ئەیلول 18, 2020

بەهار مەعرووفی: ئافرەتی کورد لە مەیدانی هونەر و سینەمادا توانای خۆی فەرامۆش کردووە

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

خانمە ئەکتەر بەهار مەعرووفی تەمەنی ٢٥ ساڵە و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەی چوارساڵە دەستی بە کاری هونەری کردووە. وەک خۆی لەم دیمانەیەیدا بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ،" ئافرەتی کورد لەمەیدانی هونەر و سینەما توانای خۆی فەرامۆش کردووە، دەمەوێ هونەری کوردی بەرز ڕابگرم.

چۆن تێکەڵ بە دونیای هونەر بوویت؟
من هەر لەمنداڵییەوە حەزم لە سینەما بووە و یەکەمجار کە دەرهێنەرێکی فیلمی سینەمایی منی بینی پێی گوتم،" تۆ سینەما لەناو ڕۆحتدایە و توانات زۆرە" بۆیە من لەو کاتەوە چوومە ناو دونیای سینەما و حەز دەکەم لەڕێگەی هونەرەکەمەوە خزمەت بە خەڵکی کوردستان و سینەمای کوردی بکەم.

بۆ چ ئافرەتی کورد لەناو سینەمای کوردی کەمە؟
ئافرەتی کورد لەناو دونیای سینەما زۆر کەمە و توانای خۆی فەرامۆش کردووە، کە ئەوە جێگای داخێکی زۆرە ئەکتەری ئافرەتی کوردمان زۆر کەمە، ئەوەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە خانەوادە پشتگیری ئەو ئافرەتانە ناکەن و بەتەنیا لەم ڕێگایە جێی دەهێڵن، هەروەها من وەکو کچێکی ئەکتەر دەمەوێ هونەری کوردی بەرز ڕابگرم و کورد شانازی بە منەوە بکات و ئامانجم ئەوەیە نەک تەنیا کورد بەڵکو دەمەوێ جیهان شانازی بە منەوە بکات، هیوادارم ڕۆژێک بێت خەڵکی کورد شانازی بەبوونی من لە سینەماو هونەری کوردی بکات.

ئەو کێشانە چین لە سینەمادا بەرۆكت دەگرن؟
زۆر کەسایەتی هەن هەوڵی شکاندنت دەدەن و ناهێڵن سەر بکەویت و هەرکاتێک تۆ لە قۆناغی سەرکەوتندا بتبینن دژایەتیت دەکەن. من تێناگەم ئەو کەسانە بۆ حەز بە سەرکەوتنەکانت ناکەن، بۆیە ئەوە ناخۆشترین رۆژەکانی منە و کە ئەو ڕووداوانە دەبینم زۆر ئازارم پێ دەگات بەڵام ئەو کەسانە دەبێت باش بزانن ئەگەر کەسێک ڕێگای سەرکەوتن هەڵبژێرێت هەمیشە سەردەکەوێت و ناڕووخێت.

تا ئێستا سەختیی زۆرت لە سینەما بینیوە؟
یەکەم کاری سینەماییم کارێکی فیچەر بوو، زۆربەی کارەکە لەناو بەفردا بوو، کە زستانێکی زۆر سارد بوو، دەبوایە نیوەی گیانم بخەمە ناو بەفر، دواتر بێهۆش بووم و منیان لە شاخەكە هێنایە خوارەوە و بردمیان بۆ نەخۆشخانە و دکتۆر گوتی: " ئەگەر چەند دەقەیەک درەنگتر کەوتبان ئەو کچە نەدەما و دەمرد" دوای ئەویش دەبوایە چووبامە ناو ڕووبارێک و نووقم ببام، ڕووبارەکەش زۆر ترسناک بوو. منیش نووقم بووم و ڕووبار منی لەگەڵ خۆی برد و خەریک بوو بخنکێم، بەڵام ئەو سەختیانەی من لە سینەما بینیم ئەزموونێکی زۆر باش بوو بۆ من و ئێستا ترسم لە هیچ کارێک نییە.

© 2017 Hawler