شوبات 27, 2020

هونەرمەند خالید عومەر "خەرمانەی هونەر" چاپ دەكات

هەر یەكێك لە ئێمە حەز بەوە دەكەین زانیاری تەواومان هەبێت سەبارەت بە ژیانی هونەرمەندان، بە تایبەتی ئەوانەی خزمەتێكی زۆریان پێشكەش كردوە و شوێن پەنجەیان لە بوارەكەدا دیارە.

 ئەوەتا لەو ڕۆژانەدا هونەرمەندی شانۆكار خالید عومەر دوای هەوڵو ماندووبوونێكی زۆر كتێبی "خەرمانەی هونەر"ی لە قەبارەیەكی مام ناوەندی 395 لاپەڕەیی لە دەزگای موكریان بە چاپ گەیاند، نووسەری كتێب لەمبارەیەوە بە لاپەڕەی هونەری ڕۆژنامەی (هەولێر) ی ڕاگەیاند: ناوەڕۆكی ئەو كتێبە بریتیە لە ژمارەیەك دیمانە لەگەڵ هونەرمەندانی هەردوو بواری شانۆ و مۆسیقا تا لە نزیكەوە بایەخێك بە هەموو ئەوانە بكەم كە ڕۆژێك لە ڕۆژان خزمەتێكی بچووكی هونەریان كردووە و تەمەنێكیان لەو پێناوەدا بەسەر بردووە، دیارە پێشتر بە دوای ئەو هونەرمەندانە كە بەهرەیەكی گەشی هونەریان هەبوو بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیەكی ئاوادا چاپی بكەم و بیخەمە بەردەست خوێنەرانەوە، خوا یار بێ لە داهاتوویەكی نزیكدا بەشی دووەمی ئەو كتێبەش چاپ دەكەم، چونكە هێشتا زۆری ماوە هەموو هونەرمەندان بەسەر بكەمەوە ئەوەیان پڕۆژەیەكی فراوان و درێژ خایەنە و پێویستی بە ئارام و كاتێكی زۆر هەیە تا پڕۆژەكە بە شێوەیەكی پووخت ڕۆشنایی ببینێ و هەموو لایەك لێی سوودمەند بێت، هەورەها هێمای بۆ ئەوەشكرد كە من وەك هونەرمەندێكی بواری شانۆ كە سالانێكی زۆرە لەو بوارەدا كار دەكەم پێم خۆش بوو لە ڕێگای ئەو كتێبەوە كەسایەتی و كاری هونەری ئەو هونەرمەندا بە هەموو لایەك ئاشنا بكەم، ماوەتەوە بڵێن هونەرمەندی شانۆكار خالید عومەر ساڵی 1967 لە شاری هەولێر لەدایك بووە و ئەمیش وەك هەموو هونەرمەندانی دیكە لە ساڵی 1984 دەستی بە كاری شانۆیی و درامی كردووە و لەو ساوە تا ئێستا خاوەن بەرهەمێكی زۆری شانۆیی و تەلەفزیۆنیە.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler