ئاب 13, 2020

ئایا شانۆی شەقام شانۆیەکی ئیرتیجالییە؟

لە کۆڕە رەخنەییەکانی فیستیڤاڵی شانۆی کەركووك بەشێک لەو بەڕێزانەی کە کاری ھەڵسەنگاندن و رەخنەکردنی نمایشە شانۆییەکانی فیستیڤاڵی کەركووكیان لە ئەستۆ بوو، ھەمیشە چەند رستەیەکی کۆنکریتیان دووبارە دەکردەوە وەک مەرج و یاسای پێشوەختە بۆ دروستکردنی شانۆی شەقام، ئەمە جگە لەوەی ئەم مەرجانە لە نێو ھەندێ شانۆکارانی ئەو بوارە و شانۆکاران بە گشتی وەک مەرجی بنەڕەتی و زەروورەت وەرگیراون و مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. لەوەش خراپتر ئەم رستانە پەڕیوەتە نێو ھەندێ کتێب و سەرچاوەی تایبەت کە گوایە باس لە شانۆی شەقام و بنەماکانی شانۆی شەقام دەکەن، بۆ ئەوەی لە ڕوانگەیەکی تر و رووبەرێکی تر لەم چەمکانەو مەرجانە بڕوانین، ھەوڵ دەدەم لە چەند وتارێکدا ئەم رستە کۆنکریتیانە بخەمە بەردەم بەرداشی رەخنەو لۆژیک و بەپێی ئەزموون و لۆژیکە مەعریفی و ئێستاتیکییەکانی شانۆ شڕۆڤەیان بکەین و پانتاییەکی واڵا بۆ دیالۆگێکی مەعریفی و عەقلانی بکەینەوە و ھەڵبژاردەکانی بەردەم شانۆکار و وەرگری شانۆیی لە شەقام لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتی فراوانتر بکەین.
یەکەم رستەش کە دەمەوێت لەسەری بوەستم ئەو تێگەیشتنە ناڕاستەیە کە ھەمیشە دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە "شانۆی شەقام شانۆیەکی ئیرتیجالییە".
من نازانم ئەوانەی ئەم یاسا کۆنکریتیەیان بۆ شانۆی شەقام داڕشتووەو ئیرتیجالیان وەک مەرج و بنەمایەکی بنەڕەتی شانۆی شەقام دیاری کردووە، بەڕاستی ھیچ جۆرە زانیارییەکیان ھەیە لەسەر شانۆی ئیرتیجالی، چونکە ئەگەر نەزانین شانۆی ئیرتیجالی چییە چۆن دەتوانین شانۆی شەقام بەم فۆرمە ھونەرییەوە گرێ بدەین و بیکەینە مەرج و ھەمیشە شانۆکار ناچار بکەین لە شەقام بیر لە ئیرتیجال بکاتەوە، بێ ئەوەی خودی ئەو شانۆکارە لە بنەماکانی شانۆی ئیرتیجالی (ئیمپڕۆ) تێگەیشتبێت و خۆی وەک ئەکتەر ئامادەو پیشەمەند بێت لە دروستکردنی ئەو تەرزە شانۆییە.
شانۆکاری ناسراوی بواری شانۆی ئیرتیجالی دیار عومەر لە بارەی پێناسەکردنی شانۆی ئیرتیجالی بە کەمترین وشە دەڵێت"شانۆی ئیرتیجالی شانۆیەکە بێ بیرۆکە و بێ تێکستە"، ئەگەر بە ووردی لەو پێناسە کورتە بڕوانین دەبینین شانۆی ئیرتیجالی پێچەوانەی شانۆی شەقام بە ھیچ شێوەیەک پشت بە بیرۆکەی پێشوەختە نابەستێت و شانۆکار لەو تەرزە شانۆییە کە دێتە بەردەم بینەر ھیچ بیرۆکەیەکی ئامادە نەکردووە و ھەر لەوێ بیرۆکە و پێناسەی کارەکتەر لە بینەری راستەقینە وەردەگرێت و چیرۆکی نمایشەکەی لەسەر دروست دەکات. دەڵێم بینەری راستەقینە چونکە ھەندێ شانۆکاری شەقام فێربووە ئەکتەر دەخاتە نێو بینەرو کۆنتاکتی لەگەڵ دەکات وەک بینەرێکی ئاسایی لە کاتێکدا ئەو کەسە ئەکتەرێکی گروپەکەیە، ئەمە گەورەترین ساختەکارییە کە شانۆکاری شەقام لەگەڵ بینەر دەیکات.
کەواتە شانۆی ئیرتیجالی لە بونیادەوە جیاوازیەکی گەورەی لەگەڵ شانۆی شەقام ھەیە کە بەھیچ شێوەیەک بیرۆکە و تێکست و کارەکتەری پێشوەختەی نییە، لە کاتێکدا ئەمانە ھەموویان لە شانۆی شەقام بوونی بەھێزیان ھەیە و شانۆکاری شەقام پێشوەختە بیرۆکە یا تێکستێکی ئامادە کردووە و کارەکتەری بۆ ئەکتەرەکانی دیاریکردووەو دەشزانێت چیرۆکی نمایشەکەی باسی چی دەکات و لە کوێوە دەست پێدەکات و لە کوێش کۆتایی دێت و ئامانجی روونی نمایشەکەی چییە.
جیاوازییەکی تر ئەوەیە کە شانۆی ئیرتیجالی تەنھا لە شەقام و فەزای کراوە نمایش ناکرێت، ئەم تەرزە شانۆیە توانای ھەیە لەسەر ستەیجی ئیتالی یا شانۆی بازنەیی و چوارگۆشە و سێگۆشە و پیتی ئێل و ژووری داخراو و سالۆنی ئاسایی و فەزای کراوەو شەقام و پاڕک و ھەر رووبەرێک نمایشبکرێت، لە کاتێکدا شانۆی شەقام پەیوەستە بەو رووبەرەی کە نمایش تیاییدا بەڕێوەدەچێت و زۆرترین کات لە فەزایەکی کراوە لە دەرەوەی ئەو ستەیجە داخراوانە پێشکەش دەکرێت.
رەنگە ئەکتەر لە شانۆی شەقام زۆر پێویستی بەو مەشق و راھێنان و وەرزشانە بێت کە شانۆی ئیرتیجالی پشتی پێدەبەستێت بۆ ئامادەکردنی ئەکتەر، دەکرێت ئەکتەری شەقام سوودێکی زۆر لەو تەرزە راھێنانە وەربگرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەکتەری شانۆی ئیرتیجالی وەزیفەیەکی سەختترو ئالۆزتری ھەیە لە ئەکتەری شانۆی شەقام، لەبەر ئەوەی لە شانۆی ئیرتیجالی ئەکتەر دەبێ زۆر وریاو کارامەو زیرەک و توانای بیرکردنەوەی خێراو بڕیاری دروستی ھەبێت، چونکە کاتێ دەچێتە شەقام نازانێ چ شتێک چاوەڕێی دەکات و ئەو بینەرە چ جۆرە کارەکتەرو ناونیشانێکی پێ دەدات تا چیرۆکی نمایشەکەی تێدا دابڕێژێت، زۆرینەی تەکنیکەکانی ئەم تەرزە نمایشەش پەیوەستە بە تەرکیزو زاکیرەیەکی بەھێزی ئەکتەر تا بتوانێت ئەو تەرزە شانۆییە بەڕێوەببات، لە کاتێکدا وەزیفەی ئەکتەری شەقام ئاسانترە چونکە پێشتر بیرۆکە و کارەکتەری خۆی و رووبەری رووداو دەناسێت و مەشقی لەسەر کردووە و سەدا ھەشتای نمایش لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدایە.
بۆیە بوونی ئیرتیجال لە شەقام کارێکە پەیوەستە بە ئامانج و فۆرمی ئەو نمایشە شانۆییەی کە لە شەقام پێشکەش دەکرێت، ھەندێجار شانۆکاری شەقام پێویستی بەوە ھەیە کە کێشەیەک یا ھەر پرسێک لەگەڵ بینەری شەقام دیالۆگ بکات، بۆیە پەنا دەباتە بەر ئیرتیجال و دیالۆگ لەگەڵ بینەر، بەڵام ئیرتیجالێکی سنووردارەو شانۆکار خۆی ھێڵەکانی چیرۆک و کارەکتەرو ئامانج و سەرەتاو کۆتا دیاری دەکات، بۆیە مەشقکردنی ئەکتەر لەسەر تەکنیکەکانی شانۆی ئیرتیجالی زۆر سوودبەخشە بۆ ئەکتەری شەقام و یارمەتیەکی زۆری دەدات لە ئیدارەدانی دیالۆگ لە شەقام، بەڵام ھەندێ نمایش ھەیە کە پێشتر لە رووی فۆرم و تێکستەوە ئامادە کراوە و دەرفەتی ئەوەی تیا نییە ھیچ رووبەرێک بۆ ئیرتیجال بەکار ببات، وەک نمایشەکانی (مفەوەز عەبد/بابل، تەنھا یەک تۆپ/ئێران، باویلکە/ھەڵەبجە)، ئەم نمایشانە رووبەری ئەوەیان تێدا نییە تا ئیرتیجال وەک تەکنیکێک لەنێو نمایش بەکار ببەن و نمایشەکان ئامانجێکی دیاریکراو و فۆرمێکی ھونەری دیاریکراویان ھەیە.
سەیر ئەوەبوو زۆرینەی ئەوانەی لە لێژنەی رەخنەیی فیستیڤاڵی کەركووك بوون و ئیرتیجالیان وەک مەرجی پێشوەختەی شانۆی شەقام باس دەکرد، کەچی زۆر سەرسام بوون بەم نمایشە شانۆییانە کە بەھیچ شێوەیەک رەگەزو رووبەری ئیرتیجالیان تێدا نییە، تەنانەت خەڵاتی لێژنەی رەخنەگران درا بە نمایشی تەنھا یەک تۆپی ئێران کە نمایشێکی جەستەیی موزیکالی داخراو بوو، ئەمەش بەلای منەوە دەبێ ھەڵوەستەی لەسەر بکەین و ئەو ئازیزانە بەو مەرج و یاسا کۆنکریتیانەدا بچنەوە کە بەسەر شانۆی شەقامیان سەپاندووە، ئەوەتا خودی خۆیان ناتوانن ئەو نمایشانە بە نمایشی شەقام نەبینن کە ئیرتیجالی تێدا نییەو بەڵکو لەوەش زیاتر یەکێک لەو نمایشانە خەڵات دەکەن و خەڵاتی ئەو لێژنەیەی پێدەبەخشن کە پێشتر داکۆکی لەوە دەکات کە شانۆی شەقام شانۆیەکی ئیرتیجالییە، ئەرێ بەڕاست ئێستاش پێتانوایە شانۆی شەقام شانۆیەکی ئیرتیجالییە؟
ھەڵکۆڵینی دواترمان لەسەر ئەو رستە سەقەتەیە کە پێی وایە شانۆی شەقام نابێ لە ١٠ تا ١٥ دەقە زیاتر بێت.

 

حەمەسوار عەزیز

© 2017 Hawler