تشرینی دووەم 19, 2019

شانۆی شەقامی ئێمە لە دووڕێیانێکی دژواردا

من پێموایە خۆبەستنەوە بە کۆمەڵێک چەمک و بنەمای کۆنکریتی لە کرداری دروستکردنی شانۆی شەقامدا، کێشەی زۆری بۆ بینەر و شانۆکارانی شەقام دروست کردووە و ھەمیشە پانتایی و رووبەری گەورەی دیالۆگی شانۆکاران لەوە چڕ دەبێتەوە، ئاخۆ ئەم نمایشە شانۆی شەقامە و بونیاد و بنەماکانی شانۆی شەقامی تێدایە یان نا، ھەمیشە وا فێر کراوین شانۆی شەقام کۆمەڵێک یاساو رێسای کۆنکرێتی ھەیە و دەبێ شانۆکار و بینەر پێوەی پابەند بین.

ئەگەر سەیری رووبەری دەرەوەی ھۆڵە کلاسیکی و تەقلیدییەکانی شانۆ بکەین، دەبینین لە دەرەوەی ئەم رووبەرە کە شەقام یا پاڕک یا بازاڕ یا مۆڵ یا گەراج و ھەر پانتاییەکی تر لەخۆ دەگرێت و، فۆرمی شانۆی ئیتالی یا ھەر شێوازێکی تری ستەیجی ئاسایی شانۆی نییە، ھەمیشە نمایشی جۆراوجۆر، بە مەبەست و ئامانجی تایبەت تێیدا بەڕێوە دەچێت، بۆ نموونە لە شەقامێک کەسێک تابلۆ دەکێشێت، یەکێکی تر یاری سیحری پێشکەش دەکات، ئەویتر خەریکی نمایشکردنی جۆرێکە لە سەمای رۆژھەڵاتی یا رۆژئاواییە، دانەیەکی تر خەریکی سێرک و ئەکرۆبات و یاری پاڵەوانێتییە، ھەموو ئەمانە و چەندین تەرزی تر، تەنھا لەبەر ئەوەی لە شەقام پێشکەش دەکرێن و کەسێک یا زیاتر وەک نمایشکار رۆڵی تێدا دەبینێت، نابێت بە شانۆی شەقام، لەبەر ئەوەی گرنگترین رەگەز کە پێویستە لە شانۆدا ھەبێت و لەم نمایشانە نییە، بونیادی درامی نمایشە، لێرە شانۆ ھیچ جۆرە بنەمایەکی درامیی نییە و پەیام و مەسجێکی ھزری و فەلسەفی و کۆمەڵایەتیی ھەڵنەگرتووە، کە مەبەستی بێت بە بینەری بگەیەنێت؛ نمایش لێرەدا لەوە ەتێپەڕ ناکات، کە کارێکی پیشەییە و مەبەستی سەرەکی لێی پارەپەیداکردن و دابینکردنی بژێوی ژیانە، نمایشکار تەنھا کار لەسەر ئەوە دەکات چێژ بە ئامادەبووان ببەخشێت و دڵخۆشیان بکات بۆ ئەوەی پارەی پێبدەن، بۆیە ھەرچەندە ئەم نمایشانە ئەگەر بەشێوەیەک لە شێوەکان لە شانۆی شەقامیش بچن لە رووی جولەو بوونی ئەکتەری نمایشکار و بەکاربردنی موزیک و ماسک و سەماو گۆرانی، بەڵام لە گەورەترین رەگەز بێبەشن ئەویش دراما و بەرکەوتنی درامییە لەگەڵ بینەر، بەرکەوتنی بینەر لەگەڵ نمایشێکی شەقام و شانۆیەکی شەقام تەواو جیاوازە، بینەر لە یەکەمدا رەگەزێکی ناکارایە و لەژێر کاریگەریی پاڵەوانی نمایش و ئەتمۆسفیر و فەزای نمایشە، لەوەی دووەم بینەر رەگەزێکی کارایەو بەرکەوتنی لەگەڵ نمایش بەرکەوتنێکی دووانەییەو ھەردووکیان دەتوانن كاریگەرییان لەسەر یەكدی هەبێت، ئەوەی ئەم پەیوەندییەش دروست دەکات تەنیا چێژ و خۆشی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ئینسانی کۆمەڵایەتی قووڵە و لەسەر بنەمای ھزر و بیرکردنەوەیەکی دیاریکراو داڕێژراوە کە تێیدا بەرکەوتن دروست دەکات و، شێوازی تازەی پەیوەندی بەرھەم دێنێت، بۆیە دەکرێت بڵێین ھەموو شانۆیەکی شەقام نمایشی شەقامە، بەڵام ھیچ کات ناتوانین سیفەتی شانۆیی بەو نمایشانەی شەقام ببەخشین، کە داماڵراون لە دراما و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئینسانییە دروست ناکەن، کە مرۆڤ بە ھونەری شانۆوە دەبەستێتەوە.
لێرەدا دەرفەتە کە بڵێم من ھەموو ئەو نمایشە شانۆییانەی کە لە دەرەوەی ھۆڵە تەقڵییدییەکان نمایش دەکرێن بە نمایشی شانۆی شەقام و فەزای کراوەیان دەزانم و بۆ منیش گرنگ نییە ئاخۆ ئەو نمایشە دەتوانرێت بە ھەمان فۆرم لە نێو ھۆڵێکی شانۆیی پێشکەش بکرێت یان نا، چونکە ئەگەر ئەوە بکەین بە پێوەر، ئەوە زۆرێک لەو نمایشانەی کە لەنێو ھۆڵیش پێشکەش دەکرێن، زۆر بە ئاسانی بێ ئەوەی ھیچ گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، دەکرێت لە شەقام و شوێنە گشتییەکان پێشکەش بکرێن، پرسەکە تەنیا پەیوەندیی بە کرداری دراماتۆرگییەوە ھەیە کە کاتێک تێکستێک بۆ شەقام ئامادە دەکرێت دەبێ لە ڕووی فۆرم و بونیادی درامی و تەرحی فکرییەوە، چی لەبەر چاو بگرێت و گرنگی پێبدات و کاری لەسەر بکات، ئەو فۆرم و ھزرانەش چین کە دەکرێت فەرامۆشیان بکات و بایەخییان پێنەدات چونکە لە شەقامدا ناتوانن وەزیفەی دیاریکراو جێبەجێ بکەن.
نموونەی زۆریش لەوبارەوە ھەن و لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیا تێکستە کلاسیکییەکانی شانۆی جیھانی لە شەقام نمایش کراون دوای ئەوەی لەرێی کرداری دراماتۆگییەوە بۆ شەقام ئامادە دەکرێن، ئێمە چەند ساڵێک پێش ئێستا نمایشی مەلی دەریای چیخۆڤمان بینی کە لە فۆرمی یاریی ئەکرۆبات و یاریی ئاگرین و سێرک و جەستەبازی پێشکەش کرا، نمایشەکەش توانی رەگەزە درامییەکانی خۆی بپارێزێت و دەستبەرداریان نەبێت، بۆیە من ھیوادارم لەمەودوا چاومان لەسەر ئەو پێوەرە ناھونەری و نامەعریفیانە نەبێت کە شانۆی شەقام دەخەنە نێو گێژاوی کۆمەڵێک کۆت و بەندی نامەعریفی و دەیانەوێت خەیاڵ و داھێنانی ھونەرمەند لغاو بکەن و وەک ماددەی بیرکاری بە یاسای جەبر و ئەندازەی گرێ بدەنەوە، تاکە پێوەر بۆ ھەر کارێکی شانۆی شەقام، رەگەزە درامییەکان و فۆرم و خەیاڵ و داھێنانە کە وادەکات شانۆی شەقام جیاواز بێت لە نمایشی شەقام.
ئەوەی جێگەی سەرنجە خەریکە تەرزێکی تری نمایش لە فیستیڤاڵەکان و دەرەوەی فیستیڤاڵەکانیش بەنێوی شانۆی شەقام نمایش دەکرێن، کە بەلای منەوە ھیچ پەیوەستێکیان بە شانۆی شەقامەوە نییە و من ناوم ناوە دیالۆگی شەقام کە لەبەشەکانی دواتر وردتر لەسەریان ھەڵوەستە دەکەم.

"دیالۆگی شانۆیی و شانۆیەکی بێ خەیاڵ"
لە بەشی پێشو ئاماژەمان بە سەرھەڵدانی جۆرێکی نامۆ لە نمایشی شانۆیی لە نێو شەقام و پاڕکەکانی ئێمەدا لە ژێر ئەدرەسی شانۆی شەقام، کە بەداخەوە زۆرێک لە فیستیڤاڵە شانۆییەکانی ئێمە لە کوردستان و عێراق پڕن لەم تەرزە نمایشە، من ھەرچەند سەیری ئەو نمایشانە دەکەم ناتوانم رێگە بەخۆم بدەم پێشگری شانۆ بخەمە پێش کارەکەیان و بە شانۆی شەقام ناودێریان بکەم، من پێموایە ئەم نمایشانە دەکرێت پێیان بگوترێت دیالۆگی شەقام یا گفتوگۆی شەقام یا ھەر ناوێکی تر بە مەرجێک وشەی شانۆی پێوە نەبێت، تەنانەت ناتوانم خۆم قەناعەت بەوە بکەم کە ئەم نمایشانە بە نمایشی شەقام یا پێرفۆرمانسی شەقام ناو ببەم، چونکە خودی پێرفۆرمانس ھونەرێکی گرنگە و بەشێوازی جیاواز کار دەکات بۆ ئەوەی شەقامەکان بکاتە سەکۆی کۆمەڵێک داھێنانی ھونەری و جەستەیی بینراو و بیستراو، کە تیاییدا نمایشکار کارێکی تایبەت پێشکەش دەکات کە لە توانای کەسانی ئاساییدا نییە، بۆیە ئەوەی لە شەقام نمایش دەکرێت لەژێر ئەدرەسی پێرفۆرمانس و نمایشی شەقام، ئەگەر شانۆی شەقامیش نەبێت، کارێکی ھونەری و جوانکارییە و دەچێتە خانەی داھێنان و دروستکردنی فۆرم و ستایلی تازە بۆ کۆنتاکت لەگەڵ بینەر و سەرسامکردنی بینەر بەو توانا ھونەرییە داھێنەرەی کە لای نمایشکارەوە نیشان دەدرێت و لەبڕی ئەوەش نمایشکار بڕێک پارەی لە بینەری ئەو شوێنە دەست دەکەوێت.
لێرەدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ھەندێک لەونمایشانەی کە لێرەو لەوێ بەناوی شانۆی شەقام پێشکەش دەکرێت و داماڵراون لە ھەر رەگەزێکی جیاواز کە کاری ھونەری لە کاری ئاسایی رۆژانەی خەڵک جیا دەکاتەوە، وەک خەیاڵ و دیدگای جیاواز و فۆرمی ناباو و تەرحی چاوەڕواننەکراو و دروستکردن و داھێنانی رێگای تازە بۆ گەیاندن و بەرجەستەکردنی ھزرێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی یا فەرھەنگی یا ھەر بابەتێکی تر، بەپێچەوانەوەی ھەموو ئەمانەوە نمایشەکان لەوە تێناپەڕێت کە دیمەنی دووبارەو سەدبارەی ژیانەو رەنگە لەو ساتەی کە نمایشەکەی تێدا پێشکەش دەکرێت، سەدان لەو دیمەنە ژیانییانە بەشێوەیەکی راستەقینەو لە جوگرافیای جیاواز روو بدەن، کەواتە وەزیفەی ھونەرمەند لە کوێی ئەو ھاوکێشە ھونەرییە جێگە دەگرێت کە کارێکی شانۆیی لە دیمەنێکی کۆپیکراوی ژیانی ئاسایی مرۆڤ جیا دەکاتەوە.
پرسیاری گەورە ئەوەیە ئەگەر ئەو نمایشانەی کە دیمەنێکی ئاسایی یا رووداوێکی رۆژانەی ژیان دەکەن بە نمایشێکی شانۆی شەقام و وەک خۆی و لە سیاقی ریتمی ئاسایی خۆی وێنای دەکەنەوە، چ ئیزافەیەک پێشکەش دەکەن، بۆ بەم کارە بگوترێت شانۆ، ئایا وێناکردنەوەی ئەم دیمەنە پێویستی بە چ ھونەرێکی داھێنەرانە ھەیە تا ئەو ھونەرمەندە پێشکەشی بکات لەژێر ئەدرەسی ھونەری شانۆ، ئەو دیمەنانە لە رووبەرەکە گەورەکەی ژیان روو دەدەن و ئێمەش بەریان دەکەوین و دەیانبینین بەشێوەیەکی زۆر راستگۆتر و روونتر لەوەی کە کەسێک باناوی شانۆکار ھەوڵی کۆپیکردنی بدات، لەم کاتەشدا ئەگەر دوو دیمەنی ھاوشێوەی یەکتر بەراورد بکەین، کە یەکێک لە رووبەرە راستەقینەکەی ژیاندایە و ئەویتر ھاوشێوە و کۆپیی ئەوە، بەڵام بەناوی شانۆ پێشکەش دەکرێت، ئەوە بێگومان وەکو بینەر بێ دوو دڵی ئەوەی یەکەم و راستەقینەکە ھەڵدەبژێرین و ئەوەی دووەمیش کاڵایەکی ساختەیە و بازاڕی لەسەر ناکەین.

حەمەسوار عەزیز

© 2017 Hawler