تشرینی دووەم 13, 2019

‎ھونەر ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە دیوە تاریکەکە

‎کە دەگەڕێینەوە و گەشت دەکەین بەرەو جیھانی کۆن زۆر شت ھەن کە بە ڕوونی تێیان دەگەین، خەونی ھەر مرۆڤێک ئەوەیە بتوانێ لە ڕابردووی خۆی بگات، ھەندێ جار مرۆڤ قوڵ دەبێتەوە و دەچێتە جیھانێکی کۆنی نامۆ، دەمانەوێ شتانێک بدۆزینەوە و بتوانین ھەستیان پێ بکەین، مرۆڤ لە ژیانیدا ئەوەندەی بە دوای شتی نادیارەوەیە ئەوەندەی بە دوای نھێنیەکانەوەیە، بەڕاستی شتە ڕوون و دیارەکانی بەر چاوی خۆی نابینێ و گەر بشیبینێ گرنگ نیە لای، ‎دەکەوینە ناو دوو جیھان:- جیھانی نھێنی و ناڕوون ‎ جیھانی بەرچاو و ڕوون ‎نھێنیەکان ئەوەندە بە ھێزەوە ڕۆحی مرۆڤ کێش دەکەن لە ئاشکرای وەردەگرنەوە، بۆ ئەوەش مرۆڤ ماندوو دەبێ و ناشتوانێ ناڕوونیەکان شی بکاتەوە، لێرەدا ئەو شتەی کە مرۆڤ پەنای بۆ دەبا، ئەویش ھونەرە، ‎مرۆڤ ئەو کاتە ئاشنای ھونەر بوو کە ماندوو بوو، مرۆڤ ئەو کاتە لە گەڵ ئاواز بۆتە ھاوڕێ کە ئاھێک خۆزگەیەکی لە ناخیدا بە جێ ماوە، ‎ھونەر لێرەدا شتێک نیە بتوانین بە نووسین و خوێندنەوە و سەرنجدان لێی تێبگەین، ‎- لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ھونەر تاکە ڕێگایەکە کە مرۆڤ لە دیوی بێ ئاگاھیدا پێی گەیشتبێ ‎- ھونەر ئەو ڕێگایەیە کە مرۆڤ دەگەیەنێتە نێو جیھانێکی تر ئەویش جیھانی شاراوە و تاریکە ‎لە نێو جیھانی ناڕووندا چەندین کۆد و چەندین وشە و ھەزاران نھێنی ھەیە، ‎لێرەدا تەنھا ھونەرمەند دەتوانێ ڕێگای ڕۆشن کا و تێیان بگا، ئەو کاتەش ھونەرمەند جیھانی خۆی لێ دەگۆڕێ و وەکوو نامۆیەک سەیر دەکرێت - پرسیارەکان لە لایەن ھونەرمەندەوە وەڵام دەدرێنەوە، بە شێوازێکی جیاوازی وەڵام دانەوە، ئەویش تەنھا ھەست بکە و وەرەوە ھۆش خۆت ‎- ھونەر ناگەیەندرێت و ھەستیشی پێ ناکرێت، ئەگەر لە حاڵەتی سەرخۆشی و مەستی دونیا دابی، کە ھۆشت ھاتەوە سەر خۆت تاکە ڕێگە پەنای بۆ ببەی ھونەرە، ‎گرنگی دان بە ھونەری ڕاستەقینە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تاک بەرەو ھۆشیاری ڕاستەقینە بەرێ، بۆیە ھونەر لە ھەر وڵاتێک سەنگی خۆی ھەیە و ھێزی خۆی پیشان دەدا، لە چاوی تاکی ئێمەشدا کە کوردین ھونەر خەریکە خۆی دەگەیەنێتە شوێنی خۆی، جێی شانازیە ئەمرۆ لە نێو کوردستاندا بەرەو پێش چوونی ھونەر دەبینین، ھونەرمەندە ڕاستەقینەکانی کورد ئەوانەن کە ھەرچیان کردبێ جێ پەنجەیان دیارە، ‎داواکارم کە ئێمەی کورد بگەینە ئاستێکی وا ڕێز لە ھونەر بگرین، ئەوەشمان بیرنەچێ ھیچ ھونەرێک ڕەتکردنەوەی نیە چوونکە لە ھەر مستەوایێکی فیکریدا جۆرە پەیامێکی وزە بەخش و ڕۆحی دەگەیەنن و سنوور تێدەپەڕێنن ‎با ئێمەش ھونەر بە یەکەوە بگەیێنینە لوتکە .

 

ھەڵبەست ئیبراھیم

© 2017 Hawler