نیسان 07, 2020

زۆرترین بینراو هونه‌ری

Error: No articles to display

زایەر عەبدوڵڵا: "بەو هیوایەم لە داهاتوویەكی نزیكدا باری تەندروستیم وەك جارانی لێ بێتەوە!"

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

 

لەماوەی نزیكەی (2) مانگی رابردوودا، هونەرمەندی گەورەی بواری شانۆ و دراما (زایەر عەبدوڵڵا) باری تەندروستیی تێك چوو، نەشتەرگەرییەكی لە شاری هەولێر بۆ كرا، خۆشبەختانە ئەو نەشتەرگەرییە دەرئەنجامێكی باشی هەبوو، بۆ سەر تەندروستیی ئەو هونەرمەندە، ئێستا باری تەندروستیی تاڕادەیەك باشتر بووە، لە كۆتایی ئەو هەفتەیەدا جارێكی دیكە دەست دەكاتە بەكاری نواندن لە پرۆگرامی (مقۆمقۆ)، كە یەكێكە لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی ئەو پرۆگرامە هونەرییە.

لە لێدوانێكدا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" هونەرمەند (زایەر عەبدوڵڵا) لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئێستای بەرەو چ ئاستێك هەنگاوی ناوە گوتی: "سوپاس بۆ خوای گەورە، ئێستا تاڕادەیەكی باش باری تەندروستییم بەرەو باشبوون هەنگاوی ناوە، بەڵام هێشتا لە ژێر چاودێری پزیشكە بەڕێزەكانم، كە بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆمیان بۆ دەربڕم، تاماوم خۆم بە قەرزرباریان دەزانم، چونكە هەوڵ و ماندووبوونی ئەوان و رەحم بەزەیی خوای گەورە نەبوایە ئەستەم بوو، بەو شێوەیە باری تەندروستیم بگاتە ئەو ئاستە".
لە بارەی چارەسەروەگرتن و بەردەوامیی دا بە چارەسەرییەكانی ئەو هونەرمەندە گەورەیەی بواری شانۆ و دراما؛ ئەوەشی خستەروو: "تا ئێستاكەش بەشێوەیەكی بەردەوام چارەسەری وەردەگرم، بەو هیوایەم لە داهاتوویەكی نزیكدا زیاتر باری تەندروستیم بگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی، بە شێوەیەكی گشتی دەبێ چاوڕێی ئەنجامەكانی چاودێری و پزیشەكەكان بم، ئیتر ئەمە ژیانەو نەخۆشی و ناخۆشیش بەشێكی دانەبڕاوە لەگەڵ مرۆڤەكان، بەڵام من ئێستا تاڕادەیەكی باش باری تەندروستیم جێگرە".
لەبارەی بەشداریكردنەوەی لە پرۆگرامی (مقۆ مقۆ)دا روونی كردەوە و گوتی : "ئەو بەرنامەیە یەكێكە لە پرۆگرامە دیار و بەرچاوە هونەرییە تەنز ئامێزەكان، بە زمانی گوڵ دوور لە هەموو ناوزڕاندنێك و قسەی لا بەلا توانیومانە كۆمەلێك لە هونەرمەندانی هەولێر و سلێمانی پرۆگرامێكی جوانی ئاوا بنیات بنێن، كە تا ئێستاكە (20) ئەڵقەی لێ تۆمار كراوە. بەداخەوە لە دوو مانگی رابردوودا نەمتوانی بەشدار بم لەگەڵ ئەو ستافە جوانە، ئەگەرچی ئەو هونەرمەندە بەڕێزانە بەتایبەتی هونەرمەندانی شاری سلێمانی بەردەوام لەگەڵمدا بوون و سەردانیان كردووە، بەڵام لە كۆتایی ئەو هەفتەیەدا دەگەڕێمەوە و جارێكی دیكە بەشداری پرۆگرامی (مقۆ مقۆ) دەبم، كە هەموو شەوانی هەینی كاتژمێر (9:30) لە كەناڵی سپێدە پێشكەشی بینەران دەكرێت".
لە كۆتایی قسەكانیدا هونەرمەندی گەورە (زایەر عەبدوڵڵا) گوتی: "ئەو دڵسۆزی و پەرۆشییەی هونەرمەندان و رۆشنبیران و راگەیاندكاران و جەماوەر و كەسایەتییە سیاسی و حكوومیەكان (هەولێر، سلێمانی، كەركووك) و سەرجەم شار و شارۆچەكانی كوردستان، بەردەوام لە نەخۆشخانە و لە ماڵەوە لە ژوور سەرم بوون. بەشێكی زۆر لە ئازارەكانی جەستەمیان كەم كردەوە، سوپاس و رێزی زۆرم بۆیان هەیە، هەمیشە لە یاد و یادەوەریی مندا بە جوانی دەمێنێتەوە و لە بیریان ناكەم".

دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 26 شوبات 2020 11:56
© 2017 Hawler