نیسان 07, 2020

زۆرترین بینراو هونه‌ری

Error: No articles to display

ئامانجمان ئەوەیە، حەیران لە دەشتەوە بێنینە ناو شار

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

 

ناوه‌ندی حه‌یرانبێژانی كوردستان هه‌شت ساڵه‌ دامه‌زراوه‌، سێ لقی دیكه‌ی هه‌یه‌ له‌ كۆیه‌ و مه‌خموور و سۆران و، سەرۆكی ناوەندەكە دەڵێ، ده‌مانه‌وێ‌ حه‌یران له‌ ده‌شتی هه‌ولێرەوە بێنینە ناو شار، هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێ نوێگه‌ری له‌ حه‌یران بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌نه‌وه‌ی نوێی ئاشنا بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌وه‌یان موڵكی باب و باپیرانمانه‌، به‌داخه‌وه‌ ئەم نەوەیەی ئێستا نازانێ بسك و خه‌زێم چیه‌!

هه‌ر بۆ مێژوو ده‌ڵێم، باوكم یادی به‌خێر له‌ شتەستەكاندا حەیرانی نوێ كردەوە و هه‌ندێ وشه‌ی هێنایه‌ ناو حه‌یرانەوە، كه‌ پێشتر نه‌بوو؛ وه‌ك مقه‌سی ئینگلیزی و جاده‌ی قیڕ و كۆشكی نازدار حه‌یرانێ و زۆر وشه‌ی دیكه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆش ده‌گوترێنه‌وه‌. له‌ كاتێكدا حه‌سه‌ن حه‌یرانی باوكم خوێنده‌واریی هەر نه‌بوو، به‌و بارودۆخه‌وه‌ش حه‌یرانی (ده‌ڵێ وایێ) له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕ به‌خۆی داناوه‌، ئه‌و حه‌یرانه‌ له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا ده‌نگو سه‌دای خۆی هه‌یه‌ و هه‌موو خه‌ڵكی به‌ تاسه‌وه‌ گوێی بۆ ده‌گرن و یادگاری زۆریان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌.
•  ئەرێ هەر كورد حه‌یرانی هه‌یه‌ ؟
-  كورد حه‌یرانی هه‌یه‌، عه‌ره‌ب عه‌تابه‌ی هه‌یه‌، توركمان قۆریاتی هه‌یه‌، به‌مجۆره‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نه‌وه‌ خه‌ریكه‌ و ناوی ڕۆیشتووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕیز له‌ هه‌موو لایه‌ك بگرین و به‌چاوی ڕیز و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ سه‌یریان بكه‌ین.
•  جۆره‌كانی حه‌یران له‌لای ئێمه‌ چه‌ندن؟
-  حه‌یران ده‌بێته‌ دوو به‌ش، یه‌كه‌میان حه‌یرانی چیایی‌ و دووه‌میشیان حه‌یرانی مه‌جلیسیه‌، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م له‌ ده‌شت و ده‌ر به‌ ده‌نگی به‌رز ده‌گوترێ تا دوورترین كه‌س گوێی لێ بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیكه‌یان به‌ ده‌نگێكی له‌سه‌رخۆ له‌ كۆڕ و مه‌جلیسان ده‌گوترێته‌وه‌.
•  حه‌سه‌ن حه‌یرانی باوكت چۆن پێناسه‌ ده‌كه‌ی؟
-  باوكم به‌هره‌یه‌كی خوایی هه‌بوو له‌ حه‌یران. تۆنی ده‌نگی زۆر به‌رز بوو، ئه‌گه‌ر نه‌بێته‌ پیاهه‌ڵدان ده‌توانم بڵیم باوكم دوو شۆڕشی كرد، یه‌كه‌میان به‌ ده‌نگه‌كه‌ی و ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان به‌ چه‌كه‌كه‌ی سه‌رشانی كه‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو.
•  جگه‌ له‌ حه‌یران به‌ چ كارێك خه‌ریكی؟
-  خه‌ریكی به‌خێوكردنی ماسیم، ئێستا له‌ گونده‌كه‌مان كه‌ ناوی (ته‌له‌لخێمی گه‌وره‌یه)‌ هه‌شت حه‌وزی ماسم هه‌یه‌ و خۆم پێوه‌ خه‌ریك كردووه‌.
•  خۆشترین حه‌یرانی باوكت كامه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر زارته‌ ؟
-  حه‌یرانه‌كانی باوكم هه‌ر هه‌موویان تاموچێژی تایبه‌تیان هه‌یه‌ له‌لای من و له‌لای خه‌ڵكی دیكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ من زۆر سه‌رسامم پێی حه‌یرانێكه‌ زۆر جار له‌ بۆنه‌كانیشدا گوتوومه‌ كه‌ ده‌ڵێ:
خۆزی به‌ خۆزیداران باجگری ماچان بام
له‌سه‌ر پرده‌كه‌ی كاوله‌ رواندزێ ئه‌وه‌له‌ن له‌ كیژۆره‌ باڵه‌كیان
 له‌ گه‌رده‌ن كێلێ ڕواندزیان
 له‌ سه‌ربه‌ تاسی خۆشناوان
له‌ یه‌خه‌ به‌ سنجاقی كۆییان
له‌ سه‌ربه‌مۆری سلێمانیان
له‌ عه‌با ڕه‌شی هه‌ولێریان
له‌ بسكی قووتی ساره‌ییان
له‌ كیژی خێره‌نج و ڕه‌وه‌ند و ئاكۆ و مامسار و خه‌یلانیان
له‌ شلومل و چاو به‌كل و باغه‌رشۆڕێ دزه‌ییان.

© 2017 Hawler