ئەیلول 21, 2019

• هەرگیز ئەوەم لەبیر ناچێتەوە، کە یەکەم سەفەری ژیانم لە وڵاتی هەنگاریا بوو، کە هاوکاری هونەرمەند و موزیکژەن (ڕزگار خۆشناو) یاوەری ئەو سەفەرە بوو، کە لە 1979 بۆ ئەو وڵاتە كرا.
• دوای چەند ڕۆژێک مانەوە داوامان لە شوفێرێک کرد بمانباتە سەر مەزاری (دیمترۆف). بەلامانەوە سەیر بوو، کە پیاوێکی پیر نزیکەی 70 ساڵان، بەبێ ڕووخسەت، دەستیکرد بە گۆرانیگوتن و پێکەنینێکی گەرم.
• هاوکارم (ڕزگار خۆشناو) بە حەپەسانێکەوە سەیری کردو لێی پرسی کێ دەڵێت حەزمان لە پێکەنین و گۆرانییە؟.
• ئەو شوفێرە پیرە، کە بەردەوام بوو لە گۆرانییەکانی گوتی: (بەڵێ، پێدەکەنم و گۆرانی دەڵێم، ئێمە زۆرمان ئازار چێشت، ئێستا کاتی گۆرانییە. دەمەوێ دڵی ئێوەی میوان بە گۆرانی خۆشکەم، بەڵام پێم سەیرە کە ئێوە ڕێ لە گۆرانی و پێکەنین دەگرن!!).
• پێکەنین یان ڕزگاربوون لە مرچ و مۆڕی و توندوتیژی و تووڕەبوون دوو شتی لە یەکتر جیاوازن.
پێکەنین یان زەردەخەنەی گەشبینی فێری ژیانێکی نوێمان دەکات، بەڵام ڕق هەموو دەرگاکانی ژیان پەرستی دادەخات و جوانی مرۆڤ لەکەدار دەکات.
• پێکەنین، کەلتوورێکی کۆمەڵایەتی جوانە، کە ڕوخساری مرۆڤ جوانتر دەکات، بەڵام لەوە دەچێت کە زۆربەمان بڕیارمان دابێت پێنەکەنین!.
• لە ژیانی ڕۆژانەماندا کەم جار بە ڕووی یەکتردا زەردەخەنە داماندەگرێ، چونکە کەلچەری تۆڵەسەندنەوە و ڕق زاڵە بەسەر ویژدانی ئێمەدا، کە کەم جار هێمایەک بەجێ دێڵێت بۆ ڕۆحی لێبوردن، کە جوانترین ڕوخساری مرۆڤایەتییەو مەحاڵە هیچ کۆمەڵگەیەک بە ڕقی ئەستوور بتوانێ بینای شارستانییەتی خۆی بکات و هەتا ئەو زمانی ڕقەش هەبێت، کۆمەڵگەی ئێمە یەخسیر دەبێت بە کەلتووریی ڕق لەیەکبوون و داخستنی هەموو پەنجەرەیەک کە بۆنی ئاسۆیەکی نوێی لێبێت، کە دەبێ لەو دیوی پەنجەرەکان ژیانێکی تر ببینین لەوەی جوانتر کە هەیە.
• زۆر لە دەموچاوەکان، کە بەڕووی ژیاندا پێناکەنن، پێیان زوڵمە زەردەخەنە دایانگرێت، چونکە هەندێک لەمچ و مۆڕەکان پێیان وایە، پێکەنین یان ڕوخساری پڕ زەردەخەنە لە کەسایەتی ئەوان کەم دەکاتەوە، وەلی نازانم مچ و مۆڕیی چەندە قێزەوەنەو چەندەش لە جوانی مرۆڤەکان کەم دەکاتەوە، کە تا ئێستاش بڕوای بە قووڵکردنەوەی مەودای خۆشەویستی نییە، ژیان بە خەونێکی نەزۆک تێدەگەن.
• نووسەری گەورە (عەزیز نەسین)، لە یادەوەری خۆیدا دەڵێت: (زۆر کەس گلەییم لێدەکات، کە من لە چیرۆکەکانمدا هەمیشە خەڵک بە پێکەنین دێنم و کابرایەکی خۆشمەچیم، بەڵام نازانن لە ناخمدا چەندە دەگریم و نابێ کاری نووسەر فێرکردنی گریان بێت، ئەگەر بمانەوێ ژیانمان خۆش بووێت دەبێ پێش هەموو شتێک نەتۆرێین و پێبکەنین، ئەمەیش نیشانەیەکە بۆ خۆشەویستی ژیان).
• جارێکی دیکە، لەگەڵ مامۆستا (فەلەکەدین کاکەیی)، لە نوژدارێکی هەندەران بووین، دوای پشکنین، پێی گوت، (بە قسەی من دەکەی، لە جیاتی داو دەرمان، ڕۆژێ سەعاتێک پێبکەنە!!).
• بەڵێ، من وای تێدەگەم، زۆرجار ئێمە بۆ خۆمان ناژین، یان بەشێکی زۆر کەم بۆ خۆمان دەژین، بۆیە، نەدەزانین کەی پێدەکەنین، نەدەزانین کەی دەگرین، گرنگ ئەوەیە، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بەو پێودانگە لە ژیان دەڕوانین، کە هیچ جوانییەکی تێدا نییە، بۆیە ئەگەر بە ڕاستیش هەبێت، هەوڵدەدەین بیشارینەوە، چونکە بڕوامان بە گەورەیی ژیان نییە و هەوڵی جوانترکردنی نادەین.

 

 

شێرزاد عەبدولڕەحمان

© 2017 Hawler