کانونی یەکەم 08, 2019

"بــبوورە مـن بـۆ ئـەوە لێـرە نـیم"




لە سەرەتادا روخسەت لە برێخت وەردەگرم و رستە بەناوبانگەکەی کە دەڵێت"ھەموو شانۆکارێکی گەمژە دەتوانێت بینەر بخاتە گریان یا پێکەنین، بەڵام ناتوانێت بینەر بکاتە خاوەن ھەڵوێست"، ئەم رستەیە بەشێوەیەکی تر بەکار ببەم و بڵێم: "نەخوێندەوارترین شانۆکاریش دەتوانێت لە شەقامدا خۆی لێ ببێتە فەیلەسووف و شیعارات و دروشم فڕێ بدات و نەسیحەت و ئامۆژگاریمان بکات، بەڵام تەنیا شانۆکاری بەمەعریفە دەتوانێ بەرھەمی ناوازە دروست بکات و سەرنجمان ببات و تووشی شۆکمان بکات".
پێشئەوەی زیاتر بچمە بنج و بناوانی بابەتەکە حەقە ئەو پرسیارەش لە خۆم بکەم، بۆ شانۆکاری ئێمە حەقی نەبێت بەدەنگی بەرز و بەشێوەی راستەوخۆ رەخنە بگرێت و ناڕەزایی نیشان بدات و شیعارات بڵێت، ئایا شانۆکاریش تاکێکی نێو ئەو کۆمەڵگایە نییە و مافی ئەوەی نییە وەک کەسێکی ئاسایی دەنگ بەرزبکاتەوەو راستەخۆ بە توندترین شێوە رەخنە بگرێت و دروشم دژی قێزەوەنییەکانی ئەم وڵاتە بەرز بکاتەوە و پێشڕەیی خەڵکیش بکات لەم بوارەدا؟ ئایا شانۆش خۆی ھونەری بەرەنگاربوونەوە و ناڕەزایی و رووبەڕووبوونەوە نییە و یەکێک لە وەزیفەكانی شانۆ ئەوە نییە کە دژ بە گەندەڵی و لادانەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵات بکەوێتە سەنگەر و ھەمیشە لەبەرەی میللەت و خەڵک و تاکی کۆمەڵگەکەی خۆی بێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە ھیچ وەڵامێکی لەوە باشترم پێ نییە جگە لەوەی بڵێم: "بەڵێ شانۆکاریش تاکێکی کۆمەڵگایە و مافی خۆیەتی رەخنەو ناڕەزایی نیشان بدات و شیعارات و دروشم بەرز بکاتەوە و بە پێش چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکەوێت و نموونە و پێشەنگ بێت لە داواکردنی مافی تاک و مافە گشتییەکان، نمونەی زیندووش ئێستا ئەو شانۆکارە عێراقیانەن کە رۆژانە لە گۆڕەپانی تەحریر ھاوشانی خەڵکی ئاسایی دەنگ بەرز دەکەنەوە و دروشم دەدەن و داوای گۆڕینی سیستەم و دەسەڵات دەکەن! لەوەش زیاتر وەک خەڵکی دیار و پێشەنگی کۆمەڵگا بۆیان ھەیە ئامۆژگاری و نەسیحەتی دەوروبەرەکەیان بكەن و خەڵک وشیار بکەنەوەو وێنەکانیان بۆ روون و رەوانتر بکەن.
ئەی باشە کە وایە ھۆکار چییە ھەر خۆم دەیانجار و لە دەیان شوێن ئەوەم دووبارە کردۆتەوە کە شانۆکار نابێ بچێتە رووبەری شیعارات و دروشمبازی و گوتاری راستەوخۆ، نابێ خۆی لێ بببێتە فەیلەسووف و پیاوچاک و نەسیحەت و ئامۆژگاری و رێنمایی ببەخشێتەوە؟ ئایا ئەم بەشەی وتارەکەم پەشیمانبوونەوەیە لە بەشەکانی تر و قسەکانی پێشووترم، یا کێشەیەک لە کەسایەتی من ھەیە و ناتوانم لەسەر یەک دیدگا و بۆچوون جێگیر بم؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بەوە ھەیە کە بگەڕێینەوە بۆ لۆکەیشن و وێنەکان و خاڵ بخەینە سەر پیتەکان بۆ ئەوەی مانا ببەخشن، کاتێ کە شانۆکار لە گۆڕەپانی تەحریر ھاوشانی خەڵک دەوەستێت و ناڕەزایی نیشان دەدات و دروشم دەڵێتەوە و راستەخۆ داوای گۆڕینی ئەم و لابردنی ئەو دەکات؛ لەو کاتەدا شانۆکار تاکێکی کۆمەڵگایە و پیادەی ئەو مافە دەکات کە وەک ھاوڵاتییەکی ئاسایی بۆی دابین کراوە، کاتێ کە نەسیحەت و ئامۆژگاریش دەبەخشێتەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرێک لە شانۆکاران ناسراون و خەڵکێکی زۆر متمانەیان پێدەکات و چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکات، بۆیە ئاساییە لەو کاتەدا دروشم بڵێت و ئامۆژگاری دابەش بکات، چونکە ھەم زەمینەی شوێن جیاوازە کە تەختەی شانۆ و گۆڕەپانی نمایشکردنی شانۆ نییە، ھەم زەمەنیش جیاوازە کە زەمەنی خۆنیشاندان و ناڕەزایەتییەو ئەو بینەرەی لەوێن بینەری نمایشی شانۆیی نین و خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەرن، شانۆکاریش کە دەچێتە ریزیان دەبیتە کەسێکی ناڕازی خۆپیشاندەرو ھاوتای ئەوان دەبێتەوە.
کارەساتی گەورە لەوەدایە کە شانۆکار کاتێ نمایشێکی شانۆیی پێشکەش دەکات وا رەفتار بکات وەک ئەوەی خۆپیشاندەر بێت و دەستبکات بە دروشمبازی و دەنگی بەرز بکاتەوە و خەڵکی سادە فریو بدات، ئەوە لەبیر خۆی بباتەوە، کە ئەو لێرەیە بۆ ئەوەی نمایشێکی شانۆیی پێشکەش بکات، شانۆ ئەو ھونەری کە لقێکە لە لقەکانی ھونەرو لەسەر بنەمای بەھرەو زانست و توانا و خەیاڵکردن و ھەڵوەشاندنەوە و بنیاتنانەوە و گۆڕین و داھێنان دروست بووە، ئەگەر کەسێک نەتوانێت ھەڵگری ئەمانە بێت و لە فۆرمێکی ھونەری باڵا بۆ بینەری بگوازێتەوە، پێی ناگوترێت شانۆکار و ھونەرمەند، چونکە ئەمە ئەو وەزیفەیە کە تەنھا بە شانۆکار دەکرێت، بەڵام وەزیفەی خۆپیشاندان و دروشمبەخشینەوە و ھات و ھاوارو قیژەقیژ، ئەوە بە ھەر تاکێکی کۆمەڵگا دەکرێت، تەنھا پێویستی بەوە ھەیە تۆزێک بوێر بێت و شەرم لەوە نەکات کە دەنگ بەرز بکاتەوە، بۆیە کاتێ شانۆکار لە جیاتی پێشکەشکردنی کاری ھونەری داھێنەر و فۆرمی جوانکاری، خەریکی ئەوە دەبێت لە رێگەی ھاتوھاوار و جوێندان، ختوکەی تووڕەیی بینەر بدات بۆ ئەوەی بە سادەیی خۆی بەدوای گڕوگاڵی وشە و رستەکان بکەوێت! ئەو کاتە ئەو ناتوانێت ئیدیعای ئەوە بکات کە ئەو لێرەیە بۆ ئەوەی نمایشی شانۆیی پێشکەش بکات، بەڵکو دەبێ رایبگەیەنێت کە ئەو لێرەیە بۆ ئەوەی خۆپیشاندانی جەماوەری دروست بکات و خەڵک بەدەوری خۆی کۆ بکاتەوە، وەک ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی تەحریر و جاران لە سەرای ئازادی سلێمانی ھەبوو، ئەمەش دوو ئەرکی جیاوازەو ھەریەکەیان سات و کات و شوێنی خۆی ھەیە، کاتێ خەریکی پێشکەشکردنی نمایشی شانۆییە کەرەستە و فاکتەر و فۆرمی جیاوازی لەبەردەستەو دەتوانێت لە رێگەی ئەم کەرەستانەوە گوتارێکی زۆر کاریگەر دروست بکات و بۆ ماوەیەکی درێژیش لە زاکیرە و یادەوەریی خەڵکدا بمێنێتەوە. کاتی خۆی کە نمایشەکانی شکسپیر و مۆلێر و برێخت و مایرھۆڵد قەدەغە دەکران لەبەر ئەوە نەبوو کە ئەم نمایشانە دروشم و شیعاراتیان پێشکەش دەکرد، بەڵکو لەبەر ئەوەبوو کە ئەو نمایشانە لەنێو فۆرمێکی ھونەری باڵا و ناوازە، دژایەتیی گەورەترین و دڕندەترین دەسەڵاتی سەردەمی خۆیانیان دەکرد.
شانۆکاری ئێمە کە دێتە شەقام ئەگەر جوێنیش نەدات و دروشمیش بەرز نەکاتەوە، ئەوە وەک ئەوەی فەیلەسوف و پیاوچاک بێت، دەستدەکات بە ئامۆژگاری و گوتارخوێندن و وەعزدان، ئەوە بکەن و ئەوە مەکەن، ئەوە باشە و ئەوە خراپە، ئەوە نیشتمانپەروەرییە و ئەوە خیانەتە، زۆرێک لەم گوتارە بێتامانە، وەک ئەوەی ئەو خەڵکە بۆ ئەوە وەستا بن کە وەعز بەسەریاندا بخوێنیتەوە، لە راستییدا شانۆکار دەتوانێت ھەموو ئەمانەش بکات، بەڵام لە چ فۆرمێک ئەمە دەکات، ئەوە ئەو پرسیارەیە کە دەبێ شانۆکار وەڵامەکەی لەنێو فەزای ھونەرەکەی بدۆزێتەوە نەوەکو لە رووبەری تردا، کێ بە قەد شکسپیر باسی قێزەوەنی و خوێنڕێژی دەسەڵاتی کردووە، بڕۆن شانۆگەریی رێتشاردی سێیەم بخوێننەوە، کێ وەکو برێخت نەفرەتی لە شەڕ کردووە، بڕۆن دایکە ئازاکەی برێخت بخوێننەوە، کێ وەکو ئەبسن باسی گەمژەیی زۆرینەی کردووە، بڕۆن دوژمنی گەل بخوێننەوە، بیخوێننەوە بۆ ئەوەی ئاشنا بن ئەم شانۆکارە داھێنەرانە لە چ فۆرمێکدا ئەمەیان کردووەو چۆن ئەو رەخنەو ناڕەزایی و تووڕەییەیان داڕشتۆتەوە و چۆنیشە پاش سەدان ساڵ ھێشتا ئەو بەرھەمانە وەک سامانی مرۆڤایەتی دەژمێردرین و رۆژ بەرۆژ بەھایان بەرز دەبێتەوە.
بۆیە دەبێ وەک بینەرێک پێت بڵێم ببوورە من بۆ ئەوە لێرە نیم، لێرەم کە هونەرو تواناو مەعریفەی تۆ ببینم.

 

حەمەسوار عەزیز

© 2017 Hawler