کانونی یەکەم 09, 2019

فەڕەنسا بووە سەنتەری داھێنانەکان بۆ ئامێری پیانۆ

لە ساڵەکانی ١٧٩٠–١٨٦٠دا، پیانۆکانی دەمی مۆتسارت، گۆڕانکارییەکی زۆریان بەسەر ھات، کە بووە ھۆی دروست بوون و سەرھەڵدانی ئەو پیانۆیەی لەمڕۆدا بەکاری دەبەین، کە بە پیانۆی ھاوچەرخ یان مۆدێرن ناسراوە.

ئەم شۆڕشە بە داواکاری پیانۆژەنانی ئەو سەردەمە، کە داوای وەشانێکی باشتر و بەھێزتری ئامێرەکەیان دەکرد، دەستی پێ کرد و، بەھۆی شۆڕشی پیشەسازی بەردەوامی ئەو کاتەوە، توانرا داواکارییەکان بھێندرێنە ژیان.
کاتێک کە پارچەی باشتر وەک تەل و چوارچێوە و جۆری دارەکان بەرھەم ھات، بەرەوپێشچوونی پیانۆش لە ڕووی کوالێتییەوە دەستی پێ کرد. لە سەردەمی مۆتسارتدا، پیانۆکان تەنیا پێنج ئۆکتەیڤیان ھەبوو، ئێستاش بە ھۆی پێشکەوتنەوە، ئامێرەکە ٧ ئۆکتەیڤ، یان لە ھەندێک حاڵەتدا زیاتریان ھەیە.
پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی تەکنۆلۆژیا لەو دەمەدا، وای کرد کە پیانۆی برادوود دابێت لە درەنگانی ١٧٠٠کاندا. جۆن برادوود تیمێکی پێکھێنا لەگەڵ ڕۆبێرت ستۆدارت و ئەمێریکەز باکەرز بۆ دیزاینکردنی پیانۆیەک لە سەر شێوەی ھارپسیکۆرد؛ مێژووی دەستەواژەی «مەزن» لە «پیانۆی مەزن»دا دەگەڕێتەوە بۆ ئەم دەمە. ئەوان ئەم کارەیان بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا لە دەورووبەری ساڵی ١٧٧٧دا. ئەوان توانیان بە خێرایی ناوبانگ دەربکەن لەبەر بەھێزی و توند و تۆڵی ئامێرەکانیان، کە گەورەتر و دەنگ بەرزتر و تۆکمەتر بوون. ئەم گرووپە دروستکەرانە، پیانۆیان دەنارد بۆ یۆسێف ھایدن و لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن، و یەکەمین کەسەکان بوون کە پیانۆ دروست بکەن بە زیاتر لە پێنج ئۆکتەیڤەوە. لە دەورووبەری ١٨٠٠ەکاندا، توانیان پیانۆ بە شەش ئۆکتەیڤەوە دروست بکەن، و تا ساڵی ١٨٢٠یش، توانیان پیانۆ دروست بکەن بە حەوت ئۆکتەیڤەوە. بێتھۆڤن ئەم نۆتە زیادانەی لە کارەکانی دواییدا بەکار دەھێنا. دروستکەرە ڤیەنناییەکانیش دوای کارەکانی ئەوان دەکەوتنەوە، بەڵام ھێشتا جیاوازی لە نێوان جۆری پیانۆکان بەرچاو دەکەوت.
بەشی ناوەوەی پیانۆی مەزن
لە ١٨٢٠ەکاند، پاریسی فەڕەنسا بووە سەنتەری داھێنانەکان بۆ ئامێری پیانۆ.
ئەو پیانۆیانە فرێدریک شۆپان بە کاری دەھێنان لە لقێکی پیانۆ دروستکردنی فەڕەنساوە بوو بە ناوی پلەیل، و فرانز لیزت پیانۆکانی لقی ئێراردی بەکار دەھێنا. لە ١٨٢١دا، سباستیان ئێرارد جووڵەی کلیلی «جووت دەربازبوون»ی داھێنا، کە پێکھاتبوو لە بالانسەرێک کە ڕێگەی دەدا بەوەی بە خێرایی چەندین جار پەنجە نان بە کلیلێکدا دەنگ دەر بکات، با ئەگەریش چەکوشەکە نەگەڕابێتەوە شوێنی تایبەتی خۆی. کاتێک ئەم داھێنانە بانگەشەی بۆ کرا، ئەم داھێنانە بووە ستانداردێک لە پیانۆ مەزنەکاندا، و تا ئێستاش لە ھەموو پیانۆ مەزنە ھاوچەرخەکاندا کە لە ٢٠٠٠ەکان بەرھەم ھاتوون بە کار دێت.
یەکێک لە گۆڕانکارییەکانی تر کە یارمەتی پێشکەوتنی ئامێری پیانۆی دا، بەکارھێنانی جێگرەوەی تر بوو لە جێی چەرم یان لۆکە بۆ ئاڵاندن لە چەکوشەکان، کە یارمەتی بەرزکردنەوەی دەنگی ئامێرەکەی دا. لە ساڵی ١٨٤٤دا، ژۆن لووی بواسلوی فەڕەنسی پەیدانی سۆستێنوتۆی داھێنا، کە دواتر لە لایەن ستاینوەیەوە لەبەری گیرایەوە بۆ بەکارھێنان لە ١٨٧٤، کە ڕاگرتنی نۆتەکانی ئاسانتر کرد.[٥]
یەکێک لەو داھێنانانەی کە وای کرد پیانۆکان دەنگێکی بەرزتریان ھەبێت، بەکارھێنانی چوارچێوەی ئاسنینی مەزن و بەھێز بوو.
ئەم چوارچێوە ئاسنینە، کە بە (قاپ)ـیش ناودەبرێت، لە سەروو تەختەی دەنگەکەوە داندراوە و، ڕۆڵی سەنگەرێک دەبینێت دژی ئەو تەنگشەیەی ھێزی تەلەکان دەینێنەوە، کە ٢٠ تەن (١٨٠ کیلۆنیوتن) تێپەڕ دەکات لە پیانۆیەکی ھاوچەرخدا. بیرۆکەی ئەم چوارچێوە مەزنە لە ساڵی ١٨٢٥دا داھێندراوە لە لایەن ئالفییەس بابکاک لە شاری بۆستن،[١٢] و لە ١٨٢٠-٢١یش خەریکی دروستکردن بوون، مارکەکانی تری وەک برادوود، ئێرارد، و تۆم ئێند ئاڵێنیش بەشداربوون لەم پڕۆسەیەدا. دواتر بابکاک دەستی کرد بە کارکردن بۆ لقی چیکرینگ ئێند ماکەیز، کە یەکەم چوارچێوەی تەواوکراوی بەرھەمھێنا بۆ پیانۆی مەزن لە ساڵی ١٨٤٣. لە ئەورووپادا جۆرێکی تری ئاسنەکان بەکار دەھات، ھەتاکو لە سەدەی بیستەمدا شێوازە ئەمریکییەکە بە تەواوی جێی گرتەوە. بەھێزی و چڕی ئەم چوارچێوەیە وای کرد کە تەلی زیاتر، باشتر، و ئەستوورتر بەکاربێت. لە ١٨٤٠ەکاندا، جۆرە تەلێکی باشتر دروست کرا بۆ پیانۆکان لە ڤیەننا لە لایەن لقی مارتن میڵەر، و دوای ئەمە ماوەیەک لە داھێنان و پێشبڕکێ دەستیپێکرد، کە بووە ھۆی پێشکەوتنی ئامێری پیانۆ و سەرھەڵدانی پیانۆی ھاوچەرخ.
شێوە و دیزاین
ھەندێک لە پیانۆ کۆنەکان چەند شێوەیەکی جیاجیایان ھەبوو کە ئێستا چی تر بەکارنایەت. لە ڕابردوودا، پیانۆی چوارگۆشە ھەبوو (کە لە ڕاستیدا لاکێشەییە، بەڵام بە پیانۆی چوارگۆشە ناودارە). چەکوشەکانی ئەم جۆرە پیانۆیە بە زەحمەتی دەیانکێشا بە تەلەکاندا و تەختەکلیلەکەش لە لا درێژەکەی ئامێرەکە بوو، کە زۆری کلیلەکان وایان کردووە ئامێرەکە لاکێشەیی دەربکەوێت. سەرھەڵدانی ئەم دیزاینە دەدرێتە پاڵ گۆتفرید سیلبەرمان یان کریستیان ئێرنست فریدریکی، دواتریش بیرۆکەی دیزاینەکە تەشەنەی کرد لە ئینگلتەرا و وڵاتانی تری کیشوەری ئەورووپا.
ئەم پیانۆیە سەرەتا بیرۆکەی باشترکردنی بۆ پێشنیارکرا لە لایەن گییووم-لبخیشت پیتزۆل لە فەڕەنسا و ئەلفیوس بابکاک لە ئەمریکا. پیانۆ چوارگۆشەکان بە ڕێژەیەکی زۆر بەرھەم دەھاتن لە نێوان ١٨٤٠کان و ١٨٩٠ەکان لە ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. ئەم پیانۆیە زۆرترین گۆڕانکاری و نۆژەنکردنەوەی بە خۆیەوە بینی لە چاو پیانۆکانی سەردەمی خۆی. ئەم پیانۆیە زۆر بەناوبانگ بوو لەو کاتەدا بە ھۆی کەمی تێچوون و ھەرزانییەکەیەوە، بەڵام لە ڕووی باشیشەوە، باش نەبوو، چونکە تەختەی دەنگەکانیان باریک بوون و بۆشایی نێوان تەلەکان و خاویی چەکووشەکان وایان کردبوو کە دەنگی کز بێت و چەکوشەکان بەر تەکە خوازراوەکان نەکەون؛ ئەم ھۆکارانە وای کرد کە ئەم شێوازەی پیانۆ وردە وردە بمرێت و بەرەو نەمان بچێت.
پیانۆی «مەزنی ستوونی» پێشەکەی وەک پیانۆیەکی مەزنی ئاسایی وایە، تەختەی دەنگ و پردەکان لە سەروو کلیلەکانەوەن، و تیونەرەکانیش لە خوارییەوەن. دەستەواژەی «مەزنی ستوونی» بەکاردەھێندرا لە لایەن فرۆشیارەکانەوە لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی پیانۆکە بۆ مەبەستی ڕێکلامی.
ئەم جۆرە دیزاینە ھانی دەرکەوتنی چەند جۆرێکی جیاوازی تری پیانۆی دا، وەک «پیانۆی لیر» و «پیانۆی ھەرەم.» پیانۆی کابینێتیش، کە زۆر بەرز بوو، سەرەتا لە دەورووبەری ١٨٠٥ ناسێندرا و لە ١٨٤٠کان دەست بە دروستکردنی کرا. تەلەکانی ئەم پیانۆیە بە ستوونی ڕێکخرابوون، و بە درێژایی پیانۆکە چوارچێوەی ناوەکی ھەبوو و پردەکانیشی بە نزیکەیی تا بنی پیانۆکە درێژ دەبوونەوە. پیانۆیەکی ستوونی تریش کە زۆر خنجیلە بوو بەراورد بە پیانۆی مەزن، بە پیانینۆش ناودەبرا، و لە دەورووبەری ١٨١٥دا لە لایەن ڕۆبێرت وارنەمەوە بەناوبانگ کرا؛ لە سەدەی ٢٠ەمەوە بەرەو درەنگتر دروست دەکرا. ئەم جۆرە پیانۆیانە بە نافەرمیی بە قەفەزی باڵندەش ناسراوە بە ھۆی میکانزمی خامۆشکەرە بەناوبانگەکانییەوە. پیانۆی بەرز ناسراو بە پیانۆی ستوونی یان «ئەپڕایت» یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆری پیانۆکان کە ئێستاش ھەیە. ئەو پیانۆ ستوونییە یان ئەپڕایتەی ئەمڕۆ لە بەر دەستی ئێمەیە، لە لایەن مارکەی ڕۆڵەر ئێند بلانکێتەوە بەناوبانگ کرا لە ١٨٢٠کاندا. چەند جۆرێکی تریسپینێتیش لەسەر ھەمان شێوە دروست دەکران بە درێژایی سەدەی ١٩، کە زۆرترین چاکسازی و گۆڕانکاری بۆ ئەم جۆرە پیانۆیانە دەکرا.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler