تشرینی دووەم 12, 2019

موزەخانەیەك كارە هونەرییەكانی (بیكاسۆ) لە باوەش دەگرێ

 موەخانەیەك بەناوی (سرسق) هەیە كە پێشانگایەكی بۆ كارە هونەرییەكانی وێنەكێشی جیهانی بەناوبانگ (بیكاسۆ) لە باوەش دەگرێت كە ژمارەیەك تابلۆی بەنرخی ئەو وێنەكێشە ناودارەی تێدایە كە هەریەكەیان بە پارەیەكی قەبە دەخەملێنرێت، ئەو پێشانگایە لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا دەرگای بە ڕووی میوانان و گەشتیاران كراوەتەوە و تا مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2020 بەردەوام دەبێت و دەتوانن هەموو لایەك سەردانی بكەن، ئەو موزەخانەیەش لە ساڵی 1961 و لە ناوەڕاستی بەیرووتی پایتەختی لوبنان كراوەتەوە كە چەندین كاری هونەری هاوچەرخی تێدا پارێزراوە و ڕۆژانە میوانێكی زۆر سەردانی دەكەن و تاموچێژ لە تابلۆ ناوازەكان وەردەگرن، دەبێ بگوترێ وێنەكێش و پەیكەرتاشی ناوداری جیهانی (بابلۆ بیكاسۆ ) لە 25 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1881 ی زاینی لە شاری مەلەگەی باشووری وڵاتی ئیسپانیا چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە و لە سەردەمی خۆیدا بە یەكێك لە هونەرمەندە شێوەكارییە هەرە بەرزەكان ئەژمار دەكرێت، چونكە لە هەردوو بواری وێنەكێشان و پەیكەرتاشیدا هونەرمەندێكی بێ هاوتا بوو، بە پێی ئەوەی ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە داهێنانی بزووتنەوەی (تەكعیبی) و قوتابخانەكانی دیكەی شێوەكاری وەك سریالی و تەعبیری و .. تد، بۆیە بە هونەرمەندی سەدەی بیستەم ناوی دەبرێت، ئەگەر ئێمە بمانەوێ لەو كوورتە نووسینەدا باس لە هەموو ژیانی ئەو كەڵە هونەرمەندە بكەین زۆر ئەستەمە بتوانین هەقی خۆی بەتەواوی پێ بدەین، بەڵام ئێمە تەنیا دەتوانین تیشك بخەینە سەر لایەنێكی زۆر بچووكی ژیانی و بە ئاشق و سەوداسەرانی ئاشنا بكەین.
 ئەوەتا زۆربەی سەرچاوەكانی مێژوو ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو هونەرمەندە شێوەكارییە بەرزە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بەهرەی وێنەكێشی پێوە دیار بووە، بۆیە هەر زوو تایبەتمەندی لە وێنەكێشانی باڵندە و سروشت وەرگرتووە، بیكاسۆ وەك وەفادارییەك هەموو جارێك ئەوەی دووبارە كردۆتەوە كە من لەژێر دەستی دایكی خۆشەویستم فێری هونەری وێنەكێشان بووم، چونكە ئەم هەمیشە بەدوامەوە بوو و سەرپەرشتی ئەو بەهرە گەشەی دەكردم، چونكە دایكم هەر لە زووە وە مامۆستای وێنەكێشان و وێنەگرتن بوو، سەرباری ئەمەش سەپەرشتی موزەخانەی دەكرد لە شارەكەماندا، بۆیە ئەگەر دایكم نەبوایە من ئەو مرۆڤە بە ناوبانگەم لێ نەدەهاتە بەرهەم كە هەموو جیهان شانازی پێوە بكات، هونەرمەندی ناوبراو وەك هەر كەسێكی دیكە لە ژیانی تایبەتی خۆیدا بە گەلێك قۆناغی سەختی ژیاندا گوزەری كردووە و ترشی و تاڵی زۆری چەشتووە، بەڵام زۆر جار ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە ساڵی 1895 ساڵی یەكجار شووم بوو بۆ من، چونكە لەو ساتە وەختەدا مردنی براكەم بەهۆی نەخۆشییەوە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیانم جێهێشت و ژیانی منی بەرەو هەڵدێر برد، بەڵێ ئەوەی ژیانی بیكاسۆ بە تەواوی نەخوێنێتەوە هەر وا دەزانی ئەو هونەرمەندە فەڕەنسییە، كەچی ئەم بەپێی تەمەنی ڕۆژگار و بارو زروفی تایبەتی خۆی زۆربەی ژیانی خۆی لە فەرەنسا بەسەر بردووە و لە 8 ی ئەبریلی ساڵی 1973 هەر لەو وڵاتە كۆچی دوایی كردووە و هەر لەوێش نێژراوە.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler