
یەڵماز گۆنای ناوی تەواوی (یەڵماز حەمید ئۆغڵۆ بیوتون)ـە دەرهێنەر و ئەكتەرو نوسەری كورد، یەكێكە لەسینەماكارە بەناوبانگەكانی كوردستان و توركیا.
یادكردنەوە و قسەكردن لەسەر هونەرمەندێكی سینمایی كوردی وەك " یەڵماز گۆنای " زۆر ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی ئەو هونەرمەندە مەزنە لە تەمەنێكی یەكجار كورت و بەرتەسكدا توانی بەرەەمێكی یەكجار زۆر پێشكەش بكات و ناوی خۆی لە دنیای هونەری سینەمادا بەرز و پیرۆز ڕابگرێ
گۆنای ڕۆژی 1ی نیسانی 1937 لە گوندی ئینجە سەر بەشاری ئەدەنە لەباوكو دایكێكی كورد، لەدایكبوە. ساڵی 1957 وەك یاریدەدەری دەرھێنەر لەفیلمی (مناڵانی ئەم نیشتمانە) دەستی كرد بەكاری هونەری سینەما.
لە كاروانی هونەری خۆیدا 17 خەڵاتی سینەمایی نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە كەبەناوبانگترینیان وەرگرتنی خەڵاتی چڵەخورمای ئاڵتونی فێستیڤاڵی سینەمایی كان بوو، كە ساڵی 1982 بەرامبەر فیلمی (ڕێگا)، فیلمەكە باس لە ژیانی سەختی كوردەكان دەكات لەباكوری كوردستان و نیوەی فیلمەكەشی لە زیندان بەرهەم هێنا.
یەڵماز گۆنای بەكالۆریوسی لە زانستی سیاسیی و ئابووری بەدەست هێناوە و دواتر بڕوانامەی یاسای وەرگرتووە.
گۆنای لە كۆتایی پەنجاكانی سەدەی رابردوەوە چۆتە نێو دنیای ئەدەب و سەرەتا بە شیعر و چیرۆك دەستی پێكردووە. دواتر خۆی بۆ سینەما تەرخان كردووە و رۆڵێكی دیاری لە نوسین و بەرهەمەهێنانی دەیان فیلمی سینەماییدا هەبووە.
لەگەڵ ئەوەی گۆنای هەمیشە لە ژێر فشار و چاودێریدا بووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، زیاد لە 100 فیلمی بازرگانی بەرهەم ھێناوە كە خۆی تێدا پاڵەوانی یەكەم بووە، لە فیلمەكانی ئەو ماوەیەشدا: (ڕووباری سوور، بەرخە ڕەشەكە، بكوژە قوربانییە، شای شاكان)
چەندین نووسەری جیهان بابەتیان لەسەر ئەو دەرهێنەرە هەیە لەوانە ئێد ھۆپشمیت نووسەرو فیلمسازی سویسری بە نیازە كتێبێك لەبارەی یەڵماز گۆنای بكاتەوە كە وا بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا وەربگێڕدرێتە سەر زمانی توركی و كوردی.
ناوەرەكی كتێبەكەی ئێد ھۆپشمیت نووسینەوەی ئەویادگارییانەیە كە لەگەڵ یەڵماز گۆنای كاریان كردووە و شیكردنەوەی كارەكتەری ھونەریی یەڵماز گۆنای و باسكردنی فیلماكانی یەلمازە.
ئێد ھۆپشمیت لە كتێبەكەیدا دەڵێت: ساڵی 1980 لە توركیا یەكەمجارم بوو یەلماز گۆنایم ناسی و پاشان لە فەرەنسا پێكەوە دەستمان بە كاركرد و وەكو پرۆدیوسەری كار لەگەڵ یەڵماز گۆنای كارم كردووە، بەتیابەتی لە فیلمای “yol” كە بە واتای رێگا دێت.
بەم فیلمەش بوو، كە یەڵماز گۆنای لە تەوایوی لە سینەمای جیەاندا ناوبانگی پەیداكرد و هەر بەهۆی ئەم فیلمەشەوە خەڵاتی (چڵە خورمانی زێڕینی) فێستیڤاڵی كانی پێ بەخشرا.
ساڵی 1961 وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە ژیانی یەلماز گۆنایدا، كە قۆناغێكی تازەی بۆ دانانی بنەماو پرەنسیپی سینەمای توركی دامەزراند و هەر ئەوەش بووە ڕھەندێكی جیەانی بۆی، هەر لەو قۆناغەشدا فیلمی (سەید خان، گورگە برسییەكان، پیاوێگە نابووت، ڕانەكە)و ئەمانەش بوونە ھۆی كردنەوەی دەروازەیەك بۆ بەشداریكردنی گۆنای لە فێستیڤاڵە جیەانییەكاندا
یەلماز گۆنای ڕۆمانی (چیرۆك گەلێك بۆ كچەكەم، گەرمكەرەوەیەك و شووشە بۆ پەنجەرەكەمان و دوو نانمان دەوێ) هەروەها كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەیشی نووسیوە
پێشتر لەلایەن ڕۆژنامەنووسێك بەناوی Chris Kutschera دیمانەیەك لەگەڵ ئەم دەرهێنەرە كراوەو لەلایەن كارزان كاردۆزی ئەم دیمانەیە كراوەتە كوردی، ئەم ڕۆژنامەنووسە لە گۆنای دەپرسی: ئەگەر سەیری فلیمە كۆنەكانت بكەین یان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر فلیمەكانی پێشووت، چۆن فیلمی “مێگەل” لەگەڵ فیلمی “ڕێگا” ەەڵئە سەنگێنیت؟ گۆنای دەڵێت: لە ماوەی هەموو ژیانم دا وەكوو دروستكەرێك ھەوڵم داوە ڕێگای ناڕاستەوخۆ بەكاربەێنم بۆ دەربرینی بڕواكانم، بەڵام تا ئێستا هەست دەكەم فلیمەكانم نەیانتوانیوە بەو شێوەیەی ویستومە هەستەكانم دەرببڕن، چی لە ڕووی شێوازەوە یان لە ڕووی بیرەوە. ڕێكەوتنێكم لە نێوان بڕواكانمدا دروست كردوە لەم فلیمانەدا. فیلمی “مێگەل” لە ڕاستیدا مێژووی گەلی كوردە، بەڵام من تەنانەت نەمتوانی زمانی كوردی لەم فیلمەدا بەكار بێنم، ئەگەر زمانی كوردیم بەكاربەێنایە، ھەموو ئەوانەی بەشداریان لەم فیلمەدا كردبوو دەخرانە زیندانەوە. لە فیلمی “ڕێگا”دا، گرنگی دراوە بە دیاربەكر و ئورفە و سیریت. ھەوڵم دا كە ژینگەیەكی كوردی دروست بكەم لە ڕێگای بە كارهێنانی مۆسیقاوە. گەرچی فیلمەكە لە ئەوروپا دۆبلاژ كرا، بەڵام ھێشتا نەمتوانی ھەمووی بكەم بە كوردی، هەروەها ڕۆژنامەنووسەكە لە گۆنای پرسیوە كەی زانیت، كە تۆ كوردیت؟ گۆنای دەڵێت: من كوردێكم كە وردەوردە بووم بە كورد.
دایكم كورد بوو و باوكم كوردێكی زازا.
ھەموو تەمەنی منداڵیم بە كوردی و زازا لە ماڵەوە قسەم دەكرد.
ھەتا تەمەنی پازدە ساڵی تەنھا بە زمانی كوردی دەدوام، بەڵام لە دوای ئەوەوە لە خێزانەكەم پچرام. لە وكاتانەدا زۆر گوێم لەم وتارانە دەبوو ” كورد بونی نیەو زمانی كوردیش نییە”، بەڵام من گوێم لە خەڵكی بوو بە كوردی قسەیان دەكردو گۆرانیان بەكوردی دەوت. دەمبینی كە كوردەكان لە ژێر بارێكی سەخت و ناڕەحەتدا دەژیان. باوكم خەڵكی ناوچەی سیفریك بوو، بۆ یەكەم جار سیفریكم لە تەمەنی شازدە ساڵیدا بینی. لەو كاتەدا بەراستی بۆم دەركەوت كە من كێم. لەوێ هەستم بە ئازاری ئەم خێزانە ئاوارەیە كرد. باوكم پێی گوتم ” تۆ لە ڕەگی خۆت ەەڵكەندراوی”، لە تەمەنی 34 ساڵیدا توانیم بچم ناوچەی وڵاتی دایكم ببینم،
بە هۆی گەورەیی ئەم دەرهێنەوە چوار ڕێیانەكی پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بەناوی یەڵماز گۆنەی، دەرھێنەری كورد كراوە ئەو چوارڕێیانە لە ھەرێمی دەیەمی شاری پاریسە، شارەوانی ئەو شارە، بە كۆی دەنگ، ناوی یەڵماز گۆنەی ھەڵەبژارد.
لە رێوڕەسمێكی شیاودا، 30/6/2017 بە كۆبوونەوەی ژمارەیەكی زۆر لە كوردانی ئەو وڵاتە، ئەو چواڕڕێیانە كرایەوە.
یەڵماز گۆنای سەرجەمی چیرۆكی فیلمەكانی ئەو چیرۆكانە بوو، كە خۆی تێیدا ژیابوو، كاری لەسەر مرۆڤە پەراوێزخراوەكان دەكرد و كاری لەسەر كێشەی چینایەتی و چەوساندنەوەی مرۆڤ و كێشە جێندەرییەكان دەكرد.
لە ئێستەدا یانزە فیلمی دەرھێنەری كورد، یەڵماز گونەی، بە كوالێتییەكی بەرزترەوە لەلایەن وەزارەتی كلتوور و گەشتیاری توركیاوە نوێ دەكرێنەوە.
ماوەیەكە توركیا كار لەسەر ئەوە دەكات كە فیلمەكانی یەڵماز گونەی بە كوالێتیەكی بەرزتر پیشان بداتەوە، یەكەمین فیلمیش لەم پڕۆژەیەدا بریتییە لە فیلمی (هیوا) "Umut"، كە ئێستا ەەموو كارەكانی نوێكردنەوەی تەواو بووە و ئامادەیە بۆ نمایش.
ئەم یانزە فیلمەی گونەی كە تیایدا كاری دەرهێنان و نواندنی بۆ كردووە بەشێكە لە پڕۆژەیەكی گەورە كە تیایدا وەزارەتی كلتووری وڵاتەكە بۆ ماوەی دوو ساڵە كار لەسەر نوێكردنەوەی فیلمە كلاسیكیەكان دەكات و بە كوالێتیەكی بەرزتر ئامادەیان دەكات بۆ نمایش.
گرنگترین بەرهەمەكانی ئەو دەرهێنەرە بریتین:
ئەسپ ژن سیلاح (١٩٦٦)
فیشەك كارم تێناكا (١٩٦٧)
ناوم كەریمە (١٩٦٧)
پیرە نوری (١٩٦٨)
سەید خان (١٩٦٨)
گورگە برسیەكان (١٩٦٩)
پیاوێكی ناشیرین (١٩٦٩)
ھیوا (١٩٧٠)
ھەدەفی زیندوو (١٩٧٠)
عوسمان پیادە (١٩٧٠)
بابە (١٩٧١)
عیبڕەت (١٩٧١)
قاچاخەكان (١٩٧١)
بێ ھیواكان (١٩٧١)
بكوژەكان (١٩٧١)
سبەی دوا ڕۆژە (١٩٧١)
ئازار (١٩٧١)
شیوەن (١٩٧٢)
ھاوڕێ (١٩٧٤)
ئەندێشە (١٩٧٤)
داماوەكان (١٩٧٥)
Sürü (1978)
دوژمن - ئینگلیزی (١٩٧٩)
ڕێگا (١٩٨٢)
دیوار (١٩٨٣)
گۆنای لە ڕۆژی یەكشەممە 9/9/1984 كۆچی دواییكرد، لە یەكێک لە نەخۆشخانەكانی جیەاندا، لە مەراسیمی بەخاك سپاردنەكەیشیدا زۆرێك لە ڕۆشنبیران و ئەدیبانی شارەكانی فەرەنسا و وڵاتە ئەوروپییەكانیتر ئامادەبوون، كە لە 13/9ی ەەمان ساڵ بەڕێوەچوو و لە گۆڕستانی (پێرلاشز) بە خاك سپێردرا.