ئەم پەڕەیە چاپ بکە

بەکر ڕەشید: له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كاره‌ شانۆییه‌كانمان ته‌نیا ده‌ستكه‌وتی ڕوحییان هه‌یه‌

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

دەرهێنەر و شانۆکار به‌كر ڕه‌شید له‌ كۆتایی حه‌فتاكان ده‌ستی به‌ كاری هونه‌ری كردووه و له‌ بواری شانۆ و درامادا كۆمەڵێك بەرهەمی هەیە. لەم دیمانەیەیدا بۆ رۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ: " له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كاره‌ شانۆییه‌كانمان ته‌نیا ده‌ستكه‌وتی ڕۆحییان هه‌یه‌.

 جیاوازییه‌كانی نمایشی شانۆیی كوردی له‌ ئه‌ورووپا و كوردستان چییه‌؟
شانۆ له‌ وڵاتی خۆتدا به‌رفراوانتر و كراوه‌تره‌، ئه‌م كارانه‌ی ده‌ته‌وێ به‌رهه‌می بێنیت له‌ وڵاتی خۆتدا ئاسانكاریی زۆرتره‌، كۆمه‌ڵێك كوڕ و كچە هونه‌رمه‌ند كاری شانۆ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئێمه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شانۆ و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و په‌یمانگه‌ی شانۆمان هه‌یه‌ و، ئه‌وانه‌ هاوكاریی كاره‌ شانۆییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام كاری شانۆ له‌ ئه‌ورووپا بۆ منی كورد سه‌خته‌.

زیاتر گرینگی به‌ شانۆ ده‌ده‌یت و كه‌متر ئاوڕ له‌ دراما ده‌ده‌یته‌وه‌، بۆچی؟
شانۆ دایكی هه‌موو هونه‌ره‌كانه‌، زیاتریش به‌ كاری شانۆیی ناسراوم، درامام هه‌یه‌ به‌ڵام كه‌متر، چونكه‌ دونیای شانۆ دونیای داهێنانه‌، كارێكه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ بینه‌ر ده‌ژی و ڕۆحت هێور دەكاتەوە.

هیچ پڕۆژه‌یه‌كی نوێی هونه‌ریت هه‌یه‌؟
ئه‌مساڵ شانۆیه‌كمان له‌ ئه‌ڵمانیا نمایش كرد و بووه‌ پڕۆژه‌ی ساڵی 2019، به‌ڵام بۆ ساڵی 2020 شانۆیه‌كی نوێم هه‌یه‌ به‌ناوی "هیدیدا گابله‌ر" له‌ نووسینی "هنریك ئیبسنه‌" كه‌ بڕیاره‌ هه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا نمایشی بكه‌ین، بڕیاریشە لە مانگی ٣ شانۆگەری تابلۆیەک لە خۆڵەمێش لە سلێمانی نمایشی بکەین.

ئه‌و كاره‌ شانۆییانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌یکەیت، كێ سپۆنسه‌ریان ده‌كات؟
ئه‌و كارانه‌ له‌سه‌ر ماندووبوونی هونه‌رمه‌ندان خۆیانه‌، هیچ ده‌ستكه‌وتێكی دارایی نییه‌، جگه‌ له‌ ده‌ستكه‌وتی ڕۆحی، كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی یۆتۆبۆری هاوكارمانه‌ و ده‌رگای كردووه‌ته‌وه‌ بۆمان، تا بتوانین شانۆكانمان نمایش بكه‌ین، به‌ڵام هیچ لایه‌نێكی ئەورووپی هاوكارمان نییه‌ و ئێمه‌ خۆمان سپۆنسه‌ری خۆمانین، ئه‌گه‌ر هاوكاریش هه‌بێت كه‌مه‌ و تێرمان ناكات.

بینه‌ری شانۆ له‌ كوردستان كه‌می كردووه‌، هۆی ئه‌و دابه‌زینه‌ له‌ رێژه‌ی بینه‌ری شانۆیی كوردی چییه‌؟
هۆكار زۆره‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌مڕۆ بینه‌ری شانۆ كه‌م بووه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ هه‌موو دنیادا، میدیا هاتووه‌ و چه‌ندان كه‌ناڵ و ته‌كنه‌لۆجیا هاتوونه‌ته‌ ناو ژیانته‌وه‌ و بینه‌ری كوردی شێوێندراوه‌، به‌هۆی ئه‌م میدیا و ته‌كنه‌لۆجیایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داڕووخانی بواری ئابووری هۆكارێكی تره‌ بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ری شانۆیی كه‌م بكات.

بۆچی شانۆكانت له‌ ئەورووپا نمایش ده‌كه‌ی و نایانهێنیته‌وه‌ بۆ كوردستان؟
هه‌موو كه‌سێك حه‌ز ده‌كات شانۆكانی له‌ وڵاتی خۆی نمایش بكات، به‌ڵام ئێمه‌ شانۆكانمان له‌سه‌ر توانا و پاره‌ی خۆمانه‌، سه‌خته‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ كوردستان و نمایشیان بكه‌ین، چونكه‌ ده‌بێ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شانۆ و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و حكوومه‌ت هاوكاریمان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ وڵاتی خۆمان نمایش بكه‌ین، بەڵام خۆشبەختانە هاوکاری کراوین بریارە لە مانگی ٣، شانۆگەریی تابلۆیەک لە خۆڵەمێش لە سلێمانی نمایش بکەین.

 دراما و سینه‌مای كوردی تا ئاستێك سه‌نگی خۆی له‌ ده‌ست داوه‌؟
هونه‌ری كوردی سه‌نگی خۆی له‌ ده‌ست نادات، ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ناو هونه‌ری كوردی كار ده‌كه‌ن، ره‌نگه‌ شاره‌زا نه‌بن له‌ بواری وێنه‌گرتن و هه‌ڵبژاردنی ئه‌كته‌ر و ده‌ق و سیناریۆ، ئه‌م كه‌سانه‌ زوو ده‌توێنه‌وه‌ و نامێنن، ده‌توانم بڵێم چه‌ندان كاری هونه‌ری جوان كراون و تا ئێستا سه‌نگی خۆیان ماوه‌، بۆیه‌ ئه‌م كاره‌ دراما و سینه‌ماییه‌ی ده‌كرێ ئه‌گه‌ر به‌شێكی خراپیش بن، شتێكی ئاساییه‌.

ئه‌گه‌ر قۆناغبه‌ندییه‌ك له‌ناو هونه‌ردا بكرێت، به‌ڕای تۆ سه‌رده‌می زێڕینی شانۆ و سینه‌مای كوردی كه‌یه‌؟
كۆتایی حه‌فتاكان تا كۆتایی هه‌شتاكان، سه‌رده‌می زێڕین بوو له‌ شانۆ و هونه‌ر و مرۆڤایه‌تی و كاركردن و داهێنان و خۆشه‌ویستی، چونكه‌ هونه‌رمه‌ندێك له‌م سه‌رده‌مه‌ كه‌ به‌سه‌ربه‌رزی كاری ده‌كرد، هیچی كه‌متر نه‌بوو له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك كه‌ خۆی شه‌هید ده‌كرد بۆ وڵات، ئێمه‌یش به‌ نواندن و شانۆ و دراما كاری هونه‌ریمان ده‌كرد دژی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ئێستاش كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند هه‌ن كاری باش و جوان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ نابێت هه‌موو شته‌كان به‌ ناشرینی ببینین.