کانونی یەکەم 05, 2019

دەچووینە لای خاڵە تایەر تۆفیق ماڵمان بۆ گەسك دەدا

ناوەناوە لە بۆنە تایبەتی و گشتیەكاندا چاو و دڵمان بە دیداری هونەرمەندی دیاری شاری هەولێر (عارەب عوسمان) شاد دەبێتەوە و هەر جارێ چەندین بیرەوەریی خۆش و حەیرانی كوردەواریمان پێشكەش دەكات و دەمانگەڕێنتەوە سەردەمی جاران و ئەو كاتانەی كە ژیان سادە و ساكار بوو، مرۆڤەكان لە ناخەوە یەكتریان خۆش دەویست و هامۆشۆ و سیلەی ڕەحم هەبوو، هەورەها دانیشتن و قسەكردن لەگەڵ تەنیا عارەب تاموچێژێكی زۆر تایبەتی هەیە بە شێوەیەك مرۆڤ هەر لە قسەكانی تێر نابێت، ئەمجارەشیان لەبەرنامەی (دەمەتەقێی) ڕادیۆی نەورۆزی وەزارەتی ڕۆشنبیری بووە میوان و پتر لە كاتژمێرێك چەندین بیرەوەری و قسەی خۆشی بۆ هەمووان گێڕایەوە و چەندین حەیران و گۆرانیی ڕەسەنی پێشكەش كرد، بەڵام ئەوەی كە زۆر جێی سەرنج بوو ئەو داكۆكیە جیدیی و بێوێنەیە بوو كە لە هەموو هونەرمەندانی كرد بەوەی دەبێ بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی بكرێن، بە تایبەتی ئەوانەی خزمەتێكی زۆریان پێشكەش كردوە و تەمەنێكی دوور و درێژیان لەگەڵ هونەردا بەسەر بردوە، دوایی هاتە سەر ئەوەی و گوتی لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندان هەموو ئەورووپا گەڕاوم بۆ ناساندنی كلتووری میللەتەكەمان،چونكە ئەوەیان زەروورەتێكە و دەبێ هەموومان شانی بدەینە بەر، هەروەها باسی لەوەش كرد كە وەك ڕێز و وەفایەكی بچووك خزمەتێكی زۆری هونەرمەندانی پێشەخۆیان كردوە و گوتی بە شانازیەوە دەڵێم هەموو جارێك لەگەڵ هونەرمەندان نیزام شوكر و جەلال سەعیدی كۆچكردوو دەچووینە لای خاڵە تایەر تۆفیق ماڵمان بۆ گەسك دەدا و لە نزیكەوە خزمەتمان دەكرد، چونكە لە دوا ساتەكانی تەمەنیدا تاقەتی نەمابوو وەك پێویست خزمەتی خۆی بكات، تەنیا عارەب زیاتر لەسەر ئەو مەسەلەیە بەردەوام بو گوتی من نێوانم لەگەڵ هەموو هونەرمەندانی خۆمان و كوردستانی ڕۆژهەڵات خۆش بوو، بە تایبەتی محەمەدی ماملێ و ئەوانی دیكە، هەتا لەگەڵ عەرەبەكانیش زۆر جار لە هەولێر لەگەڵ یاس خدر و حەمید مەنسوور و سەلاح عەبدولغەفووری كۆچكردوو دانیشتووم، دواتر لە گرینگی و وەسفی هونەردا بۆ خودی خۆی گوتی هونەر ناوبانگ و شوهرەتێكی باشی پێی بەخشیووم بەو هۆیەوە خەڵكی زۆر ڕێزم دەگرن و كارم لە هەموو شوێنێك دەڕوات، ئەوەشیان گەورەترین نیعمەت و سەروەرییە و دەبێ شانازیی پێوە بكەین، دوا جار گوتی ڕاستە من لە وەزیفە خانەنشین كراوم، بەڵام لە هونەر خانەنشین نەكراوم و تا ئێستا بەردەوامم، ماوەتەوە بڵێین هونەرمەند عارەب عوسمان هەر لێرەوە دەبێ ئەو ڕاستیەش بڵێین كە حەیران هونەرێكی زۆر بەرز و پیرۆزە هەموو كەس ناتوانی خۆی لەقەرەی حەیران، بەڵام هونەرمەند عارەب عوسمان دەروێشانە خۆی تێدا دۆزیوەتەوە، ئەو هونەرمەندە دیارەمان جگە لەگوتنی سروود و گۆرانی و هەندێ بواری شاراوەی دیكە ڕۆڵێكی دیار و بەرچاویشی هەبووە لە گوتنەوەی لاوك و حەیرانی ڕەسەنی كوردەواری كە هەموو لایەكمان حەزمان لێیەتی، بۆیە ئەو هونەرمەندە لە چەندین چاوپێكەوتن و دیمانەی تایبەتی خۆیدا باسی زۆری لەبارەی ئاشنابوونی خۆی بەو هونەرە بەرزە كردوە و هێما بۆ ئەوە كردوە هەر لە منداڵیەوە حەیرانم خۆش ویستوە و لەگەڵیدا ژیاوم و بە شێوەی مەقامی بەیات گوتوە، چونكە حەیرانیش جۆرێكە لە مەقامی بەیات، بۆ شیعرەكانیش من بە زۆری شیعری فۆلكلۆرم گوتوە كە ڕەسەنایەتیەكی تەواوی تێدایە،دیسانەوە لە هەموو چاوپێكەوتنەكانیدا عارەب عوسمان وە وەفادارییەك ئاماژە بەو ڕاستیە دەكات و دەڵێ مامۆستای موزیكژەن وریا ئەحمەد نازناوی (تەنیا) ی بۆ هەڵبژاردم، هەروەها سەبارەت بەناوەكەی خودی خۆیشم من لە سوڵتان عەبدوڵڵای عارەبی دەشتی قەراج خواسترایمە و زۆریش شانای پێوە دەكەم، چونكە لە كوردەواری وا باو بووە ئەگەر ئافرەتێك بچووبایەتە سەر چاكەكی و پاشان لەوێ منداڵی بە زگ بكەوتایە دەبوایە وەك وەفاداریەك ناوی منداڵەكە بەناوی چاكەكەوە بكات. سەبارەت بە هاتنە نێو بواری هونەرەوەش دەڵێ من لە منداڵیەوە لە تیپی سروود و گۆرانیدا بووم و بەهۆی مامۆستا جەمال هیدایەت هاتمە نێو هونەر و یەكەم گۆرانیشم كە یادگارییەكی زۆر بەنرخە لەلام (بلوێری شوان) بوو كە ساڵی 1976 لە ستۆدیۆی ڕەنگا و ڕەنگی پێنجی شاری بەغدا تۆمارمان كرد و من بەهۆی ئەو گۆرانیەوە شوهرەتم پەیدا كرد و خەڵكی زۆریان پێ خۆش بوو، دواتر چەندین گۆرانی دیكەی وەك (پەرێشانم، بریندارم،دێوانەم، لێم گەڕێ كچێ لێم گەڕێ) و چەندانی دیكەی بەدوادا هات، خۆ ئەگەر كەمێك بۆ مێژوو بگەڕێینەوە دەتوانین دان بەو ڕاستیەدا بنێین كە باوكی كۆچكردووم ناوی عوسمان جەرجیس بوو، بەڵام بە عوسمان حەیران ناسراو بوو ئەویش حەیران بێژێكی نەقۆرا بوو لە دەشتی قەراج و كەندێناوە و سەنیە و مركێ، فارسی مامیشم بەهەمان شێوە حەیران بێژ بوو، حاجی عەباسی كوڕی پلكم و عەبدوڵڵای برای خدری مێردی پلكم حەیرانیان دەگوت، من زۆر جار حەیرانی باوكی خوالێخۆشبووم و ڕەسووڵ گەردی و مستەفا كۆر و خدر خەرابەدراوی و سەیدە كۆرەم دەگوتەوە و تامو چێژێكی زۆرم لێ وەردەگرت،دەبێ لە دوا جاردا ئاماژە بەوە بكەین عارەب عوسمان جەرجیس ساڵی 1952 لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایك بووە و تا پۆلی دووەمی ناوەندی خوێندوە و بۆ كار و كاسبی خوێندنی جێهێشتوە، چونكە لەو ئان و ساتەدا باوكی كۆچی دوایی كردوە و ساڵی 1975 ژیانی هاوسەریی پێك هێناوە و خاوەنی پێنج كوڕە بەناوەانی ( سروود، سامان، سەنگەر، ماردین، ڕابەر) ئەوەش نموونەیەك لە حەیرانەكانی عارەب عوسمانە:
بابە چەندی گاز دەكەم گاز دەكەم قەراجۆك لە من بە نوارە نوارە
 ئەمن بە كێندەرێدا هەر برێم
بە گردی باقرتی ڕەبی كۆر بیتەوە كاولە روارە
ئەوی دەبیتە سەبەبكاری دوو دران
ڕەبی كۆربی لە چاوان سەقەت بی لە پێیان
 ئەمن خۆم دەخیلی مەلای مشاری و
دووەمیان شێخ سەلاحی باقلانی سەد جار هاوارە.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler