کانونی یەکەم 09, 2019

رەوا جەمال: "ئامادەكاریی بـــاشمان كردووە بۆ بەڕێوەچوونی كۆنسێرتەكان لە هەموو روویەكەوە!"

گۆرانیبێژ رەوا جەمال، زنجیرە كۆنسێرتێك ساز دەكات، كە بەنیازە 2 رۆژ لە سلێمانی و رۆژێك لە هەولێر بەڕێوەی ببات.
 ئەو كۆنسێرتانە بە ناوی "شنەی با" پێشكەشی دەكات، هەروەها بە نیازە لە دوای سەری ساڵ لە هەولێری پایتەخت درێژە بە كۆنسێرتەكانی بدات. هونەرمەند رەوا جەمال لە لێدوانێكدا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" تیشك دەخاتە سەر چەند لایەنێك لە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەو كۆنسێرتەكانی.

لە دەستپێكی قسەكانی دا هونەرمەند رەوا جەمال لە بارەی ئەنجامدان و رێكخستنی كۆنسێرتەكانی بەم شێوەیە روونی دەكاتەوەو دەڵێت: "ئەو كۆنسێرتانە دەمێكە پلانم بۆی داناوە، بەڵام بە هۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوانەی رووی لە رۆژئاوای كوردستان كرد، بۆ ماوەیەك بڕیارمدا كۆنسێرتەكان دوا بخەم، لە ئێستاشدا دەستمان كردووە بە ئامادەكارییەكان هیوادارم بتوانین كارێكی باش پێشكەشی جەماوەری هونەردۆستی كوردستان بكەین".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا لەبارەی كۆنسێرتەكەی بۆ ماوەی دوو رۆژ لە سلێمانی رەوا دەڵێت: "پلانی كۆنسێرتەكەی سلێمانی بەو شێوەیە بۆ ئەوەی جەماوەری ئامادەبوو، ڕەنگە هەموویان لە هۆڵێكدا جێگەیان نەبێتەوە، چونكە گەورەترین هۆڵ لە سلێمانی هۆڵی تەلاری هونەرە تەنها جێگەی 1600 كەس دەبێتەوە، بۆیە پلانمان وایە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە رێكەوتەكانی 12 و 13/ مانگی 12/ 2019 كۆنسێرتەكان لە شاری سلێمانی بەڕێوە ببەین".
لەبارەی پلانی كۆنسێرتەكەی بۆ شاری هەولێر هونەرمەند رەوا جەمال روونی دەكاتەوە و دەڵێت: "من وا بەنیاز بووم، یەكەمین جار كۆنسێرتەكەم لە هەولێری پایتەخت بۆ بێت، ئەو مەبەستەش هەوڵی زۆرمان دا لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا كۆنسێرتەكە بەڕێوە ببەین، بەڵام وا دیار بوو ئەو رێكەوتەی ئێمە مەبەستمان بوو، بەهۆی هەبوونی بۆنەو كۆڕی دیكە نەدەكرا ئێمەش لەو كات و رێكەوتە كۆنسێرت ساز بكەین، لەو رێكەوتەدا كۆنسێرتەكە ساز بكەین، بۆیە بڕیارماندا هەر لەو ماوەیەدا بە گفتوگۆ كردنمان لەگەڵ بەرپرسانی هۆڵەكە هەوڵی تەواو دەدەین لە دوای سەری ساڵی 2020 كۆنسێرتێكی جەماوەری لە شاری هەولێری ئازیز بكەم، چونكە مەبەستمە لەو شارە ئازیزە كۆنسێرتێكی جەماوەری ساز بكەم".
لە كۆتاییدا هونەرمەندی گۆرانیبێژ رەوا جەمال ئەوەشی گوت: "كۆنسێرتەكەم لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە لە شاری سلێمانی دەست كراوە بە فرۆشتنی بلیتەكانی و لە زۆربەی كافتریاكانی شاری سلێمانی بلیتەكان دەست دەكەوێت".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

© 2017 Hawler