کانونی یەکەم 08, 2019

وریا ئەحمەد و عوود، دووانەی لێکدانەبڕاو

 یەکێک لەو ئامێرە ساز و گونجاوانەی دونیای هونەری کوردی، ئامێری عوودە، کە تایبەتمەندییەکی بەرزی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هەر بەرهەمێکی موزیکیدا هەیە، کە تێیدا دەژەندرێ، بەڵام ئەویش لێزان و کارزانی بە سەلیقەی دەوێ، تا بەرهەمەکە بەو ئاستە بگەیەنێ، کە چاوەڕوانیی لێ دەکرێ. لەناو سەرقافلە و شارەزایانی ژەنینی عوودیش، مامۆستا (وریا ئەحمەد) ئەو وەستاکارە بلیمەت و شارەزایەیە، کە خۆی و عوودەکەی وەک دوو گیان لە یەک جەستەدا ئاوێتە دەبن و یەکیان ئەوی دیکە بەرز و بەرزتر دەکاتەوە. ئەمەش لەخۆوە و بە عەسای سیحری نەهاتۆتە دی، بەڵکوو تەمەنێکی درێژی لە ئاوێتەبوون و ئاوێزانبوونی نێوان ئەم و ئەوی بڕیوە تا گەیشتۆتە ئەو ترۆپکەی، هەرگا باسی عوود هات، ناوی وریا ئەحمەد دێت و هەرگا ناوی وریا ئەحمەد هات، گوێت لە سەدای دەنگی عوودە. ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، لێرە و وەک هەمیشە، کە بڕیارمان داوە لە هەر فیستیڤاڵ و چالاکی و کۆڕبەندێکی هونەری و ئەدەبی، وەک نەریت و بەرپرسیاریەتییەک، رێز لە هونەر و هونەرمەندان بگرین، ئەم جارەش وەک جارانی پێشوو، رێز ئەگرین لە مامۆستایەکی هونەر و هونەرمەندێکی مامۆستا، ئەویش مامۆستای هەمووان، مامۆستا (وریا ئەحمەد)ە. ئەم رێزگرتنەمان لە مامۆستای عوود و لە عوودەکەی مامۆستا، کەمترین هەستی بەرپرسیاری و وەفایە بۆ ئەو هەموو خزمەتە زۆرەی مامۆستا، کە هەر لە بەفری قەندی کۆیەوە تا یەک بە یەکی ماڵەکانمان، خۆی و عوودەکەی و دونیایەکی جوانی پڕ لە ئاوازی ئارامیبەخش پێ بە پێ هاتووە و لەگەڵمان دەمێنێتەوە. ئەوپەڕی خۆشەویستیی خۆمان بۆ مامۆستا (وریا ئەحمەد) دەردەبڕین و پێی دەڵێن: تۆ کە هاتی، دونیای هونەری کوردیت وەک خۆت پڕ کرد لە جوانی. تەندروستیی باش و تەمەنی درێژ و بەرهەمی زیاتر و ئاسوودەیی بۆ مامۆستامان دەخوازین و ئەمەمان وەک رێز و وەفای شاگردانت لێ قبووڵ بکە.

 

فەرهەنگ غەفوور

© 2017 Hawler