ئاب 12, 2020

نارین دڵشاد: هەموو تابلۆکانم دەربارەی جوانیی ئافرەتە

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

خانمە نیگارکێش نارین دڵشاد تەمەنی ٢٣ ساڵە و دانیشتووی هەولێرە و، ئێستا قوتابیی قۆناغی چوارەمی بەشی شێوەکارییە. ناوبراو لەم دیمانەیەیدا بۆ رۆژنامەی "هەولێر" دەڵی:" هەموو تابلۆکانم دەربارەی جوانیی ئافرەتە.

کەی دەستت بە نیگارکێشان کرد؟
لەو کاتەوەی ناوم لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان گەڕاوەتەوە، دەستم بە نیگارکێشان کردووە.

نەخشاندن لای تۆ چ مانایەک دەبەخشێت؟
نەخشاندن لای من کەمکردنەوەی ئازاری ژیان و ئەو فکرەی کە هەمە دایدەڕێژم و دەینەخشێنم، دواتر هەموو شتێکم بیر دەباتەوە و دەمباتە ناو دونیایەکی پڕ لە جوانی.

چۆن بوو هاتیتە ناو دونیای هونەر؟
حەزو خولیاو ئارەزووی خۆم بوو کە بچمە ناو دونیای هونەر.

تا ئێستا چەند پێشانگات کردۆتەوە؟
تا ئێستا یەکجار بەشداریی پێشانگای هاوبەشم کردووە، بەنیازم لە داهاتوودا پێشانگایەکی تایبەت بکەمەوە.

خۆشەویستترین تابلۆ لای تۆ کامەیە؟
هەموو تابلۆکانم خۆشەویستن، هەر تابلۆیەکم تایبەتمەندیی خۆی تێدایە.

پەیامی تابلۆکانت چییە؟
هەموو تابلۆکانم لەسەر جوانیی ئافرەتە، پەیامەكەشیان ئەوەیە کە  ئافرەت جوانە و بەتوانایە و دایکە.

ئامانجت چییە؟
ئامانجم ئەوەیە کە هونەرەکەم بەرەوپێش ببەم و خزمەت بە هونەری کوردی بکەم.

بە چ فەلسەفەیەکەوە بە هونەرەوە خەریك دەبیت؟
فەلسەفەی هونەر، دەربرینی هەستی هونەرمەندەکەیە و پەیامێکی جوان دەگەیەنێت.

© 2017 Hawler