تشرینی دووەم 15, 2019

گۆرانیی لاوان و ئاسۆیەكی نادیار!

دەنگخۆشی بەهرەیەكی خواییە. ئەمە ئەوبۆچوونەیە كە لە ئەزەلەوە لەوكاتەی مرۆڤ لە سەرەتایترین قۆناغی ژیانی یەوە پەی بەشتەكانی دەوروبەری دەبردهەر لەوكاتەوەش لەڕێگەی هاواركردنەوە یەكەمین
دەروازە واڵا بوو لەبەردەم مرۆڤ بۆ ئەوەی بە قووڵی ڕۆبچێتە نێوناخی ئەو نهێنییەی كە پێی دەڵێن گۆرانی!
بێگومان گۆرانیگوتن بۆتە یەكێك لەودیاردانەی كە لەم سەردەمەی ئێستاماندا بۆتە بەشێكی گرنگ  لە ژیانی لاواندا كەئەمەش لەلایەكەوە جێگەی خۆشحاڵی و ئومێدێكی گەورەیەكە هونەری گۆرانیگوتن دەبێتە پایەكی گرنگ لەژیانی لاوان ....بەڵام لێرەدا پێویستە هەڵوەستەیەك بكەین لەمەڕ ئاست و شێواز و جۆر و بابەتی ئەم گۆرانیانەی ئەمڕۆ. ئاخۆ هیچ مەرجێكی هونەریی و زانستی لە زۆر لەم گۆرانیانەدا بەدی دەكرێت یاخودبۆتە خوویەكی سەرپێیی و تەنها بۆ دەركەوتنە لە كەناڵە ڕاگەیاندنەكانە و مەبەستێكی تایبەتییە؟! كە ئەگەر وابێت ئەمەترسێكی گەورە دەخاتە نێو بواری هونەری گۆرانی بە تایبەت بۆ ئایندەمان. كە لێرەدا كەناڵە ڕاگەیاندنەكان و خودی ئەو كەسەی كە توانای هونەری لاوازە و دەیەوێت تەنها گۆرانی بڵێت بە بێ هیچ بنەما و ڕێسا و یاسایەكی هونەری بەرپرسی یەكەمین بۆ ئێستا و بۆ ئایندەش. كە ئەمە جگە لەوەی من نامەوێت لەم نووسینە كورتەدا ئاماژە بە مۆرك و ڕەسەنایەتی و سەرجەم لایەنەكانی تری پەیوەست بكەم كە دەبنە هۆی هاتنە ئارای گۆرانیەكی هونەری سەركەوتوو، كە بەداخەوە دەروازەی شاشەی كەناڵە ڕاگەیاندنەكان بەڕووی زۆرێك لەو گەنجانە ئاوەڵایە!! كە بەبێ ئەوەی ڕەچاوی هیچ بنەمایەكی هونەری تایبەت بە گوتنی گۆرانی بكەن گۆرانیەكانیان تۆمار دەكەن و كەناڵە ئاسمانییە كوردیە خۆشەویستەكانیش كە بێ گومان هیچ لیژنەیەكی پسپۆڕی هونەرییان تێدا نیە كە دڵنیام ئەگەر هەبێت كارە هونەریەكان بە ئاراستەیەكی زۆر دروست گوزەر دەكەن. چونكە گۆرانیگوتن نە تەنها دەربڕین و دەنگخۆشی یە بەڵكو كۆمەڵێك خاسیەتی گەورەتر هەن لە ناوەوەی خودی هەر گۆرانیەكی هونەری سەركەوتو و پێویستە ئەوەش بزانرێت كە گۆرانی بە تەنها (ووتن وتۆماركردن)نییە بەڵكو پێویستە گۆرانیبیژە لاوەكانمان بەرلەوەی بیر لەوە بكەنەوە گۆرانیەك تۆمار بكەن و خێرا كلیپی بۆ بكەن و خەمی گەورەیان ئەوە بێت بە زووترین كات لە كەناڵەكان گۆرانیەكەیان پەخش بكرێت پێویستە لە ڕێگەی گوێگرتنی بەردەوام لەدەنگی ئەو گۆرانیبێژانەی كە ئەزمون و بەهرە و توانایەكی مەزنیان هەیە لە بواری هونەری گۆرانیگوتن خۆیان پەروەردە بكەن لە ڕووی پەروەردەی (گوێچكە و دەنگ)ئینجا بیر لە تۆماركردنی گۆرانیەك بكەنەوە و سەرجەم بوارەكانی نێو گۆرانیش بەهەند وەربگرن وەك (تێكست_ئاواز_دابەشكردنی موزیك_گوتن )پاشان پڕۆڤەكردنێكی بەردەوامی دەنگ ئینجا گۆرانیەكە تۆمار بكەن. بۆ ئەوەی گۆرانیەكی شیاو بێت و خزمەت بە هونەری گۆرانی و موزیكی كوردی بگەیەنێت و بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەم خاسیەتانەی باسمان كرد لەهەر گۆرانییەك بەرجەستە بێت دەبێتە گۆرانیەكی سەركەوتوو و خزمەت بەدەنگی گۆرانیبێژانی لاو و گوێچكە و هەست و نەستی بینەر و گوێگری كوردیش دەكات. لێرەوە دەمەوێت بڵێم كاتی ئەوە هاتووە سەرجەم میدیاكانی كوردوەك( سەتەلایت و تی ڤی و ڕادێو و ڕۆژنامەكان) هەوڵی جدی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی چیتر لەنێو ئەم گێژاوی بێسەروبەریەی دەرهەق بە گۆرانیی كوردی دەكرێت بێئاگا نەبین .
چونكە ئەگەر كار ئاوا بڕوات ستەمێكی گەورە دەرهەق بە هونەری گۆرانی و موزیكی نەتەوەییمان دەكرێت و هەموشمان بەرپرسین لەبەردەم ئایندەی هونەری گۆرانیگوتنی لاوان لە كوردستان و دەرەوەدا..!

 

هەڵبەست سەڵاح

© 2017 Hawler