نیسان 07, 2020

زۆرترین بینراو هونه‌ری

Error: No articles to display

ئاری عوبێد: تابلۆکانم گوزارشت لە بەرزنرخاندنی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە هەستە جیاوازەکان دەکات

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

نیگارکێش ئاری عوبێد، تەمەنی ٤٨ ساڵە و لەشاری کەرکووک لەدایک بووە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەشاری کەرکووک و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی لەشاری موسڵ تەواو کردووە و ئێستا لە ووڵاتی سوید نیشتەجێیە. وەک خۆی لەم دیمانەیەی بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ:" تووشی بێ هودەیی بوبووم لە هونەر بۆیە بەنیازبووم ئیتر وێنە نەکێشم، دەشڵێت: "تابلۆکانم گوزارشت لە بەرز نرخاندنی مرۆڤ و ڕێزگرتن لەهەستە جیاوازەکان دەکات".

لەسەر چالاکییە هونەرییەکانت بدوێ؟
جگە لە بەشداریکردنم لە فێستیڤاڵی ساڵانەی پەیمانگای هونەرە جوانی موسڵ، لە ووڵاتی سوید کە لە گەلەرییەکدا کارم دەکرد بەناوی (لایم گرافیک) هەروەها لە شاری مالمۆ چالاکییەکی زۆرم هەبوو لە پێشانگایەکی تایبەت لە شاری سکۆنە، لە باشووری سوید لەڕێگای گەلەرییەکەوە پێشانگام دەکردەوە چی لە دام و دەزگای حکومی یان مۆزەخانەکان.
کەی دەستت بە نیگارکێشان کرد؟
هەر لە منداڵییەوە وێنەکێشان شتێکی نامۆ نەبووە لەلای من، چونکە براکانم هونەرمەند بوون وەکو ئاری بابان و ئاراس عوبێد و دلێر عوبێد، بۆیە من هەر لە منداڵییەوە یاریم بەڕەنگ کردووە.
نەخشاندن لای تۆ چی مانایەک دەبەخشێت؟
ڕۆژێکیان لەناو دارستانێکی جوان پیاسەم دەکرد لەگەڵ هاوڕێیەکی زیرەکدا و لەم کاتەدا من تووشی بێ هودەیی ببووم لە هونەر، بۆیە بە هاوڕێکەم گوت ئیتر من وێنەناکێشم چونکە خوداوەند هەموو شتێکی درووست کردووە، ئێمە تەنیا شتەکان کۆپی دەکەین و ناتوانین هیچ درووست بکەین، گوتی چۆن؟ منیش لەم ڕۆژە پاییزیەدا گەڵایەکم لە زەوییەک هەڵگرت و نیشانمدا و پێم گوت سەیربکە هەموو وێنە هارمۆنییەکان و کۆنتراستەکان لە گەڵایەکی بچووکدا هەیە لە سوور و قاوەیی و پرتەقاڵی و سەوز و زەرد و شینی تێدا بەدی دەکرێت، لە وەڵامدا هاوڕێکەم گوتی:" زۆر ڕاستە بەڵام من چەندجار پێم ناوە بەم گەڵایانە لە پاییزدا بەڵام هیچ کاتێک بیرم لەم ووردەکارییانە و تایبەتمەندییانە نەکردۆتەوە، بۆیە پێویستی کەسێکی وەکو تۆ ئەم گۆشە جوانانەی ژیانمان بۆ بخاتە بەرچاوو بۆمان ڕوونبکاتەوە چ لەبارە هەستەوە یان عەقڵەوە.
دونیای هونەرت بۆ هەڵبژارد؟
حەزی هەست و دەربڕینی پەیوەندی بیروڕاگۆرینەوە لەڕێگەی هونەرەوە، هەروەها حەزی داهێنان و خۆشەویستییەکی زۆر بۆ وێنەکێشان.
خۆشەویسترین تابلۆ لای تۆ چ تایبەتمەندی و جیاوازییەکی هەیە؟
ناتوانم دەستنیشانی یەک تابلۆ بکەم و جیای بکەمەوە لە تابلۆکانی ترم چونکە هەر تابلۆیەک و تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە پڕۆسەی کێشانی هەر تابلۆیەک تێربوونی هەستێکی تایبەتی هەیە و بەشێوەیەکی گشتیش وێنەکێشان چیژێکی تایبەتی خۆی هەیە.
جوانترین پەیامی تابلۆکانت چییە؟
بەرز نرخاندنی مرۆڤ و ڕێزگرتن لەهەستە جیاوازەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتردا چ لە ئێش و ئازار یان چێژ و خۆشی و پەیوەنییان بە سرووشتەوە.
فەلسەفەی هونەر لای تۆ چییە؟
ناوەڕۆک زۆر گرینگە لای من هەندێکجار وا هەست دەکەم شتەکان هەڵبژاردن دەدەنە دەست خۆیان وەکو گەڵای پاییزەکەی کە باسم کرد، بەڵام پێویستە شتەکان زۆر تێکەڵ نەکەین، بۆیە من لێرە باسی سیستەمێک ناکەم کە ئێمە دامان ڕشتبێت بەڵکو كتوپڕ خۆی هەڵدەبژێرێت و بوونی خۆی دەسەلمێنێت، هەروەها چەند مێشکی مرۆڤ فراوانە کە دەتوانێت بیر لە فانتازیا یان یاسایەک بکاتەوە ئەمە هونەرە لای من کە بێ سنوورە و ئازادە هەر بۆیە ناوی تابلۆ نانێم و نامەوێت فانتازیای بینەر سنووردار بکەم بۆ ئەوەی ئەگەر فانتازیایەک لەلای من لە گۆشەیەک درووست بێت با لەلای بینەرێک بە شێوەیەکی دیکە ببینرێت، هەروەها چەند کەس تابلۆکەی بینی ئەوەندە هەستی جیاواز و بیروبۆچوون درووست دەبێت.

© 2017 Hawler