ئاب 13, 2020

شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی هەولێر ساز دەكرێت

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ، كاتژمێر 6ـی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ڕێكەوتی 10/12/2019، لە هۆڵی (میدیا)ـی شاری هەولێر، رێوڕەسمی كردنەوەی شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ ساز دەكات، بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان 24 و ڕۆژنامەی هەولێر.

وا بڕیارە فێستیڤاڵەكە بە بەشداری گرووپە شانۆییەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركووك، چەمچەماڵ، ئەڵمانیا، یابان، پۆڵەندا، دانیمارك، مەغریب، ئوردن و میسر) بەردەوام بێت تا ڕێكەوتی 16/12/2019، ڕۆژانە لە 3 كاتی جیاوازدا و لە 3 هۆڵی جیا نمایشی كارەكانیان بكەن، هاوكات ڕۆژانە كۆڕی ڕەخنەیی بۆ نمایشەكان ئەنجام دەدرێت.
لەم بارەیەوە (هیوا سوعاد) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆی هەولێر و سەرۆكی فێستیڤاڵەكە بە (هەولێر)ـی ڕاگەیاند: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ ئەوە خولی شەشەمە بەڕێوە دەچێت، لە ساڵی 2010ـەوە دامەزراوە، كە وەك نەریتێك ساڵانە ساز دەكرێت، بەڵام یەك دوو ساڵ بەهۆی شەڕی نەگریسی تیرۆرستانی داعش و قەیرانی دارایی نەكرا سازی بكەین، خۆشبەختانە ئێستا ئەم فێستیڤاڵە لە پڕۆگرامی حكوومەتیش جێگیر كراوە، كە ساڵانە لە شاری هەولێر بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە بەشداریی گرووپەكانیش گوتی: لەم خولەی فێستیڤاڵدا چەندین دەوڵەت بەشداری دەكات و وەكو نەریتی ساڵانە هەوڵمان داوە هەم لە ئەوروپا گرووپمان هەبێت هەم لە ئاسیا هەمان بێت هەم لە ئەفریقیا، وا كاریش لەسەر ئەوە دەكەین لە داهاتوو گرووپی ئەمریكیش بهێنین، بۆ ئەمساڵ توانیمانە لە ئەورووپا گرووپی وڵاتانی (دانیمارك و هۆڵەندا و ئەلمانیا) بەشداری پێ بكەین، وە لە وڵاتانی عەرەبیش (میسر و ئوردن و مەغریب) بەشداری دەكەن. هەروەها بۆ یەكەمین جار ژاپۆنیش بەشداری دەكات، هاوكات عێراقیش بە گرووپێكی بەغدا بەشداری دەكات، لە كوردستانیش شارەكانی (هەولێر و دهۆك و سلێمانی و كەركووك) و هەروەها گرووپێكیش لە چەمچەماڵ بانگهێشت كراون، كە نمایشەكەیان باش بوو بۆ ئەو مەبەستە خستمانە ناو بەرنامەی فێستیڤاڵەكە.
لە بارەی ئامانجی سەرەكیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی هەولێر گوتی: هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەو فێستیڤاڵە ئامانجمان ئەوە بوو، كە بتوانین نمایشی جیهانی بە بینەری خۆمان ئاشنا بكەین و كاری خۆشمان لە هەمانكاتدا بە بینەرانی خۆشمان بناسێنین، هەر دیدار و فێستیڤاڵێكی هونەری ساز بكرێت لە خزمەتی هونەرمەندانە، كۆكردنەوەی هونەرمەندان لە فێستیڤاڵێكی ئاوا گرنگیی خۆی هەیە، گرنگە بۆ ئێمە بزانین شانۆ لە وڵاتاندا گەیشتیتە چ ئاستێك و چ ستائیلێكی نوێ هەیە، پیشانی هونەرمەندانی خۆمانی بدەین و سوودی لێ وەرگرین، ئەمەیش ڕەنگدانەوەی هەبووە ئەگەر ئێستا سەرەنج بدەینە زۆربەی كارە هونەریەكانی كە لە هەولێر و كوردستان دەكرێت هەست دەكەی ستایلێكی تری وەرگرتووە، ئەو ستایلە نیە، كە پێش ساڵانی 2000 بوونی هەبوو، هەست دەكەین ئەو فێستیڤاڵە كاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر كۆی بزوتنەوەی شانۆیی.

ئاماژەی بەوەش دا: لە بۆتەی فێستیڤاڵەكەدا پانێلمان هەیە تایبەت بە (دراما تۆرگی) كە چەند پسپۆڕێكی شانۆیی ئەو باسە تاوتوێ دەكەن و ئامانجمان لە سازدانی ئەو پانێلە ئەوەیە ئەو زاراوەیە لە لای زۆربەی هونەرمەندانیش بە تایبەتی دەرهێنەران زۆر ڕوون نیە و خوێندنەوەی دیكەی بۆ دەكرێت، دەمانەوێت ناسینێكی زانستیانە بۆ ئەو زاراوەیە دابنێین و كاری لەسەر بكەین، وە فێستیڤاڵەكەش هەم سپۆنسەری میدیایی هەیە، هەمیش بڵاوكراوەی تایبەتی خۆی هەیە.
سەبارەت بە ناوەڕۆكی نمایشەكانی ئاماژەی بەوە دا: ئێمە نەگەیشتینە ئەو قۆناغەی شرۆڤە بۆ ناوەڕۆكی شانۆگەرییەكان بكەین، یان چوارچێوەیەك دابنێین بۆ ئەو باسانەی كە لە شانۆدا دەكرێ، بە هیواین كاری باش نمایش بكرێت، ئێمە وڵاتێكی سەربەخۆمان نییە و خاوەنی كیانێكی سەربەخۆ نین تا بتوانین ڕاستەوخۆ هەماهەنگی بكەین لەگەڵ وڵاتان، یاخود لە چ كاتێك بمانەوێ كارەكانمان جێ بەجێ بكەین، ئێمە گیروگرفتمان گەلێك زۆرە، بەڵام ئێمە توانیومانە سەرباری هەموو گیروگرفتەكان، ساڵانە ئەو فێستیڤاڵە بكەین، وەكو ناوەڕۆك دەرهێنەرەكان ئازادن لەوەی چ ناوەڕۆكێك هەڵدەبژێرن، بۆ شانۆگەریە كوردستانیەكان بۆ شانۆگەرییە ئەورووپیەكانیش لێژنەی تایبەتیمان هەیە، بە سەرپەرشتی (ئای تی ئای) كارەكان دەكەن، كۆی گشتی 12 گرووپ لەناوەو دەرەوە بەشدارن، تا ئێستا 5 خەڵاتی سەرەكیمان دابین كردووە.
ڕاشیگەیاند: لەم خولەی فێستیڤاڵدا ئەگەر نەمانتوانیبێت ئەستێرە دیارەكانی وڵاتانی عەرەبی بێنین، لەبەر ئەوەیە، ئەم فێستیڤاڵە دەكەوێتە نێوان دوو فێستیڤاڵی گەورە وەك فێستیڤاڵی قرتاج لە هەمان كات و فێستیڤاڵی كوێت، ئیتر ئەوە بووەتە هۆكارێك ئەستێرەكانی وڵاتانی عەرەبی دابەش بوونە بۆ ئەم دوو فێستیڤاڵە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پڕۆتۆكۆلمان لەگەڵ میسر هەیە ئەوان چەند شانۆكارێكی بە ئەزموون ڕەوانە دەكەن.
هاوكات پرسی (نەبوونی هۆڵی پڕۆفیشناڵی تایبەت بە شانۆ)ـی بەم شێوەیەخستە ڕوو: كێشەی سەرەكیمان نەبوونی هۆڵی تایبەت بە شانۆیە، یان ئەو هۆڵانەی هەیە پڕۆڤیشناڵ نینە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیمانە بەو توانایەی لەبن دەستمانە بۆ ئەمساڵ سێ هۆڵ دابین بكەین، هۆڵی (میدیا) یەكێكە لەو هۆڵانەی ئەمساڵ وەكو سوپرایزێكی لێدێت، كە بەشێوەیەكی وا شانۆی لەسەر پێشكەش دەكرێت جیاوازیی هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە نابێت ئەوە بشارینەوە، كە گیروگرفتمان زۆرە لە نەبوونی هۆڵ، كە ئەمەش گرفتێكی زۆر گەورەیە لەم نێوەندەدا، ناكرێت پایتەخت بەبێ هۆڵی پڕۆفیشناڵ بێت، كارەستاتە پایتەخت فێستیڤاڵێكی گەورەی لێ بكرێت هۆڵێكی تایبەت بە شانۆی لێ نەبێت.
لە كۆتایی دا گوتی: دەبێ هەموومان هاوكاربین لەگەڵ یەكتر بۆ ئەوەی ئەو فێستیڤاڵە سەر بخەین و زیاتر بە دەرەوەی بناسێنین و بۆ ئەوەی زیاتر كاردانەی خۆی هەبێ، هەموومان لە دەورو بەری ئەو فێستیڤاڵە كۆبینەوە بتوانین ساڵ بە ساڵ فێستیڤاڵ بەشێوەیەكی پێشكەوتووتر ئەنجام بدەین، سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەم هاوكارن لەو فێستیڤاڵە و ئامادەیی ئەوەیان تێدایە فێستیڤاڵ سەربخەن.

 

سەرهەنگ غەریب - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler