تشرینی یەکەم 17, 2019

كێ خاوەنی گۆرانیی زارا گیانی بیرماوە؟

• ئەگەرچی ساڵانێكی زۆر تێپەڕیوە، بەسەر گۆرانیە جوانەكانی هونەرمەندی گەورە (محەمەد قەدری)، بەڵام دوای ئەو هەموو ساڵەش هێشتا گۆرانیە جوانەكانی سەردەمی زێڕینی گۆرانی و موزیكی كوردی هەر لە گوێچكەماندا دەزرینگێتەوە، تەنانەت بیرمە كە منداڵ بووین، بە حەماسەتێكی زۆرەوە گوێمان بۆ گۆرانی (زارا گیان) دەگرت، كە ئەوسا بەشی كوردی ماوەكی هێندە كورت بوو، هەموو گۆرانیەكانی تێیدا پەخش دەكرا دەمانزانی كام گۆرانی دوای كام گۆرانی پەخش دەكرێت.
• (محەمەد قەدری)، تەنیا وەك موزیكژەن و گۆرانیبێژێك نە ناسرابوو، بەڵكو ئەو لە ڕوخسار و ستایل و جل و بەرگەكانیشی دا هونەرمەند بوو، هەموو ئەو خاسیەتە جوانانەی كە لە ژیانی هونەرمەنددا هەیە، لەو هونەرمەندەدا دەبینرا، ئەمە جگە لە گۆرانی (زێنەبێ)، كە حەفتاكان و هەشتاكان تۆمار دەكرا، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت هەر زیندوو ماوەتەوە، گۆرانیەكانی ئەو هونەرمەندە هێندە كاریگەریی بەسەر خەڵك دا هەبوو، لە كوردستانی باشووردا پەڕیەوە، تا ئەو ڕادەی هونەرمەندێكی گەورەی وەك (ئیبراهیم تاتڵیساس) زۆر بە پەرۆشەوە لە تۆمارگاكاندا بە دوای ئەو بەرهەمەدا بگەڕێ، ئەوەبوو، كە لە دوا ئەلبوومی خۆیدا گۆرانی (زارا گیان)ـی جارێكی تر هۆنیەوە و سەرسامبوونی خۆشی بەو هونەرمەندە ڕاگەیاند.
• بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە، ئەمڕۆ (محەمەد قەدری)، لە پایزە تەمەنی خۆی دایە و كەسیش نیە لە هەواڵی ئەو هونەرمەندە بپرسێت و ناوە ناوە بە تەلەفۆنیش بێت هەواڵی ئەو تەندروستی ئەو هونەرمەندە گەورەیە بپرسێت، كە زیاتر لە 50 ساڵ خزمەتی بواری هونەر و گۆرانی ڕەسەنی كوردی كردووە.
• پێرێ،یەكێك بوو لە ڕۆژە خۆشەكانی ژیانم، كە گوێم لە دەنگی ئەو هونەرمەندە بوو، لە جیاتی ئەوەی ئێمە لێ بپرسین، ئەو پێوەندی پێوەكردم و هەواڵی تەندروستی باوكمی پرسی، ئاخێكی قوڵی هەڵكێشا، بۆ خۆی و ئەوانی كە تەمەنێكیان پێشكەش بە دنیای هونەر كرد، ئەمڕۆ لە برسیەتیدا دەناڵێنن و كەسیش نیە، ئاوڕێك لەو ڕابردووە جوانەیان بداتەوە، كە ڕۆژانێك ئەوان بە عەشقەوە گۆرانیان بۆ نیشتمان و سەركەوتنی پێشمەرگە گوتووە!.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler