کانونی دووەم 24, 2022

زۆرترین بینراو فه‌رهه‌نگ

Error: No articles to display

مارکیز چۆن بووە نووسەر؟

"گاردیەن" لەم دواییانە ڕاپۆرتێکی بە قەڵەمی "سام جۆردیسۆن" بڵاو کردووەتەوە لەسەر ئیلهام و سەرچاوەی نووسەریی "گابریەل گارسیا مارکیز"ی نووسەری دیاری کۆڵۆمبیایی و براوەی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیات لە ساڵی ١٩٨٢ی زایینی. لێرەدا سەرەنجتان دەخەینە سەر ڕاپۆرتەکە:

نووسەری "سەد ساڵ تەنیایی" بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی مەحاڵ کە گومانەکانی خوێنەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە، سوودی لە "کافکا" و چیرۆکەکانی داپیرەی وەرگرتووە. "گابۆ" لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ "پاریس ڕیۆیۆ" دەڵێت: "لە سەرەتای ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی هاتووە: ڕۆژێکی بیرم کردەوە کە، بۆ تا ئێستا نەمزانیوە بەم شێوەیەش دەکرێت بنووسرێت. ئەگەر بمزانیبایە زۆر لەمەوپێش دەستم بە نووسین دەکرد. بۆیە، یەکسەر دەستم بە نووسینی کورتەچیرۆک کرد".
دەبینین ئەم پرسە دەستپێکی ڕۆمانە بەنێوبانگەکەی "سەد ساڵ تەنیایی"ـمان بیر دەخاتەوە: چەندین ساڵ دواتر، لەبەردەم ئاگردان، سەرهەنگ ئائۆرلیانۆ بۆئیندیا بێ ئاگا دوانیوەڕۆیەکی دووری بیر دەکەوێتەوە کە باوکی بردبووی تا بووز (سەهۆڵ) بناسێت.
دەکرێت لە درێژەی ڕۆمانەکە کاریگەریی "کافکا" لەسەر "مارکیز" ببینین. گارسیا مارکیز، بیرۆکەی "ئەگەری ڕوودانی هەر شتێک هەیە"ی هەڵگرتووە و لەگەڵی دەچێتە پێش. لە یەکەمین پاژی سەد ساڵ تەنیایی، ڕووبەڕووی پیاوێک دەبینەوە کە پیر دەبێت و دووبارە جەحێڵ دەبێتەوە و ئێمە هۆشداری ڕوون و وردمان لەسەر ئایندە دەدرێتێ و چیرۆکەیلی سەیر و سەمەرمان گوێ لێ دەبێت وەک چیرۆکی ئەو مریشکەی کە ١٠٠ هێلکە دەکات. ناکرێت دونیا ئەم کتێبە بە بیرۆکەگەلی حەقیقی و فیزیکی سنووردار بکات، بەڵام بابەتێکی دیکە کە مارکیز لە کافکای وەرگرتووە و فێری بووە، ئەوە بوو کە "چەندی بیرۆکەکانیشت ئاڵۆز بن، دەبێت بە شێوەیەکی سادە بیانگێڕیتەوە". تۆ سەرت دەسووڕمێت بە دیتنی دونیا کە تیایدا سەهۆڵ بەقەدرا ڕۆحێک گرنگە کە لە حەمام ئازارت دەدات، دونیایەک کە تیایدا ئەگەری لەدایکبوونی منداڵێک بە کلکی بەراز وەک ڕاستییەکی ژیان هەژمار دەکرێت.
بەڵام تەنیا کافکا نەبوو کە ئیلهامبەخشی مارکیز بوو. ئەم نووسەرە کۆڵۆمبیاییە چەندین چیرۆکی بۆ داپیرەی دەگەڕێنێتەوە: "داپیرە، چیرۆکی فانتێزی و بانسرووشتی زۆر بە سادەیی دەگێڕایەوە.. ئەوەی کە لە هەمووان گرنگتر بوو، حاڵەتی ڕووخساری بوو. داپیرم کە چیرۆکی دەگێڕایەوە، بە هیچ شێوەیەک حاڵەتی ڕوخساری نەدەگۆڕی و ئەمەش هەموومانی غافڵگیر دەکرد. لە هەوڵەکانی پێشووم بۆ نووسینی سەد ساڵ تەنیایی، هەوڵم دا چیرۆکەکە بێ ئەوەی باوەڕی پێ بکەم، بگێڕمەوە. تێگەیشتم کارێک کە دەبێت ئەنجامی بدەم ئەوەیە خۆم باوەڕ بە چیرۆکەکە بکەم و بە هەمان ئەو شێوەیەی کە داپیرەم چیرۆکی دەگێڕایەوە، بیگێڕمەوە، بە ڕووخسارێکی قورس و نەگۆڕ".
یەکێک لە نمونە دیارەکانی ئەم ڕووخسارنەگۆڕییەی مارکیز لە سەرەتای کتێبەکە دەبینرێت کاتێک یەکێک لە "خوزە ئارکادیۆ"کان لە نێو حەمام دەمرێت. تەواو ڕوون نییە، بەڵام وا پێدەچێت بە گوللە لە مێشکی خۆی تەقاندووە. پاش بیستنی دەنگی گوللەکە، جۆگەلەی خوێن لە شاری ماکۆندۆ بەڕێ دەکەوێت و ئەم چیرۆکە هێندە سادە و سانا دەگێڕدرێتەوە هەر وەک ئەوەی چۆن خەڵک باسی ترافیک دەکەن. ئەم گێڕانەوەیە بە وردەکارییە هەستەوەرییە دەوڵەمەندەکەی، یەکێک لە نمونە بەردەستەکانە لە بڕاندی ڕیالیزمی جادوویی مارکیز.
چی غەمگینترە لە ڕژانی خوێنی کوڕێک تا گەیشتنی بە دایکێک لە ماڵەوە؟ یا گەمژانەتر؟ بۆچی ئێمە دەبێت حیساب لەسەر دونیایەک بکەین کە ئەگەری ڕوودانی هەر شتێک تیایدا هەیە؟ ئەمە دونیایەک نییە کە تیایدا هیچ شتێک بەهادار نییە؟ چونکە تەنیا یاساکەی حەز و ویستی نووسەرە؟ تا کوێ دەتوانین بەر بە ناباوەڕییەکانمان بگرین؟
من زۆرجار لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕیالیزمی جادوویی، تێڕوانینێکی نەرێنیم هەبوو، بەڵام کاتێک سەد ساڵ تەنیاییم دەخوێندەوە، توانیم ژاوەژاوی پشتی زەینم کپ کەم. کاتێک کە دوای جۆگەلەی خوێنەکە دەکەوتم، ئەم دەنگە نەیپرسی: "بەڕاست؟" بەڵام کاتێکیش کە جۆگەلەکە گەیشتە "ئورسۆلا"، بەرم بە ئاوازی ئیحساسم نەگرت. شتێک لەبارەی مارکیزەوە هەیە کە تا ئاستێکی زۆر یارمەتی داوە سەرکەوتوو لێی دەرچێت. ئەو دەڵێت: "ڕۆماننووس دەتوانێت دەست بۆ هەر کارێک بەرێت، تا ئەو کاتەی خەڵک بڕوا بە کارەکانی بکەن" و ڕەنگە جادووییترین شت لەبارەی نووسینەکانی مارکیز، هەر ئەمەیە کە ئێمە باوەڕی پێ دەکەین.
گابریەل گارسیا مارکیز، ١٢ ساڵی کۆتایی ژیانی بە شێرپەنجەی ڕژێنی دەرەقی بەسەر برد و لە ساڵەکانی دواییدا تووشی کێشەی ئاوەزی و ئەلزهایمەریش بوو. خراپی تەندرووستییەکەی لە ساڵانی کۆتایی، کۆمەڵگەی ئەدەبیات و ڕۆژنامەنووسانی دونیای تووشی دڵگرانی و مەرگیشی خوێنەرێکی زۆری لە سەراسەری دونیا تووشی غەم کرد. مارکیز کە بە یەکێک لە بەنێوبانگترین نووسەرانی ئەمریکای لاتین هەژمار دەکرێت، شەشی مارسی ١٩٢٧ی زایینی لە ئارکاتاکای کۆڵۆمبیا لەدایک بووە. "گابۆ" ئەو دەمەی کە لە زانکۆی نیشتمانی کۆڵۆمبیا لە بەشی یاسا دەیخوێند، بە شێوەیەکی جددی چووە نێو کاری ڕۆژنامەنووسییەوە. ئەم نووسەرە یەکەم چیرۆکی خۆی لە ساڵی ١٩٤٧ و لە ڕۆژنامەی "ئال ئیسپکتادۆر" بڵاو کردەوە و حەوت ساڵ دواتر یەکەم کورتە ڕۆمانی خۆی لە ژێر کاریگەری نووسەرانێکی وەک "ڤلیام ڤاکنەر" و "ڤێرجینیا وۆڵف" نووسی بە ناوی "زریانی گەڵا" و لە ساڵی ١٩٥٥ی زایینی چاپ بوو و دواتر شاکارەکەی سەد ساڵ تەنیایی لە ساڵی ١٩٦٧ چاپ و بڵاو بووەوە.
مارکیز بە درێژایی ژیانی نووسی و بەرهەمگەلێکی وەک "پاییزی باوکسالار" (١٩٧٥) و "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلێرا" (١٩٨٥) لە بەنێوبانگترین ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرەن. ئەم نووسەرە کۆڵۆمبییە شانسی ئەوەی هەبوو لە سەردەمی ژیانیدا دەوڵەمەند بێت و ڕەخنەگران بەسەریدا هەڵبدەن، ڕووداوێک کە زۆر کەم بۆ نووسەران ڕوودەدات. "گابۆ" لە پاش "میخائێل سێرڤانتس"ـی نووسەری سەدەی حەڤدەیەمی شاکاری "دۆن کیشۆت"، بە خۆشەویستترین نوسەری ئیسپانۆلی زمان هەژمار دەکرێت.
جگە لە خۆشەویستییە ئەدەبییەکەی، مارکیز بە ئەفڕاندنی شێوازی ئەدەبی "ڕیالیزمی جادوویی"ـیش نێو و نێوبانگێکی زۆری پەیدا کرد. سەرەڕای ئەمەش، ئەمانە تەنیا شانازییە ئەدەبییەکانی مارکیز نین، بەڵکو وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێڵیش لە دیسەمبەری ساڵی ١٩٨٢، وەک بەنێوبانگترین خەڵاتی ئەدەبی دونیا، خۆی دەستکەوتێکی گەورە و مێژوویی بوو.

 

شۆڕش غەفووری - هەولێر

© 2017 Hawler