تشرینی یەکەم 17, 2019

كارۆلین فورێست: ویستم ڕێزێك لە كورد و كوردستان و نیشتمانپارێزەكانی بگرم

(خوشكانی شەڕ- sisters in arms)، ناوی یەكەمین فیلمی سینەمایی خاتوو "كارۆلین فورێست" ڕۆژنامەنووسی ناوداری فەرەنسییە، كاتژمێر (7)ی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی یەكی تشرینی یەكەمی 2019، بوو بە فیلمی كردنەوەی چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی، لە دوای نمایشكرانیشی بوو بە جێگەی سەرەنجی بینەران، كە بڕیارە لە ڕێكەوتی نۆی تشرینی یەكەمی 2019 ـدا بچێتە سەر پەردەی سینەماكان لە فەرەنسا.

"كارۆلین فورێست"، پاش بیست ساڵ كاری ڕۆژنامەوانی و دەرهێنانی 21 فیلمی بەڵگەنامەیی، ڕوو لە سینەما دەكات، یەكەم فیلمی خۆی بە ناوی (خوشكانی شەڕ) باسی شەڕ و كارەساتە مرۆییەكانی سەردەم دەكات،‌ سەمبوڵە دروستكراوەكان تێك دەشكێنێ و باس لە ئیرادەیەكی پۆڵایینی ژنانە دەكات، مێژوو وەبیردەهێنێتەوە و بوێرانە دەیبەستێتەوە بە دەرهاوێشتەكانی شەڕی جیهانی، هۆڵۆكۆست، شەڕە ئایینییەكان، تێرۆریزم و قەیرانە سیاسییەكانی‌ جیهانەوە.
جێگەی باسە: ئەم فیلمە چیرۆكی دوو كچی فەرەنسی بەناوەكانی (كاهینە) بە ڕەگەز موسوڵمانێكی جەزائیری و (ساشكا) جوویەكی بە ڕەگەز ئیسرائیلی‌ دەگێڕێتەوە، كە خۆویستانە دەچنە كوردستان و دەبنە ئەندامی‌ یەكەیەكی سەربازی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ژنان، بە فەرماندەی ژنێكی كورد و شانبەشانی شەڕڤان و پێشمەرگە و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكان شەڕی داعش دەكەن.. !، هێڵی دووەمی چیرۆكی فیلمەكە باس لە كچێكی ئێزیدی دەكات بە ناوی (زارا) كە پاش ڕزگاربوونی لە دەستی داعش، دەبێتە ئەندامی ئەم یەكەیە بۆ تۆڵەكردنەوەی كوژرانی باوكی و ڕزگاركردنی برا بچووكەكەی، ئەم یەكە سەربازییە پێك هاتووە لە حەوت ژنی جەنگاوەر كە هەركامیان هەڵگری چیرۆكی نەتەوەیەكە، ئەمانە لەناو شاخەكانی كوردستاندا یەكدەگرن و سۆزی خوشكایەتی دەدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم.
خوشكانی شەڕ، باسە جیهانییەكان پێكەوە دەبەستێتەوە، لە ڕێگەی گفتوگۆی نێوان ئەم ژنانە، لەگەڵ خۆمان ئاشتمان دەكاتەوە و وێنەیەكی تری هێرۆیزم لە ڕوانگەی سینەماوە پێشكەش دەكات، وێنەی هێرۆیزمێكی فیمینیستانە دەهێنێت و‌ بە فیلتەرێكی سینەمایی گەرم و موزیكێكی نەرمی شۆڕشگێڕانەدا تێیدەپەڕێنێ و دەڵێت: شۆڕشی ئێمە سنوور ناناسێت. بە زمانێكی فەلسەفیانە سەختترین و ڕەشترین ڕووداوەكانی ناو شەڕ بە گوێدا دەچپێنێ و لە كۆتاییدا چاوی بینەر بانگهێشتی نیگا قووڵەكانی (زارا) دەكات، نیگای ژنێك كە هەم قوربانییە و هەم پاڵەوان و لە كۆتاییدا بینەر لەناو نیگای كۆتایی (زارا) دا بەجێ دەهێڵێت.
هێزی نووسین و ڕۆحی ڕۆژنامەڤانیی "كارۆلین فورێست"، دەبێتە هۆی خوڵقاندنی دیالۆگێكی بەهێزی ڕەخنەگرانە و زیرەكانە و قەیرانەكانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێكەوە دەبەستێتەوە، زۆر بوێرانە باس لە هێز و یەكگرتنی ژنان دەكات. ڕوانینە فیمینیستانەكەی ئەم دەرهێنەرە وای لێدەكات چیرۆكە ڕاستەقینەكانی وڵاتە جیاوازەكان پێكەوە ببەستێتەوە. ژنی قوربانیی توندوتیژیی شەڕ و جینۆساید دەكاتە نوێنەری سەرجەم ئەو ژنانەی كە لەناو شەڕە ئایینییەكان لە جیهاندا وەك چەك بەكاردەهێنرێن. بە تێكشكاندنی سنوورەكان، ڕوانینێكی تر بۆ بینەری جیهانی دەستەبەر دەكات.
توانا ڕۆژنامەوانییەكەی "كارۆلین فورێست"، لەسەر سیناریۆ و داڕشتنەوەی دەق و دیالۆگەكان ڕەنگی داوەتەوە. وەك لێكۆڵەرێك چووەتە نێو قووڵایی بابەتەكان و زۆر كورت و سادە زانیارییەكانت پێدەبەخشێ. كەسێكی بێگانە بە ئایینی ئێزیدییەكان ئاشنا دەكات. بە ئاڵۆزییەكانی چەمكی (كوردبوون)دا دەچێتەوە و چەمكی ئایینی و كولتووری و ناسیۆنالیستی لەیەك جیا دەكاتەوە و لە یەك شوێندا بە تەنیشتی یەكەوە دایاندەنێت.
زۆر ڕاشكاوانە باس لە كوردستان و سیاسەتەكانی ناوچەكە دەكات. سیمبولەكانی كورد دەزانێت و ڕێز لە شەهیدەكانی دەگرێت. وەك خۆی دەڵێت: "ویستم ڕێزێك لە كورد و كوردستان و هێزی بەرگریكردنی بگرم" . كارۆلین رووداوەكان پێكەوە دەبەستێتەوە، مێژوو دەهێنێت و هەڵیدەكێشێت بە سیاسەت، دواتر بە ماچێكی ژنە شەڕڤان و پێشمەرگەیەك‌، لەگەڵ مرۆڤایەتیدا ئاهەنگ دەگێڕێت.
"كارۆلین فورێست" دەڵێت: "پاش هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر بنكەی بڵاوكراوەی شارلی ئێبدۆ لە ساڵی 2015 كە خۆم یەكێك بووم لە نووسەرەكانی، هەستمكرد چیدی نووسین بەشم ناكات. كاتێك بۆ یەكەمجار چیرۆكی ژنە فرۆشراوە ئێزیدییەكانم خوێندەوە، تێگەیشتم كە چیدی قەڵەم بەشم ناكات، كاتێك وێنەی ئەو ژنە جەنگاوەرانەم بینی كە نەترسانە و سەركردانە شەڕی تێرۆریزم و داعش دەكەن، تێگەیشتم كە چیتر قەڵەم بەشم ناكات. پێویستم بە ئامرازێكی دیكە هەبوو بۆ ئەوەی باس لە ڕاستییەك بكەم كە نزیكەی بیست ساڵە شەڕی بۆ دەكەم".
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: "كارۆلین فورێست" لە ساڵی 2000ەوە وەكو ڕۆژنامەنووسێكی ڕەخنەگر دژ بە ئەنتێگریسمی ئایینی و سیاسی كار دەكات. باس لە كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی ئەنتێگریسمی هەر سێ ئایینی مەسیحی، جوو و ئیسلام لەسەر مافەكانی مرۆڤ بە گشتی و مافەكانی ژنان بە تایبەتی دەكات. باس لە ئامرازگەرایی ئایینی دەكات كە چۆن ئایین وەك وەسیلەیەك بەكار دەهێنرێت بۆ پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.

 

شیڤان شێرزاد - سەرهەنگ غەریب

© 2017 Hawler