تەمموز 21, 2019

عەدنان كەریم: ئەو ساڵ بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی میوزیكی "مەحوی" زنجیرە كۆنسێرتێك لە شارەكانی كوردستان بە ئەنجام دەگەینم، هەولێری پایتەختیش دەستپێكی ئەو پرۆژەیەیه‌

هونەرمەندی بە ئەزموونی گۆرانیبێژ (عەدنان كەریم) رۆژی هەینی داهاتوو (12-7-2019) لە هەولێری پایتەخت، لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵڵا) ئێوارە كۆنسێرتێكی جەماوەری كاتژمێر (7:00) ئێوارە ساز دەكات، ئەو ئێوارە كۆنسێرتە بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی میوزیكی (مەحوی) بەڕێوە دەچێت، (عەدنان كەریم)ـی هونەرمەند لەبارەی ئەو ئێوارە كۆنسێرتە بە "هەولێر"ـی راگەیاند : ئەو ئێوارە كۆنسێرتە پرۆژەی زنجیرە كۆنسێرتێكە، بەنیازم ئەو ساڵ لەچەند شار و شارۆچكەیەكی كوردستان پێشكەشی خەڵكەكەمانی بكەم، دەستپێكی كارەكەشمان لە هەولێرەوە دەستمان پێكردووە.

لەدەستپێكی قسەكانیدا هونەرمەندی بە ئەزموون (عەدنان كەریم) لەبارەی سازكردنی ئەو زنجیرە كۆنسێرتانەی، كە بەنیازە ئەو ساڵ بیانكات، گوتی : "بەنیازم ئەو ساڵ بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی میوزیكی "مەحوی" زنجیرە كۆنسێرتێك لە شارەكانی كوردستان بە ئەنجام بگەینین، دیارە هەولێری پایتەختمان وەك دەستپێكی ئەو پرۆژەیە دیاری كرد، ئێستاش ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی كۆنسێرتەكە گەیشتۆتە قۆناغی كۆتایی و، پێم وایە دەتوانین كۆنسێرتێكی زۆر باش پێشكەش بكەین".
هەر لەمبارەیەوە (عەدنان كەریم)ـی هونەرمەند روونتر ئەوەشی خستەروو : "لە هەولێر رۆژی هەینی داهاتوو، رێكەوتی (12/7/2019) یەكەم كۆنسێرت ساز دەكەین، لە كاتژمێر (7:00) ئێوارە لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵڵا) كۆنسێرتەكە پێشكەش بە جەماوەری هەولێری هونەر پەروەر دەكەین، كە من هەر كاتێك لە هەولێری پایتەخت كۆنسێرت پێشكەش دەكەمهەستێكی تایبەتم هەیە، شارێكە بۆ من پڕە لە یادەوەری جوان و لە بیرنەكراو، ئومێدەوام بتوانم ئەمجارەش دڵی ئامادەبووان خۆشبكەین بە بیستنی گۆرانییەكان".
لەبەشێكی دیكەی قسەكانی دا هونەرمەند (عەدنان كەریم) لەبارەی هەبوونی بەرهەمی تازە، كە لەو كۆنسێرتەدا پێشكەشی بكات گوتی : "بەرهەمی تازەم ئامادەیە، بێگومان لەو كۆنسێرتەشدا پێشكەشی دەكەم، هەروەها كۆمەڵێك گۆرانی دیكەمان بە میوزیكێكی تازە لەگەڵ گرووپی میوزیكی (مەحوی) جارێكی دیكە ئامادەكارییمان بۆ كردووەو پێشكەشی دەكەین".
هونەرمەند (عەدنان كەریم) لەبارەی درێژە دان بە كۆنسێرتەكانی ئەوەشی باسكرد : "بێگومان درێژەی دەبێت،پلانێكمان هەیە لەگەڵ كۆمپانیای (بابیلۆن میدیا) لە شارەكانی (دهۆك و سۆران) پاشان لە (سلێمانی)، ئەو كۆنسێرتانە بكەین بە زنجیرەیەك لە سەرەتای پایزی داهاتوو بەشێوەیەكی باش سازی بكەین، هیوادارم ئەگەر هیچ پێشهاتێك نەیەتە پێشەوە، بتوانین ئەو كۆنسێرتانە ئەم ساڵ بخەینە بواری جێبەجێ كردنەوە".
هونەرمەند (رێبین سالار) سەرۆكی گرووپی میوزیكی (مەحوی) لەبارەی سازدانی ئەو زنجیرە كۆنسێرتانە رایگەیاند : "دیارە ئێمە وەك گرووپی میوزیكی "مەحوی" مێژوویەكی باشمان هەیە لەگەڵ كار و بەرهەمەكانی هونەرمەند (عەدنان كەریم) لە چەندیین كۆنسێرتدا هاوكاری بووین، بەشدارییەكی كاراشمان هەبووە، بۆ دروستكردنی چەندیین گۆرانی بۆ ئەو هونەرمەندە گەورەیە، لە ئێستاشدا كۆنسێرتەكەی هەولێری پایتەخت كاری لە پێشینەمانە، ئامادەكارییەكی زۆر باشمان كردووە، بۆ ئەوەی كۆنسێرتێكی زۆر باش پێشكەشی جەماوەری خۆشەویستی ئەو شارە بكەین، لەدوای ئەو كۆنسێرتەش هیوادارم بەردەوامی بدەین بە سازدانی كۆنسێرتی دیكەش".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا

© 2017 Hawler