییە تازەیەو بۆن و بەرامەی خۆی وەک رێحانە تازەو تازەتر دەبێتەوە!
گۆرانیی پێ مەکەنە تەنانەت وای کردووە پێکەنینیم بە زۆرینەی گۆرانی ئێستای کوردی بێت، کە ناتوانن بۆ 20 رۆژیش لەناو خەڵک و گوێگرانیان بمێننەوە!
«پێ مەکەنە» ئاواشی لێکردووم گریانم بۆ حاڵی ئەو گۆرانیبێژانە بێت کە ناتوانن گۆرانییەک دروست بکەن، تۆزێک بەھا و نرخی لە پێ مەکەنەکەی کاکە زیاد بچێت!.
ئای زیاد ئەسعەد زیاد لە پێویست بیر لەوە دەکەمەوە زۆر کەس ھاتن، ویستیان لە تۆ بچن، بەڵام تۆ لە کەس نەچووی و تاقانە بووی تاقانە.
حوکمڕانێکی سەربەخۆ و داھێنەری وڵاتێکی پڕ لە ھونەرە، بەڵام نە حوکمڕان و نە ھونەرمەندانیش وەک پێویست لەگەڵ خەونە گەورەکانی زیاد نەبوون بۆ بونیات نانی ھونەرێک لە ئاستێکی باڵای وەك «پێ مەکەنە» بێت!.

© 2017 Hawler