تشرینی یەکەم 17, 2019

گەڕانەوە بۆ چەمكی مرۆڤایەتی و مرۆڤبوون زامنی ئاشتی و پێكەوەژیانە لە هەموو جیهان

چەمكی مرۆڤ، مرۆڤبوون، مرۆڤایەتی، ئەو چەمكانەن كە لەنێو كۆمەڵگای كوردستان، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە پێویستییەك. چونكە مرۆڤ لەو ناوچانە خەریكە بەهای ڕاستەقینەی خۆی تا ڕاددەیەك لە دەست دەدات.

محەمەد جەودەت، مامۆستای زانكۆ چەند كتێبێكی فەلسەفی لەسەر ئەم بوارە نووسیوە، كە بووەتە هۆی سەرنج لەلای رۆشنبیران و فێرخوازان، نووسەری خاوەن پرۆژەكە یەكەمین كەسە لەسەر  ئەم بوارە لە كوردستان دەنووسێت و كار وچالاكی ئەنجام دەكات و هەروەها لە دوو كتێبدا ئەم ڕاستییە دەخاتە ڕوو كە دەبێت مرۆڤ سەنتەر بێت و، رەسەنایەتی بۆ چەمكی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی بێت، بەتایبەت تێوری (من مرۆییم كەواتە من ئیماندارم) لەم روانگەیەوە ئەم دوو كتێبە (فەلسەفەی مروڤبوون و هونەری مروڤبوون) پرۆژەیەیكی مەعریفی و ئاكاری و مۆرالیە، پێویستە كاری لەسەر بكرێت و هەروها لەلایان حكوومەت و ناوەندەكانی روشنبیری بایەخ پیبدرێت بۆئەوەی خەڵكی كوردستان ئاشنا بێت بە چەمكی مروڤایەتی و مرۆڤبوون.
دوایین كتێبی محەمەد جەودەت كە ناوی "هونەری مرۆڤبوونە" بە زمانی كوردی و توركی چاپ كراوە لەسەرئەكی خوی و بەیارمەتیی دوستانی خوشەویستی، ئەم كتێبە لەلایەن دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤەوە بە كتێبێكی گرنگ لە قەڵەم دراوە. ئێمەش وەكو (هەولێر) بە باشمان زانی ئەم دیمانەیی لەگەلأ سازب كەین ئەگەرچی نووسەر بە خوێنەرانی ئاشنان بەهۆی بڵاوكردنەوەی چەندەها بابەت لە سەر چەمكی مرۆڤبوون، لەم ڕوانگەیەوە ئەم چاوپێكەوتنمان لەگەڵ محەمەد جەودەت، مامۆستای زانكۆ و نووسەر لەبارەی كتێبەكانییەوە سازكرد.
هۆكاری نووسینی ئەو كتێبە چییە لەسەر چەمكی مرۆڤبوون؟ دەتانەوێت لە رێگەی ئەم كتێبەوە چ پەیامێك بگەیەنیتە خوێنەر؟
محەمەد جەودەد: خۆی رەنگە كۆمەڵێك هۆكار هەبووبێ كە لەسەر ئەم چەمكە كتێب بنووسم. یەكێك لە هۆكارە گرنگەكان ئەوەیە كە لە كۆمەڵگەی ئێمە وەكو پێویست گرنگی و بایەخ بە مرۆڤ نەدراوە. بە تایبەتی لە روانگەی بیر و هزرەوە. زۆر جار سەیری مرۆڤ دەكەین بە گشتی لەسەر ئاستی جیهان بە هۆكاری زۆر بچووك و لاوەكی مرۆڤ دەبێتە قوربانی و دەكوژرێت. یان لە كۆمەڵگای ئێمە لەبەر هۆكاری زۆر سادە پەنا دەبردرێت بۆ خۆ كوشتن و خۆ سووتاندن. بۆیە ئێمە ئەگەر هەموو شتێك بناسین و مرۆڤ نەناسین و رێز لە مرۆڤ نەگرین، بە گەورەیی سەیری مرۆڤ نەكەین دەبێت باجی زۆر گەورە بدەین و بەداخەوە ئێمە ئەو باجمان داوە بۆیە پێویستە شكۆ و بەها بۆ مرۆڤ بگەڕێندرێتەوە،پێویستە بەمیتودێكی نوێ هزر و بیری تاكی كوردستانی بنیاد بنێن بەتایبەت لەسەر بنەمای مرۆڤ سەنتەری و هەروەها رەسانەیەتی بۆ مرۆڤایەتی بێت، تاكە فریادرەس بۆدۆخی ئیستای هەمووجیهان گەرانەوەی بۆ رەچەڵەك و بنچینەی خۆی واتە مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی پەروەردەكردنی تاك لەسەر ئەم بنەمای دەبێت هۆی بنەبڕكردنی بیری توندوتیژی و بیروكەی رەش و تیرۆریزم بەڵام لە غیابی چەمكی مرۆڤایەتیدا مرۆڤ دەبێتە قوربانی ئەو بیرۆكانە كە لەسەری بینادنراوە بە هەڵە لەم روانگەیەوە داوا لەكابینەی نوێ حكوومەت دەكەم كە بەجیددی كار لەسەر چەمكی مرۆڤسەنتەری و مرۆڤایەتی بكات، بە تایبەت لە بواری خوێندن و پەروەدەكردندا بخرێتە نێوپروگرامی خوێندن. ئەمە یەكێك بوو لە هۆكارە هەرە گرنگەكان، كە وای كرد من لەسەر ئەم پرسە بنووسم.
ویستم لەم كتێبەدا باس لەوە بكەم كە بۆچی مرۆڤ بەهای خۆی لەدەست داوە، یانیش بۆچی بێ بەها دەكرێت؟ باسم لەوە كردووە كە چۆن دەتوانین ئەو بەهایە بۆ مرۆڤ بگەڕێنینەوە. وتەیەك هەیە كە هەموو كات دووبارەی دەكەمەوە ئەوەیە كە دەڵێم "ئەگەر مرۆڤ هەموو هونەرێك بزانێت، بەڵام هونەری مرۆڤ بوون نەزانێت ئەوا وەكو لاشەیەكی بێ گیان وایە". كەواتە هونەری مرۆڤ بوون رۆحی هەموو هونەرێكە. دڵنیام لەو قسەیەی كە دەیكەم، هونەر ئەو كاتە واتای دەبێت كاتێك مرۆڤبوونی لەگەڵ دەبێت. بە واتایەك هەموو مرۆڤ دۆستێك هونەرمەندە، بەڵام هەموو هونەرمەندێك مرۆیی و مرۆڤ دۆست نییە.
مرۆڤ بوون و میتۆدی مرۆڤ بوون ئەركە لەسەر هەموو مرۆڤێك. من كە سەیری خەڵكی خۆمان دەكەم بینیومە كە ئایین و ئایدەلۆژیا بە گشتی مرۆڤی خستۆتە ناو بازنەی خۆیەوە. بۆیە ئەوەی ئێستا ئێمە لە جیهاندا دەیبینین بەرهەمی ئایین و ئایدەلۆژیان. لە ڕاستیدا ئایین و ئایدەلۆژیا بۆ ئەوە هاتووە كە خزمەت بە مرۆڤایەتی بكات بەڵام مرۆڤ ئەوەی فەرامۆش كردووە بووەتە قوربانی ئایین و ئایدەلۆژیا. خۆی لەڕاستیدا ئایین و ئایدەلۆژیا هاتوون بۆ ئەوەی قوربانی بدەن بۆ مرۆڤایەتی.

 

ماكوان عزەت

© 2017 Hawler