شوبات 27, 2020

ئایە فێستیڤاڵەکە، بۆ شانۆی شەقام دەکرێت؟

ھونەر، لای من موعجیزەیە، موعجیزەی ھونەرمەند داماڵراوە لەو تێگەیشتنە زانستی و ئایینیەی بۆ موعجیزە کراوە، موعجیزەی ھونەرمەند جۆرێکی ترە، داڕشتنەوەی ژیان و بونیاتنانەوەی خەیاڵ و وێناکردنی موستەحیلە، ئەمە تێڕوانینی منە بۆ ھونەر و بەتایبەتی ھونەری شانۆ، ئەگەر موعجیزە نەبێت چی وادەکات ئۆدیب پاش ٢٥٠٠ ساڵ ھێشتا بە زیندوویی بەسەر تەختەی شانۆکانەوە وەستا بێت، چی وا دەکات ھاملێت دوای زیاد لە ٤٠٠ ساڵ ھەموو ڕۆژێ بە فۆرم و روانین و لێکدانەوەی تازەوە ھزرمان داگیر بکات و سیحری مانەوەی بەتاڵ نەبێتەوە، ئەگەر ھونەر موعجیزە نەبێت چی وا دەکات چێخۆڤ پاش ١٠٠ ساڵ ھەر وەکو ئەوەیە دوێنێ تێکستی مەلی دەریای بۆ ستانسلافسکی نوسی بێت، سادەترین پێناسەی موعجیزەش ئەوەیە "ڕمر خارق للعادە" واتە کارێک کە باو تێدەپەڕێنێت، ئەمەش لای من وەزیفەی ھونەر و ھونەرمەندە بە تایبەتی لە شانۆدا، ئەگەر ھونەرمەند خەریکی گواستنەوەی باو و کۆپیکردنی واقیع بێت، ئیتر بۆ ھونەرمەندە، چونکە ھەمیشە وێنە رەسەنەکە لە کۆپیکراو جوانترە، ھونەرمەندیش دەبێ داھێنان بکات و بەدوای کۆپییەوە نەبێت.

ھاڕۆل ئەندرسۆن لە پێناسەی داھێناندا دەڵێت"کرداری بەرھەمھێنانە کە ھەموو ساتێ لە ساتەکانی لەدایکبوونی گەوھەرێکی بەھاداری ھەنووکەیی لێدەکەوێتەوە، لەوەش زیاتر داھێنان پێویستی ژیانە."
ئەگەر ئەم پێناسەیە ببەستمەوە بە پێناسەی موعجیزە لە نێو رووبەرە ھونەرییەکەی، دەبینین جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، جیاوازییەکە تەنھا لە رووبەری بەکاربردنە، ئەو ھونەرمەندەی نەتوانێت گەوھەرێکی بەھادار ببەخشێت بە وەرگرەکەی شایستەی ئەوە نییە پێی بگوترێت ھونەرمەند.
با ئەم رووبەرە بەجێ بێڵم و بچمەوە سەر ئەسڵی مەبەست، ئەویش ئەو بەدحاڵیبوونەیە کە لە پیناسەی شانۆی شەقام و شانۆی سەرشەقام دروست بووە،ھاوڕێم (بوڕھان قەرەداخی) لە کۆمێنتێکدا نوسیویەتی" شانۆی شەقامیش ناوی بەخۆیەوەتی، دەبێ لە شەقامدا بەشێوەیەکی سپۆنتانێت و خۆڕایی لەدایک بێت و ھەر لەنێو شەقامیش لەدایک بێت و ھەر لەنێو شەقامیشدا ھونەرمەندو بینەرو وەرگری خۆی دروستبکات، واتە پێویستییەک بیھێنێتە بوون، نەک دۆخی دروستکراوی موتوربە ئاسا و بە زۆر فیستیڤاڵی بۆ دروست بکەیت، بۆیە ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت شانۆی شەقام نییە".
بۆ قسەکردنێکی باشتر لەسەر ئەم کۆمێنتەی کاک بوڕھان دەبێ جارێکی بگەڕێینەوە بۆ تەرزەکانی شانۆی شەقام کە من پێشتر لە زنجیرە وتارێک قسەم لەسەر کردووە، ئەوەی کاک بوڕھان نوسیویەتی وەک تەرزێکی شانۆی شەقام راستە، ئەمە جۆرێکی شانۆی شەقامە کە لە شەقام دروستدەبێت و ئامانجێکی سیاسی یا بازرگانی یا کۆمەڵایەتی ھەیەو دەیەوێت لە رێگەی کۆنتاکتی راستەوخۆ بابەتێک بجولێنێت و گەلەکۆمەی جەماوەری بۆ دروست بکات، ئەم تەرزە نمایشە لەڕووی کوالێتی ھونەرییەوە نزمترین ئاستی شانۆی شەقامەو لە زۆرکاتدا رەنگە شیاوی ئەوەی نەبێت وەک ھونەرێک سەیری بکەین، چونکە لە بنەڕەتەوە ئەم تەرزە نمایشە مەبەستی پێشکەشکردنی ھونەر نییەو شانۆ وەک فاکتەرێک بەکار دەبات بۆ گەیاندنی گوتارێکی دیاریکراو کە پێشینەی ھەیە لە گەیاندن و بەھیچ شێوەیەک ئەم تەرزە نمایشانە بیر لە پێشکەشکردنی فۆرم و سەبکێکی ھونەری ناکاتەوەو زۆرینەی کاتیش ئەوانەی ئەمجۆرە نمایشانە دروست دەکەن رێکخراوی مرۆیی یا سیاسی یا کۆمەڵایەتین، ھونەر وەک فاکتەرێکی کاریگەر بە تایبەتی شانۆ دەکەنە بارھەڵگری ئەو پەیام و بابەتەی کە دەیانەوێت بە بینەری بگەیەنن، ئەمجۆرە نمایشانە فیستیڤالی بۆ ناکرێت و بۆشی نەکراوە، ئەم نمایشانە لەڕووی بەکاربردنەوە ڕێک لە شانۆی کڵێسا دەچێت، ئەم تەرزە شانۆییەی کە لە سەدەکانی ناوەڕاست بۆماوەیەکی زۆر لەنێو کڵێساکان پێشکەش دەکران و مەبەست لێی وێناکردن و گەیاندنی پەیامی ئایینی مەسیحی بوو، ئەوانەی کە نمایشەکانیشیان دروست دەکرد شانۆکار نەبوون و قەشەو پیاوی ئایینی بوون و چیرۆکەکانیشیان لە خودی کتێبی پیرۆزەوە وەردەگرت و ئێستاش ئەمجۆرە شانۆییە وەک سرووت لە بەشێک لە کلێساکانی کوردستان و دونیا ماوەتەوە.
ئەمجۆرە شانۆییە ھونەرمەند دروست ناکات لەنێو شەقام وەک ئەوەی کاک بوڕھان باسیکردووەو ئەم ئەزموونەش زۆر جیاوازە لەو ئەزموونە شانۆییانەی کە ئۆگۆستۆ پواڵ کاری لەسەر کردووە و پواڵیش ھیچ کاتێک ئیدیعای ئەوەی نەکردووە کە شانۆی شەقام پێشکەش دەکات، بەڵام ئەمە تەواوی وێنەکە نییە، ئەمە بەشێکی بچوکی ڕووبەرەکەیە.
لە بەرامبەر ئەو تەرزە شانۆییە، جۆرێکی تر لە نمایشی شانۆیی ھەیە لە شەقام یا شوێنە گشتییەکان پێشکەشدەکرێت و نمایشەکە فۆرمێکی ھونەری دیاریکراوی ھەیەو ھەوڵدەدات سەرنجی بینەرو وەرگری شەقام ببات بەھۆی ئەو فۆرمە ھونەرییە بەرزو جیاوازەی کە پێشکەشی دەکات و بینەر سەرسام دەکات و وەک کارێکی ناباو خۆی دەنوێنێت، ئەم جۆرە نمایشە ئاساییە ئەکتەرو دەرھێنەرو چیرۆکی دیاریکراو و تەنانەت تێکستی شانۆییشی ھەبێت و مەشق و راھێنانی بۆ کرابێت و بەشێوەیەکی گونجاو بۆ شەقام و شوێنە گشتییەکان ئامادە کرابێت و لە ڕێگەی دیالۆگ و جەستەو سەماو جولەوە پێشکەش بکرێت، کەسانی شارەزا وەک دراما تۆرگ و کۆمەڵناس بەشدارییان لە داڕشتنەوەی کردبێت لە رووی گوتاری ھزری و فەلسەفی و شێوەو فۆرمەوە، ئامادەسازی و دروستکردنی بۆ کرابێت، زۆرینەی ئەو نمایشە شانۆییانەی کە لە فیستیڤاڵەکانی مەریوان و دەربەندیخان و کەرکوک پێشکەش دەکرێن، لەم تەرزە شانۆییەن و پێشبڕکی لەسەر داھێنان و فۆرمی تازەو گوتاری ناباو دەکەن و ئەو نمایشانەش خەڵات دەبەنەوەو سەرنجی بینەر دەبەن کە دەتوانن لەم دەروازەوە مامەڵە لەگەل شەقام و بینەری شەقام دەکەن، بۆیە بەڕاستی ناحەقی گەورە دەکرێت بەرامبەر فیستیڤاڵەکانی مەریوان و دەربەندیخان و کەرکوک، ھەرکەسە لە شوێنی خۆیەوە دادەنیشێت فیستیڤاڵ ڕەفز دەکاتەوە یا بە بێ بایەخی تەماشای دەکات، من پێموایە ئەم فیستیڤالانە لەم قۆناغەدا بەھەموو کەموکوڕییەکانیانەوە، ھەنگاوی زۆر گرنگن و توانیویانە پەیوەندی زۆر گەورە لەنێوان شارو شانۆ نەخشەبکێشن و فاکتەرێکی کاریگەر بن لە گۆڕینی روخساری شار لە ڕووی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتییەوە، بەھیچ شێوەیەک دەربەندیخانی ئێستا ھەمان ئەو دەربەندیخانە نییە کە پێشتر فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی لێ نەبووە، وەرن سەیرکەن خەڵکەکەی چەند تێگەیشتنێکی جوان و مۆدێرنیان بۆ شانۆ ھەیەو چۆن دەرھاوێشتەکانی فیستیڤاڵ فەزای شاری داگرتووە، ئەو چەند رۆژەی فیستیڤاڵ زۆر بەڕوونی دەبینی کە چۆن فیستیڤاڵ سەرنجی زۆرێک لە دانیشتووانی ئەم شارەی ڕاکێشاوە، باس لە دەرھاوێشتە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیەکانیش ناکەم کە چەند گرنگن بۆ خەڵکی ئەم شارە، ھەمان پێوەریش بۆ مەریوان دروستە، کەرکوکیش زیاد لە ھەموو شارێکی کوردستان پێویستی بەوە ھەیە پڕەنسیبی دیالۆگی تێدا بچەسپێنرێت و ڕووبەری نزیکبوونەوی پێکھاتەکانی کەرکووک بە نەتەوەو ئایینی جیاوازەوە فراوانتر بکرێت، چی لە شانۆ و بەتایبەتی شانۆی شەقام باشترە تا ئەم ئەرکە مەزنە بگرێتە ئەستۆو ھاوکار بێت لە سازدانی ئەو زەمینەیە کە کەرکووک جێگەی ھەمووانی تێدا دەبێتەوەو ھونەریش دەتوانێت ھەمووان کۆ بکاتەوە.

 

حەمەسوار عەزیز

© 2017 Hawler