ئاب 15, 2020

فێستیڤاڵی شانۆ، وەک شوناسی جوانیی هەولێر

خەسڵەتی شار بریتیە لەو کۆ ڕەفتارانەی کە شارێک دەتوانێت ببێتە هۆی سیمای پێشەکەوتنی، بۆیە شارەکان پەیوەستن بەو ڕووداوانەی کە دەبنە دیاردە، فێستیڤاڵی شانۆی نێودەوڵەتیی هەولێر، بووە بە دیاردەیەک کە لەگەڵ تەواوبوونی هەرخولێکدا بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی خولێکی تری بکەین. ئێمە ئێستا کە لەناو خولێکی نوێی فێستڤاڵداین، بەر لەهەر شتێک کاتێک بیر لە ڕابردوو دەکەینەوە، تێدەگەین هەولێر گەر تا دوێنێ بەتەنیا شارێکی مێژوویی و هۆلاکۆبەزێن بووە، ئەمڕۆ نەوەکانی ئەو شارە توانیویانە ئێستا مێژوویەکی نوێ درووست بکەن، ئەویش بە بەخشینی شوناسی شانۆیە.
هەمووان وەک ساڵانی پێشوو لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ مۆمێکی نوێی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکەی هەولێر بۆ شانۆمان داگیرساندووە، ئێرە بووەتە ئەو شوێنەی مرۆڤی شانۆکار لەو سەری جیهانەوە بێت ڕووی تێبکات، تاوەکو چەندە سیمایەکی شارستانی بە شارەکەمان ببەخشین، لەهەمان کاتیشدا بتوانین وێنەیەکی گەشی شانۆ بخەینە ڕوو، کە ئێمە کۆمەڵگایەکین خولیای هونەر و جوانیمان هەیە.، هەر کاتێکیش ڕووبەرووی شەڕ بووینەتەوە، ئەوە ئێمە نەبووین، بەڵکو شەڕیان هێناوەتە ناو ماڵەکانمان، بۆیە ناچار بووینە داکۆکی لە شوناس و کوردبوونمان بکەین، شوناسێک وابەستەی داکۆکیکردنمان بووە لە جوانی، ئەو فێستڤاڵەش یەکێکە لە شوناسی جوانی. ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە لە هۆڵە شانۆییەکاندا کۆ دەبینەوە، ئەو کۆبوونەوەیە بە تەنیا فێستیڤاڵ سازکردن نیە، بەڵکو بانگەشەکردنی دنیایە کە لە هەولێر کارە شانۆییەکانیان نمایش بکەن، ئەوەش بۆ خۆی سیما کولتووریەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەخاتە ڕوو، کە چەندە دەیەوێت بەسەر خۆیدا بکرێتەوە، ئاوێتەی کولتوری ئەویتر ببێت، تاوەکو گوتارێکی مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازانە لەڕێگەی شانۆوە بەرهەم بێنێت.
ساڵانی ڕابردوو فێستڤاڵ بەگرنگیەوە کاری بۆ ئەوە کردووە، بەردەوامی خولەکان و ئەو گۆڤارە شانۆییەش باشترین دیکۆمێنتە بۆ بنیاتنانی مێژوویەکی نوێ هەولێر و ئاسۆیەکی ڕوون بۆ شانۆی کوردی.

 

 فەیسەڵ شێخانی

© 2017 Hawler