ئاب 22, 2019

حەسەن گەرمیانی لە باوەشی نیشتمان گوڵباران کرا

لە ڕێوڕەسمێکی شیاودا، کە لە ھۆڵی ڕۆشنبیری و ھونەری ھەولێر بەڕێوەچوو، ڕێز لە کەڵە ھونەرمەندی گەورە (حەسەن گەرمیانی) گیرا، لە ڕێوڕەسمەکەدا ھەریەک لە (حەمەی حەمەسەعید) وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و (د.سالار عوسمان) بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و (فەرھەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری ھەولێر، (نەوزاد ھادی) پارێزگاری ھەولێر و (ئەحمەد کانی) بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و (ھیوا سوعاد) سەرۆکی سەندیکای ھونەرمەندان لقی ھەولێر و بەرپرسانی حیزبی و حکوومی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا ئامادەبوون و زنجیرەیەک وتار دەربارەی ئەزموونی ئەو ھونەرمەندە خوێندرایەوە، بەتایبەت لە ساڵانی ھەشتاکان و تا نەوەتەکان، کە بە ببوو بە سیمبوولی گۆرانی جوان و مقامات.

ئەزموونێکی جوان لە مقاماتی کوردیدا
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا ھەریەک لە (د.سالار عوسمان) بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و (فەرھەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری ھەولێر، ئاماژەیان بۆ ئەو ئەزموونە جوانەی ھونەرمەند کرد، کە لە کۆتایی حەفتاکان و ھەشتاکان پێشکەشی کردووە، تەنانەت ھەمیشە وەک مامۆستایەکی پڕ ئەزموون، گۆرانی بۆ جوانی و دەرخستنی ڕووی ڕاستی ھونەری ڕەسەنی کوردی گوتووە، ئەو تەنیا ھونەرمەندێک نەبووە بەدەنگ بناسرێت، بەڵکو لە ستایل و ئەدا و قورگیشدا لە ھونەرمەندانی دیکە جیاوازبووە، ھەربۆیە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە ئەرکی خۆی زانیووە، کە ڕێوڕەسمێکی لەم شێوەیە بۆ ئەزموونی بەرچاوی ئەو ھونەرمەندە ڕێکبخات، کە ساڵانێک گوێچکەمان بە ئاواز و گۆرانیەکانی ئەو کراوەتەوە، ھەمیشەش لە دڵی ھەمووماندایە و ھەر بە گەورەییش دەمێنێتەوە.

گرووپی ھونەر و موزیکی ھەولێر پایتەختیان پڕ کرد لە موزیک
(حەسەن گەرمیانی)، ئەگەرچی ئێستا لە پایزە تەمەنی خۆیدایە، بەڵام دەنگی وەک جارانە و قورگی ھەر ئەو قورگە سپیەیە، کە لە ڕابردوودا بە گۆرانیەکانی جوانەکانی ئاشنا بووین، لەو ڕێوڕەسمەشدا لەگەڵ گرووپی بەڕێوەبەرایەتی ھونەر و موزیکی ھونەری ھەولێر، کە ھونەرمەند (سەید ئەحمەد ڕەواندوزی) ڕابەرایەتی دەکات، ھەولێریان پڕکرد لە موزیک و ئاوازی شیرینی پڕ لە ڕەسانەیەتی کوردی.

گەرمیانی دەیان چەپکە گوڵی خۆشەویستی پێشکەش کرا
لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمەدا ڕێزلێنانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و پارێزگاری ھەولێر و تۆڕی ھەماھەنگی و دەیان چەپکە گوڵی پڕ لە خۆشەویستی بەخشرایە (حەسەن گەرمیانی)، کە ساڵانێکە لە غوربەت ژیان بەسەر دەبات.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler