ئاب 18, 2019

سینەماكارێكی كورد بوو بە پڕداهاتترین ئەكتەری سینەمای ئێران

لە درێژەی سەركەوتنەكانی هونەرمەندان و ئەكتەرانی كورد لە ئاستی ئێران، ئەمجارە ئەكتەرێكی بە ناوبانگی كورد بوو بە پڕ داهات ترین ئەكتەری سینەما لە ماوەی ئەمساڵدا، (نەوید محەمەدزادە) ئەكتەری كوردی سینەمای ئێران لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بە 32 میلیارد تمەن بوو بە پڕ داهاتترین ئەكتەری سینەمای ئێران.

شایەنی ئاماژە پێدانە: لە فیلمی سینەمایی مەتری شەش و نیو 27 میلیارد تمەن و لە فیلمی سورپێست 5 میلیارد تمەن داهاتی بووە و ناوبراو ئەم وەرزە و بە هۆی ڕۆڵبینینی شاز و پڕۆفشناڵی، یەكێك لە هۆكارەكانی فرۆشی زۆری ئەو فیلمانە بووە.
نەوید محەمەدزادە، ساڵی 1986 لە پارێزگای ئیلام لەدایك بووە، ئەكتەر و سینەماكاری كوردی دیاری ئێرانە، ساڵی 2008 چالاكییەكانی پەرە پێ داوە و زیاتر لە بواری سینەمادا دەركەوتووە.
جگە لە بواری سینەما و بەشداریی كردن و رۆڵ بینینی لە چەندین فیلم و درامادا، بەشداریی زیاتر لە 30 كاری شانۆییدا كردووەن هاوكات لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكاندا بەهۆی نواندنەكانییەوە چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە.
 ساڵی 2008 لە فیلمی "لە نێوان هەورەكاندا" بەشداری كردووە و یەكەم كاری بووە، پێنج ساڵ پاش ئەوە بە فیلمی "تووڕە نیم" زیاتر ناوی چووە ناو ناوەندە سینەماییەكان و ناسرا.
ناوی هەندێك لەو فیلمانەی كە وەك ئەكتەری سەرەكی رۆڵی تێدا بینیوون "مەترێك شەش و نیو، سوورپێست، مێشكە گچكە ژەنگاویەكان، خەفەیی، بێ بەروار بێ واژۆ، هەتاهەتا و یەك ڕۆژ، تووڕەیی، لانتوری، ناهید، لەرێنەری چەوری.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: ئەم هونەرمەندە لە 32هەمین فێستیڤاڵی فەجردا لە ئێران، وەك باشترین ئەكتەر هەڵبژێردرا.
 لە 34هەمین فێستیڤاڵی فەجردا بە ڕۆڵگێڕانی لە فیلمی "هەتاهەتا و یەك ڕۆژ" خەڵاتی باشترین ئەكتەری بەدەست هێنا.
لە 35 هەمین فێستیڤاڵی فەجر بۆ دووەم جار بە ڕۆڵگێڕانی لە فیلمی "بێ مێژوو بێ نیشانە" خەڵاتی باشترین ئەكتەری پێبەخشرا.
لە فێستیڤاڵی ڤێنیز خەڵاتی باشترین ئەكتەری بردەوە، خەڵاتی باشترین ئەكتەری لە فێستیڤاڵی ئاسیا پاسفیك بردووەتەوە. خەڵاتی باشترین ئەكتەری فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانییشی پێ بەخشراوە.

 

سەرهەنگ غەریب

© 2017 Hawler